شەهلا شەهبازی ئەفغانی: دەبێت پێکەوە خەبات بکەین بۆ سەرکەوتن

شەهلا شەهبازی ئەفغانی کاردانەوەی بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەربڕی و هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بانگهێشت کرد بۆ خەباتی هاوبەش تا سەرکەوتن.

بەهاران لاهیب

 

تەخار- وڵاتانی ئیمپریالیست بۆ فرۆشتنی چەکەکانیان و فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان ئاگری شەڕیان هەڵگیرساند، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتیوانی ئەقڵیەتی فاشیستییان کردووە و لە سووریاش بۆ پێشخستنی ئامانجەکانیان سوودیان لە بناژۆخوازان وەرگرتووە، هەروەها لەو وڵاتانەی کە شەڕی ڕاستەوخۆی تێدا نییە، پشتیوانی حکومەتەکانی وەک تاڵیبان دەکەن.

 

لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردووەتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشی کردووەتە سەر ئەم ناوچەیە بۆ ئەوەی بتوانێت سەروەری بخاتە ژێردەستی خۆیەوە، هێرشە بەردەوامەکانی ئەم دەوڵەتە بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون، ژن و منداڵی بێتاوانی خستووەتە مەترسییەوە، ژنانی ڕۆژئاوا کە ساڵانێکە بەرەنگاری داعش و هێزە داگیرکەر و چەتەکان بوون، ئێستا ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکی دیکە بوونەتەوە.

 

لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا ژنانی ئەفغانستانیش وەک ناڕەزایەتییەک دەنگیان بەرزکردۆتەوە و ئەم دەستدرێژییەیان شەرمەزار کردووە و باسیان لە ئازارە هاوبەشەکانیان کردووە، بە جەختکردنەوە لەسەر هاودەنگیی نێوان ژنانی ناوچەکە، داوای یەکڕیزییان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم.

 

شەهلا شەهباز، یەکێک لە چالاکوانانی مافی ژنان و یەکێک لە ژنانی ناڕازی پارێزگای تەخاری ئەفغانستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، بەدواداچوون بۆ هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، کەوتنی ناوچەکانی سووریا بە دەستی هێزەکانی داعش، کۆمەڵکوژی منداڵ و ژنانی فەڵەستینی لە خوێندگە و مزگەوتەکاندا، بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل دەکەم، وەک ژنێک بە پێست و ئێسکەکانم هەست بە ئازاری ئەم کەسانە دەکەم.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەم دیمەنانە بۆ من زۆر بە ئازارن، چونکە من لە خاکێکدا دەژیم کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە خەڵکەکەی بە خەنجەری دیموکراسی و ئیسلامی ساختە لێیان دەدرێت، ئەو تاوانانەی کە ئەمڕۆ لە وڵاتانی دیکەدا دەگوزەرێت، خەڵکی وڵاتەکەم ئەزموونی کردووە و ئێستاش ئەزموونی دەکەن، ئازاری نادادپەروەری و کوشتن و دەستدرێژی و خیانەت بۆ ئێمە تازە نییە. ژنانی ئەفغانستان لە ماوەی ئەم چوار دەیەیەدا شاهیدی هەموو ئەم کارەساتانە بوون.

 

شەهلا شەهباز لە کۆتاییدا وتی: ئێمەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت یەکبگرین و داوا لە پیاوە بە ویژدانەکانی خاکەکانمان بکەین کە لە تەنیشتمان بوەستن، چەک هەڵبگرن و لەگەڵ ئێمەدا و خەڵکی کۆبانی و ڕۆژئاوا شەڕ بکەن، ئەگینا هەموو ڕۆژێک شاهیدی تاوان و خیانەتێکی نوێ دەبین لە وڵاتانی دراوسێمان، کەواتە بەرزکردنەوەی دەنگمان مافی هاوبەشی ئێمەیە، دەبێت تێبکۆشین بۆ ئەوەی سەرکەوین، پێویستە ژنان ئاگادار بن کە تێکۆشان کردن بۆ دادپەروەری و ماف و ئازادی تاکە ڕێگایە بۆ دەربازبوون لە زنجیرەی ستەمکاران.