ژنانی ئوسترالیا پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژئاوا ڕاگەیاند

ژنانی ئوسترالیا بە دروشمی”ئێمە بە هاودەنگی لەگەڵتان دەوەستینەوە” پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژئاوا و ژنانی شەڕڤان دەربڕی و ڕایانگەیاند، کە ژنانی کورد بە جیهانیان نیشانداوە چۆن پڕۆژەیەکی سۆسیالیستی و فێمینیست دەستپێدەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ئەندامانی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ئوسترالیا لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتیوانی خۆیان بۆ ژنان و ڕۆژئاوای کورستان ڕاگەیاند.

 

سو بولتون، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی میریبیک لە شاری ملبورن لە ئوسترالیا و ئەندامی هاوپەیمانی سۆسیالیستی ڕایگەیاند: ئەزموونی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ لە ڕۆژئاوا، لەسەر بنەمای ماف و یەکسانی بۆ هەموو نەتەوە و ئاینییەکان بە ژنانیشەوە، ئیلهامێکی جیهانییە، لە کاتێکدا سەرکردەکانی جیهان هەوڵدەدەن دەسەڵاتی خۆیان لەسەر بنەمای ڕق و کینە ڕەگەزییەکان لە دژی گرووپەکانی دیکە، چ نەتەوەیی یان ئایینی، لە کۆمەڵگەدا بچەسپێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕوودەدات کارەساتێکی جینوسایدە، کە کورد ڕووبەڕووی هەوڵی وەدەرنان و گۆشەگیری دەکاتەوە، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی هاوپشتی جیهانی لەگەڵ خەڵکی کۆبانی و ڕۆژئاوا کردەوە.

 

سو بولتون لە کۆتاییدا وتی: بژی ڕۆژئاوا و هیوادارم هاوسۆز لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بوەستین کە خەبات دەکەن بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگەکەیان لە کۆبانێ.

 

ڕاشێل ئیفانز، لە هاوپەیمانی سۆسیالیستی لە سیدنی ئاماژەی بووەکرد، ڕۆژئاوا یەکەمین شۆڕشی ژنانە بە پێشەنگایەتی فرە نەتەوەیی کورد، ئەم شۆڕشە ئیلهامبەخش دەبێت بۆ ژنان لە سەرانسەری جیهان بۆ وەستانەوە دژی توندوتیژی و ستەم، هەر بۆیە دەبێت لەگەڵ ڕۆژئاوا بووەستین، با ئەوەی هەمانە بیپارێزین و پەیامی ڕۆژئاوا بۆ جیهان بڵاوبکەینەوە.

 

بیب هینمان، سەرنووسەری ڕۆژنامەی “اليسار الأخضر” ئوسترالی، تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکانی ژنان لە ڕۆژئاوا و وتی: ئەوان بە دونیایان نیشانداوە کە چۆن پڕۆژەیەکی سۆسیالیستی و فێمینیست دەستپێدەکات، ئێستا هەست بە قەرزاری و سوپاسگوزاری دەکەم، نەک تەنها بۆ ژنە تێکۆشەرەکان، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەی بەشدارن لەم هەوڵە نوێیە گرنگ و پێشکەوتنخوازانەدا بۆ بونیادنانی سیستەمێکی سیاسی نوێ.

 

ئارلۆ، ئەندامی بزووتنەوەی هاوپشتی سۆسیالیستی لە سیدنی، خۆشەویستی خۆی بۆ ژنانی کورد دەربڕی، وتیشی: پەیامێکی هاودەنگی بۆ خەڵکی ڕۆژئاوا دەنێرم، بەتایبەتی بۆ ئەو ژنانەی کە بەرگری لە یەکەمین شۆڕشی فێمینیست و سۆسیالیستی و ئیکۆلۆژی و ئازادی دەکەن.