ژنانی ئێزدی: ئاسایشی شنگال پەیوەستە بە ئایدۆلۆژیای ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە

ژنانی ئێزدی دووپاتی دەکەنەوە کە سەقامگیری شنگال دەگەڕێتەوە بۆ ئایدۆلۆژیای ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، خواستی خۆیان بۆ بینینی ئەو لە نێو خۆیاندا دەربڕی و جەختیان لەسەر ئامادەییان کردەوە بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بۆ گەیشتن بە ئازادییە جەستەییەکەی بخەنەگەڕ.

گوڵستان عەزیز

 

شنگال- شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان دژی نکۆڵی مافی هیوای ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەرەو هەڵکشان دەچێت و لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ڕۆژێک بانگەوازی ئازادی جەستەیی بەرزتر دەبێتەوە، لە شنگال، دایکانی ئێزدی لە بوارە جیاوازەکانی کار و کۆمەڵگەدا درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن، دیدێکی ڕوون و هەستێکی قووڵیان هەیە سەبارەت بە پرسی ئازادیی ڕێبەرەکەیان، دووپاتی دەکەنەوە، کە دەنگ و ئایدیۆلۆژی ئەو هێشتا دەنگدانەوەی هەیە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا.

کنێ خدر، وتەبێژی کۆمێنەی سەردەشت، جەختی لە گرنگی داواکاری بۆ داننان بە مافی هیوای رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کردەوە، ئەزمونیی گێڕایەوە و وتی: لە ٣ی ئابی ٢٠١٤کاتێک کۆمەڵکوژیەکە ڕوویدا، ئەو هێزانەی ئامادەبوون لە ناوچەکە وازی لێهێناین و بۆ چارەنووسی خۆمان جێیانهێشتین، لەو ساتەدا بانگەوازی ڕێبەر گەیشتە دەستمان، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا ئایدۆلۆژیای لە نێو ئێزدییەکان لە چیای شنگالدا بە ئامادەیی ماوەتەوە، لە سایەی ئەم ئایدۆلۆژیایە زیاتر هۆشیار بووین، ڕیزەکانمان ڕێکخست و هێزی بەرگریمان پێکهێنا و ئەنجومەن و دامەزراوە جیاوازەکانمان دامەزراند.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بانگەشە بۆ شەڕ ناکات، ڕەتکردنەوەی توندوتیژی دووپاتکردەوە، وتی: ڕێبەر دووپاتی دەکاتەوە، کە هیچ کێشەیەک بە شەڕ و کوشتن چارەسەر ناکرێت، بەپێی دیدگای ئەو مرۆڤایەتی دەبێت لە ڕێگەی هزر و هۆشیاری و سیاسەتەوە کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، ئەگەر خێڵەکان بەردەوام بن لە کوشتنی یەکتری، ئەوا هەرگیز ئاشتی بەدی نایەت تا جیهان بوونی هەبێت، تەنها کاتێک خەڵک کۆببنەوە و یەکبگرن کۆمەڵکوژی ڕادەگیرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێزدییەکانیش دەبێت خۆیان بناسن و هۆشیارییان بەهێز بکەن و خۆیان ڕێکبخەن، دەبێت بتوانن هاوکاری هەموو گەلان و ئایینەکان بکەن و خۆیان لە کۆمەڵکوژییەکان بپارێزن، ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە لە هزری ڕێبەرەوە فێربووین.

 

"ڕێبەر بەهۆی ئایدۆلۆژیاییەکەیەوە زیندانی کراوە"

