ژنانی زیندانی ئێڤین لە مافە سەرەتاییەکانی ژیان و حزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بێبەش کراون
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، نیگەرانییەکان سەبارەت بە تەندروستی ژنانی زیندانی سیاسی زیادیکردووە، بێبەشکردنی بەردەوامی لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، بەتایبەتی ئەو زیندانیانەی پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە، تەندروستی و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران دەربارەی بارودۆخی زیندانیانیی سیاسیی لە زیندانی ئێڤین ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ژنانی زیندانی سیاسی لە زیندانی ئێڤین لە مافە سەرەتاییەکانی ژیان و حزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بێبەشکراون و زۆرێک لەو زیندانیانە نەخۆشی جۆراوجۆریان هەیە و پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی و خۆراکی کوالیتی نزم وایکردووە، نەک تەنها زیندانیانی نەخۆش چاک نەبنەوە، بەڵکو زیندانیانی تەندرووستیش نەخۆش بکەون، ئەمەش مەترسی گەورە لەسەر تەندروستی زیندانییەکان هەیە.
باس لەوەشکراوە، لە هەندێک بەشەکاندا جێگای خەوتنی تەواوی نییە و زیندانییەکان ناچار دەبن لەسەر زەوی بخەون، هەروەها تێچووی سەرەتایی خۆراک و تەندروستی و چاودێری پزیشکی دەخرێتە سەر خودی زیندانییەکان و ئەمەش فشاری زیاتر دەخاتە سەریان.
چاودێرانی مافەکانی مرۆڤ ئەم کارە بە نموونەی “ئەشکەنجەی سپی” دادەنێن چونکە زیندانییەکان بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ئەشکەنجە بدرێن، لە ڕێگەی بێبەشکردن لە چارەسەر فشاری دەروونییان لەسەر دەکرێت، بەردەوامی ئەم کارە دەبێتە هۆی مردنی وردە وردە زیندانیانی نەخۆش.