ژنانی ئوسترالیا هاوسۆزی خۆیان بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوا ڕاگەیاند

ئەندامانی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ئوسترالیا لە ڕێگەی گرتە ڤیدیۆییەکانەوە کە دەستەواژەی وەک ''ئێمە بە هاودەنگی لەگەڵتان دەوەستینەوە'' پشتیوانی خۆیان بۆ ژنان و خەڵکی ڕۆژئاوا دەربڕی.

بنەفش ستێرک

 

ناوەندی هەواڵ- دوابەدوای هێرشی چەتەکانی هەتەشە و بەکرێگیراوانی سەر بە تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنان لە سەرانسەری جیهان دەنگی خۆیان بەرز دەکەنەوە بۆ شەرمەزارکردنی بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو بارەیەوە.

 

سو بولتون، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی میریبیک لە شاری ملبورن لە ئوسترالیا و ئەندامی هاوپەیمانی سۆسیالیستی، ڕایگەیاند، کە ئیلهامێکی قووڵی وەرگرتووە لەوەی کە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا کە زۆرینەی کوردن ڕوودەدەن.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەزموونی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ لە ڕۆژئاوا، لەسەر بنەمای ماف و یەکسانی بۆ هەموو نەتەوە و ئاینییەکان بە ژنانیشەوە، ئیلهامێکی جیهانییە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێموایە ئەمە بە شێوەیەکی ناباوەڕ ئیلهامبەخشە لە کاتێکدا سەرکردەکانی جیهان هەوڵدەدەن دەسەڵاتی خۆیان لەسەر بنەمای ڕق و کینە ڕەگەزییەکان لە دژی گروپەکانی دیکە، چ نەتەوەیی یان ئاینی، لە کۆمەڵگەدا بچەسپێنن''.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕوودەدات کارەساتەکانی جینۆساید لە وڵاتانی وەک سریلانکا، میانمار و فەلەستینمان بیردەخاتەوە، هەروەها ئەمڕۆ کوردیآ ڕووبەڕووی هەمان هەوڵی وەدەرنان و گۆشەگیری دەبێتەوە.

 

سو بولتون جەختی لەسەر پێویستی هاوپشتی جیهانی لەگەڵ خەڵکی کۆبانی و ڕۆژئاوا کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێوە پێشەنگ بوون لە مافەکانی ژنان، هەروەها دەتوانن وڵاتێکی وەک ئوسترالیا تێپەڕێنن لەوەی کە پێشکەشی ژنان دەکەن، بژی ڕۆژئاوا و هیوادارم هاوسۆز لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بوەستین کە خەبات دەکەن بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگەکەیان لە کۆبانێ''.

 

''شۆڕشێکی فرە نەتەوەیی ژنان''

ڕاشێل ئیفانز، لە هاوپەیمانی سۆسیالیستی لە سیدنی ڕایگەیاند، ڕۆژئاوا یەکەمین شۆڕشی ژنانە بە سەرکردایەتیی فرە نەتەوەیی کورد، هەروەها "ئەم شۆڕشە ئیلهامبەخش دەبێت بۆ ژنان لە سەرانسەری جیهان بۆ وەستانەوە دژی توندوتیژی و ستەم، هەر بۆیە دەبێت لەگەڵ ڕۆژئاوا بوەستین، با ئەوەی هەمانە بیپارێزین و پەیامی ڕۆژئاوا بۆ جیهان بڵاوبکەینەوە".

 

بیب هینمان، سەرنووسەری ڕۆژنامەی "اليسار الأخضر" ئوسترالی، خواستی خۆی دەربڕی بۆ ناردنی پەیامێکی تایبەتی هاوسۆزی بۆ ئەو ژنانەی کە خەبات دەکەن بۆ بەرگریکردن لە کۆبانێ.

 

بیب هینمان تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکانی ژنان لە ڕۆژئاوا و وتی: "ئەوان بە دونیایان نیشانداوە کە چۆن پڕۆژەیەکی سۆسیالیستی و فێمینیست دەستپێدەکات، ئێستا هەست بە قەرزاری و سوپاسگوزاری دەکەم، نەک تەنها بۆ ژنە تێکۆشەرەکان، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەی بەشدارن لەم هەوڵە نوێیە گرنگ و پێشکەوتنخوازانەدا بۆ بونیادنانی سیستەمێکی سیاسی نوێ".

 

"دەبێت حکومەتەکەمان ئەم سەرکوتکردنە شەرمەزار بکات"

بیب هینمان جەختی لەسەر پێویستی شەرمەزارکردنی ئەم دڕندەییە کردەوە و وتی: ئێستا زۆر گرنگە حکومەتەکەمان هەڵبستێت و لە دژی ئەم کۆمەڵکوژییە بەردەوامەی ژنان، منداڵان، پیاوان و هەموو ئەوانەی هەوڵی بەرگریکردن لە کۆبانێ دەدەن، قسە بکات.

 

ئارلۆ، ئەندامی بزووتنەوەی هاوپشتی سۆسیالیستی لە سیدنی، خۆشەویستی خۆی بۆ ژنانی کورد دەربڕی: "پەیامێکی هاودەنگی بۆ خەڵکی ڕۆژئاوا دەنێرم، بەتایبەتی بۆ ئەو ژنانەی کە بەرگری لە یەکەمین شۆڕشی فێمینیست و سۆسیالیستی و ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنان دەکەن".