ڕوونیشی کردەوە، لە چاوی ژنانی ئێزدیدا، ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان نوێنەرایەتی ئازادیی هەموو پێکهاتەکە و ژنانی ئێزدی بەتایبەتی دەکات، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئەو لە دامەزراندنی بەهاکانی ئاشتی مرۆڤایەتی و ڕایگەیاند کە پرسەکە چیتر تەنها بە کورد و ئێزدیەکانەوە سنووردار نییە، بەڵکو ئێستا پەیوەندی بە هەموو مرۆڤایەتییەوە هەیە، ئایدۆلۆژیای ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر بنەمای ئاشتی و پێکەوەژیان دامەزراوە و دیدگاکەی ڕەهەندێکی مەۆڤی فراوانی هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ٢٧ ساڵ زیندانیکردنی ناڕەوا بووە، بانگەوازی وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە تامەزرۆی ئازادین لە تەنیشتی بوەستن و بیپارێزن، وتی: لە زینداندا دەیهێڵنەوە، چونکە هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکی جیاوازە، هەروەها لەبەرئەوەی ترسیان لە کاریگەریی بیرۆکەکانی هەیە، ئەگەر فەیلەسوف و دیدەوان نەبووایە، ئەوەندە شوێنکەوتووی بەدەست نەدەهێنا، ئێزدی و عەلەوی و کورد و عەرەب و ئەوانی دیکەش کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیای ئەو و لە دیدگاکەی فێربوون.

 

"ئێمە لە سایەی ئایدۆلۆژیای ڕێبەرەکەماندا سەرکەوتوین"

نەسرین زۆراڤای، ڕێکخەری کۆمینەی زۆراڤا ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ ئایدۆلۆژیەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئاشنا بوون و لە بونیادنانی ڕێکخراو و دامەزراوەکانیان پشتیان پێ بەستووە، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان زۆری بەخشیوەتە ژنان و بە ئاماژەدان بە لێدوانەکەی کە وتی: ژنێکی ئازاد واتە نیشتمانێکی ئازاد، ئازادی کۆمەڵگەش بەدی نایەت تا ژنان ئازاد نەبن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی ئێزدی داوای ئازادی جەستەیی ئەو دەکەن، چونکە ئایدۆلۆژیاکەی دوای ئەو کۆمەڵکوژییەی کە زیانێکی بێئەندازەی لێکەوتەوە، سەرچاوەی پشتیوانی بوو بۆیان، بەهۆی دیدگای ئەوەوە توانیویانە سەرلەنوێ هەستنەوە و بەرگری لە خۆیان بکەن و لە شوێنە جیاوازەکاندا شەڕ بکەن، وتی: ئەگەر جیهان ئایدۆلۆژیای ڕێبەری گرتبایە، ئەو هەموو شەڕانە سەریانهەڵنەدەدا، ئێمەش شاهیدی ئەو هەموو کۆمەڵکوژیانە نەدەبووین، ڕێبەر هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئێمە ئازادی و پێکەوەژیانمان دەوێت بۆ هەموو گەلان، ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی شەڕەکان لە زۆر شوێنی جیهاندا هەڵگیرساون، شنگال بە ئارامی و جوان و دوور لە ململانێ دەمێنێتەوە و ئەمەش لە سایەی ئایدۆلۆژیای ڕێبەرەوە بەدیهاتووە.

 

"ئێمە ڕێبەر لەبیر ناکەین، هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ ئازادی ئەو دەیکەین"

تەورێ خەڵەف، ڕێکخەری تەڤگەری کۆمینی بۆرەک، هەستی خۆی سەبارەت بە ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەربڕی و ڕایگەیاند، کە ٣ی ئابی ٢٠١٤ ساتێکی سەرەکی بوو، وتی: ئەگەر ئەو ڕۆژە ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵمان نەبوایە، هیچ کام لە ئێمە لە ژیاندا نەدەبووین، هەرگیز بەرخۆدانی ئەو لەبیر ناکەن و هەموو شتێک لە تواناماندایە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ئەو دەکەن.

 

ڕوونیکردەوە، ئایدیۆلۆژیای ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هێزی ئەوەی پێبەخشیون کە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکان ببنەوە و چەقبەستوو بوەستن، ئەوان شەڕیان ناوێت بەڵکو هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەدەن لە ڕێگەی سیاسەت و دیالۆگەوە، وتی: ڕێبەر دەیەوێت پشت بەخۆمان ببەستین و ژیانی خۆمان بەڕێوەببەین و خۆمان بپارێزین، ئەمڕۆ ڕێبەر بەناڕەوا زیندانی کراوە، هیوادارین ڕۆژێک بێت کە لەسەر چیای شنگال بیبینین، پێکەوە کاربکەین و بەهەمان ڕێگادا بڕۆین.