‌ژنانی ئێزدی بە ئیرادەی گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٦، ژنانی ئێزدی ئیرادەی خۆیان بۆ بەهێزکردنی خەبات و زیادکردنی بەرخۆدان دووپاتکردووەتەوە، هاوکات هیوایان بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووتر و دادپەروەرترە.

شنگال

 

ژنانی ئێزدی بە ئیرادەیەکی نوێوە خۆیان بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ ئامادە دەکەن، لە ساڵی ٢٠٢٥دا تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ"ڕۆڵێکی بەرچاوی لە خەبات بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕێکخستنی ژنانی ئێزدی، پاراستنی ئامادەیی بەهێزی لە بۆنە و چالاکییە جیاوازەکاندا بینی.

 

بە دەستپێکی ساڵی نوێ، ژنانی ئێزدی بڕیاریان داوە خەباتی خۆیان چڕتر بکەنەوەو بەرخۆدانیان فراوانتر بکەن، دووپاتی دەکەنەوە، کە قۆناغی داهاتوو شایەتحاڵی هەنگاوی بەهێزترو یەکلاکەرەوەتر دەبێت لە گەشتی ژنانی ئێزدی بەرەو ئازادی و دادپەروەری.

 

"ساڵێک لە ئاشتی و یەکڕیزی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی"

خالیدە جەمال، ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی شنگال، بەبۆنەی ساڵی نوێوە پیرۆزبایی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم ژنانی کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی"تاژێ" بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٥ لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان و بۆ قسەکردن لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە ژنانیان کردۆتە ئامانج، چەندین چالاکیی و بۆنەی سازکردووە، وتی: چەند دەستپێشخەری و لێدوانێکمان دەستپێکرد.

 

وتیشی: وەک پێکهاتەیەکی ئێزدی، سەرەڕای ئەو جینۆساید و کۆمەڵکوژیانەی کە شاهیدی بووین، هەرگیز وازمان لە باوەڕ و ڕێبازەکەمان و نەریتەکانمان نەهێناوە، ئێمە ئاواتەخوازین کۆمەڵگەکەمان لە ساڵی نوێدا گەشاوەتر بدرەوشێتەوە، کولتوور و باوەڕەکەی پیشان بدات، ئەمساڵ لە کەشێکی ئارامدا جەژنەکانمان پیرۆز کرد و لە سایەی خەبات و تێکۆشانمان شنگال بەهێزتر و جوانتر دەبێت، هیوادارین گەلەکەمان کە هێشتا لە کامپەکاندان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و گوندەکانیان بۆ ئەوەی بە ئارامی و هاوسەنگی لەگەڵمان بژین.

 

ئامانجەکانی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" بۆ ساڵی نوێ ڕوون کردەوە: ئێمە هەوڵ دەدەین بگەینە هەموو ئەو ژنانەی کە هێشتا ئاشنای بیرۆکەکانی ڕێبەر ئۆجالان نین و ئاواتەخوازین بڵاویان بکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان ڕێکبخەن و پەروەردە بکەن، بەمەش ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا بەهێزتر دەبن و ئامادەیی خۆیان لە خەباتی ئازادیدا بەرزتر بکەنەوە.

 

“ساڵی هیوا”

هەروەها نەعام بەدەل، ئەندامی لیژنەی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ"، پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێ لە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و تەڤگەرەکانی ژنان کرد: هیوادارین ساڵی ٢٠٢٦ ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلەکەمان، هیوادارین ساڵی ئازادی جەستەیی بێت بۆ ڕێبەرەکەمان، ئازادی بۆ گەلەکەمان، ئازادی بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو، ئاواتەخوازین ساڵی یەکسانی و دادپەروەری بێت، ساڵێک کە تێیدا خوێنڕشتن و کۆمەڵکوژییەکان وەستان و ئاشتی جێگیر بێت، هیوادارین بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" کە لەلایەن ڕێبەر ئۆجەلانەوە دەستیپێکردووە، سەرکەوتوو بێت و ڕەگ و ڕیشەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا داکوتێت.

 

"ساڵێ پڕ لە خەبات و بەرخۆدان بوو"

پێیوایە ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێکی دوو تایبەتمەندی بووە، هەم خۆشی و هەم ئازاری لەناو خۆیدا هەڵگرتووە، وتی: ساڵێکی پڕ لە خەبات و بەرخۆدان بوو، ڕووبەڕووی هێرشی توندوتیژ بووینەوە کە لەو ماوەیەدا چەندین شەهیدمان پێشکەش کرد، بە سوپاسەوە یادیان دەکەینەوە و هێز لە یادەوەرییان وەردەگرین، سڵاو لە خێزانەکانیان دەکەین کە گرانترین قوربانییان دا، باجێکی قورسمان دا، بەڵام لە بەرامبەردا چەندین پەیاممان لە ڕێبەر ئۆجالانەوە پێگەیشت کە ئاراستەی کۆمەڵگە و ژنانی ئێزدی کردبوو، هەوڵماندا بە قووڵی لەو پەیامانە تێبگەین، گفتوگۆ و بیروڕامان لەسەریان ئاڵوگۆڕ دەکرد، بۆ ئەوەی ببنە چرایەک بۆ ئێمە لە ڕێپێوانی خەبات و ئازادیدا.

 

وتی: ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە بگەینە ئەو ژنانەی کە هێشتا ئاشنای بیرۆکەکانی ڕێبەر ئۆجالان یان ڕێکخراوەکەمان نین، هەروەها ئاشنایان بکەین بەو بیرۆکانە تا بتوانن خۆیان لە نادادپەروەری و ستەم و کۆمەڵکوژی ڕزگار بکەن و لەسەر ئەم بناغانە ڕێکخراوێکی بەهێز بونیاد بنێن کە لە بەرامبەر ناخۆشیەکاندا پتەو بوەستێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هیوامان ئەوەیە ئەمساڵ ساڵی ئازادی ژنان بێت، ساڵێک کە تاوانەکانی کوشتنیان کۆتایی پێبێت، خۆکوشتن لەنێو ژنان و گەنجاندا کۆتایی پێبێت، دیاردەی هاوسەرگیری منداڵ کەمببێتەوە، منداڵیش لەم کارانە پارێزراو بێت، بۆ ئەوەی ساڵی ٢٠٢٦ دەستپێکی سەردەمێکی نوێی دادپەروەری و شکۆمەندی بێت.

 

لە کۆتاییدا نەعام بەدەل لە کۆتاییدا قسەی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی کرد و وتی: ئێمە بەردەوامین لە داواکردن لە گەلەکەمان بگەڕێنەوە بۆ شنگال، بەو پێیەی زێدی سروشتی خۆیانە و باشتر بووە لە پێشتر، ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان گەڕاونەتەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون.