ژنێک دوای ڕێگرییەکان بە ئامانجەکەی دەگات

لەدوای چەندین هەوڵدانی جۆراوجۆر لە بەرامبەر بەربەستەکانی بەردەمی، دواجار "سوڵتان تافادار"دەبێتە ڕاوێژکاری شاژنی بەریتانیا.

ناوەندی هەواڵ

سوڵتان تافادار، ژنێکی بە ڕەگەز بەنگلادیشییەو دانیشتوی بەریتانیایە، یەکەم ژنە کە بەرزترین پلەی پارێزەری لە ئینگلتەرا بەدەستهێناوە و بووەتە "ڕاوێژکاری شاژن"ی بەریتانیا.

 

ئەم ژنە لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە چیرۆکی ژیانی خۆی کرد و ئەو ڕێگری و بەربەستانەی خستەڕوو کەلە ماوەی کارکردن و هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی پێگەکەی هاتوونەتە ڕێگای.

 

ئەو ژنە ڕەنجەدەرە کێیە؟

سوڵتان تافادار، لە خێزانێکی بەنگلادیشی لە ناوچەی لوتون لە نزیک شاری لەندەن لەدایک بووە، لە ٢١ی ئادار لە کۆی هەزار و ٩٢٨ پارێزەر، بووە ڕاوێژکاری شاژنی ئینگلتەرا.

 

هەڵگرانی ئەم پۆستە ئەرکیان ئەوەیە ئامۆژگاری دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکەن لەسەر مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتیەکان.

 

لە باسی گەیشتن بەم پلەیە ئەو ژنە ڕوونیکردەوە، کە گەشتەکەی بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە ئاسان نەبووە بەڵکو گەشتێکی سەخت و درێژ بووە.

 

"سەرپۆشەکەم بووەتە ڕێگر لەبەردەم کارەکانم"

سوڵتان ئاماژەی بەوەدا لە کۆی هەزار و ٩٢٨ پاڵێوراو بۆ ئەو پۆستە ٥٧٥ کەسیان ژن بوون و لە کۆی ژمارەی ئەو ژنانە تەنها دوو ژن سەرپۆشیان دەکرد، ئەو یەکێکە لەو ژنانەی کە سەرپۆشی کردووە و توانیویەتی پۆستەکە بەدەستبهێنێت.

وتی: "زۆر خۆشحاڵم بە بەدەستهێنانی پۆستەکە، چونکە خەونی هەموو پارێزەرێکە، بە تایبەت بۆ ئەو ژنانەی سەرپۆش دەکەن چونکە لە ماوەی کارکردنیاندا چەندین ڕێگری و بەربەست دێتە ڕێیان تەنها لەبەر ئەوەی سەرپۆشیان کردووە".

 

ڕوونیکردەوە، سەپۆشەکەی ڕێگری زۆری لێکردووە و بووتە جێگای پرسیار لای پارێزەران و دادگا، کە دەبێت کاری ئەم ژنە چی بێت و بە چ سیاسەتێک کار بکات، دەڵێت: "لەگەڵ ئەوەی بەشی زۆری پارێزەرەکان دەمناسن بەڵام لێم دەپرسن کە کێم و چیم دەوێت".

 

"جیاکاری لە فەڕەنسا ڕێگریکردنە لە ئازادی ڕادەربڕین"

ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فەڕەنسا دەریکردبوو دوو هەفتە بەر لە دانانی ئەو ژنە وەک ڕاوێژکاری شاژن، بڕیارێکی تەواو جیاکاری بوو.

 

ڕوونیکردەوە لە وڵاتی فەڕەنسا ڕێگە بەو ژنانە نادرێت کە سەرپۆش لەسەر دەکەن بچنە پێگە و پلەی باڵاوە، ئەمەش کارێکی تەواو جیاکارییە کە دەکرێت بەرامبەر بە ئاین و ڕەگەزە جیاوازەکان.

 

ئاماژەی بەوەشدا، ژنانی سەرپۆش لەسەر لە وڵاتی فەڕەنسا لە زۆر بواردا ڕێگرییان لێدەکرێت، تایبەت ترینیان بواری وەرزشییە، پێشی وایە جیاکاریکردن بە گشتی و ئاین بە تایبەت ڕێگریکردنە لە دەربڕینی بیروڕای ئازاد.

 

"پێویستە ژنان بەردەوام بن لە کۆڵنەدان"

لە کۆتاییدا سوڵتان پەیامی خۆی بۆ هەموو ژنان بێجیاوازی ڕاگەیاند و وتی: "ئەو ژنانەی بە چەندین ڕێگای جیاواز و جۆراوجۆر ڕێگرییان لێدەکرێت نا ئومێد نەبن، بەڵکو بەردەوام بن لە هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکانی بەردەمیان".

 

هیوای خواست گەیشتن بەو پلەیەی کە ئێستا تیایدایە ببێتە مۆدێلێک بۆ ژنان، بە جۆرێک خزمەت بکات کە ژنان بتوانن هەوڵ بۆ سەرکەوتنەکانیان بدەن.