ژنانی ئێران: لە فشاری ئابوورییەوە بۆ بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی

ژنان لە یەکەم کەسەکانن کە لە کاتی قەیرانەکاندا مەترسییان لەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا توانای ئەوەیان هەیە کە ببنە هێزێکی بزوێنەر لە بونیادنانەوەی کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی چالاکی مەدەنی.

ماریا کەریمی

 

چالاکبوونی "میکانیزمی وروژێنەر لە ئێران" کە بە واتای گەڕانەوەی گەمارۆ هەمەلایەنەکان و فشارە ئابووری و سیاسییە فرە چینەکانە، نەک هەر پێکهاتەی ئابووری گشتی دەکاتە ئامانج، بەڵکو گۆڕانکاری قوڵ و زۆرجار نەرێنی لە پەیکەری پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا دەهێنێتە ئاراوە، لەم پێوەندییەدا ژنان بە هۆی پێگەی مێژووی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی ئێراندا تووشی توندترین و وێرانکەرترین دەرئەنجامەکان دەبن، هەرچەشنە قەیرانێکی ئابووری لە ئێراندا وەک کۆمەڵگەکانی دیکەی گەشەسەندوو، بەپەلە لە بواری بژێوی ژیاندا هەست دەکرێت، کە ژنان وەک کرێکار و پایەی سەرەکی بنەماڵە قورسای بارگرانییەکان لە ئەستۆ دەگرن، لەگەڵ داڕمانی دراوی نیشتمانی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و چەقبەستووی ئابووری بەرفراوان، زۆرێک لەو ژنانەی کە لە کەرتی نافەرمی و بازرگانی بچووکدا کاردەکەن، دەبنە قوربانی یەکەمی ئەم فشارانە، کە ئەم ڕەوتە یان پاڵیان پێدەنێت بەرەو بێکاری و بێ ماڵ و حاڵ یان ناچاریان دەکات بچنە ناو بازاڕە ناجێگیرەکانی کارەوە کە پاراستنی کۆمەڵایەتییان نییە، لەم نێوەندەدا ڕۆڵی نەریتی چاودێری و کاری ناوماڵ بەهێزتر دەبێت و بارگرانی کاری نەبینراو و جێبەجێنەکراوی ژنان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیاد دەکات.

 

پەروەردە و بە تایبەتی پەروەردەی ژنانی گەنج لە یەکەم بوارەکانە کە قەیرانەکە کاریگەری لەسەرە، هەروەها فشارە ئابوورییەکان خێزانەکان ناچار دەکەن خەرجییەکان کەم بکەنەوە و لە ژێر ئەم پئویستیانەدا، پەروەردەی ژنانی گەنج زیاتر لە کوڕان پشتگوێ دەخرێت، لە ناوچە بێبەشەکاندا، ژنانی گەنج زیاتر واز لە خوێندن دەهێنن و ناچار دەکرێن زوو هاوسەرگیری بکەن، سیستەمی پەروەردە، کە بودجەی سنووردار و کەمبووەوە، توانای دابینکردنی پێداویستییەکان لەدەست دەدات، ئەم بۆشایی پەروەردەییە سووتەمەنی خولەکانی هەژاری و نایەکسانی ڕەگەزیە.

 

لە کەرتی تەندروستیدا، جێبەجێکردنی سزاکان بە پلەی یەکەم دەبێتە هۆی کەمی دەرمان و کەرەستە، ئەو ژنانەی کە پێویستیان بە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییە بەردەوامەکان هەیە بە درێژایی خولی دووگیانی و تەندروستی سێکسی، ڕووبەڕووی کەمی مەترسیدار دەبنەوە، دەرمانی گرنگ بۆ شێرپەنجەی ژنان و چارەسەری منداڵبوون و دامەزراوەی سەلامەتی منداڵبوون دەبێتە قوربانی یەکەمی ئەم حاڵەتانە.

 

لە لایەکی دیکەوە هەژاری و گرانی نرخەکان ئالەنگاری ڕاستی بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دروست دەکەن، کە لە ئەنجامدا، ڕێژەی مردنی دایکان و لەباربردنی ناپارێزراو و نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە نێو ژناندا زیاد دەکات، هاوکات ئەو فشارە دەروونیانەی کە لە ئەنجامی قەیرانی ئابوورییەوە سەرهەڵدەدەن، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لای ژنان و بەتایبەت دایکان و سەرۆکی ماڵەکان زیاتر دەکەن، قەیرانی ئابووری نەک هەر کاریگەری لەسەر بژێوی ژیان و تەندروستی هەیە، بەڵکو گۆڕانکاری لە ژینگەی کولتووری و کۆمەڵایەتیشدا دەهێنێتە ئاراوە، لە چوارچێوەی نائاسایشی و فشاردا، زۆرجار وتاری کۆنەپەرستانە و پیاوسالاری زاڵن و بە گەڕانەوە بۆ ئەو نەریتانەی کە ژنان سنووردار دەکەن و ڕۆڵی نەریتی ناوماڵ بەهێز دەکەن، دەتوانێت ببێتە هۆی شەپۆلێکی دابەزینی کولتووری، ژ٣لە ژینگەیەکی وادا ئەگەری زیادبوونی توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە ژنان زیاتر دەبێت، لێکۆڵینەوە جیهانیەکان دەریانخستووە کە توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی لە کاتی قەیرانە ئابوورییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئێرانیش لەوە بێبەری نییە، هاوسەرگیری زۆرەملێ یان پێشوەختە، زیادبوونی فشار لەسەر جەستە و ئازادی ژنان و سنوورداربوونی چالاکی کۆمەڵایەتی، دەرئەنجامە سروشتییەکانی ئەم ڕەوتەن.

 

لە ڕووی یاساییەوە یاسا جیاکارییەکان سەبارەت بە میرات و مافە مەدەنییەکانی دیکە لە کاتی قەیرانەکاندا خراپتر دەبن و ئەو ژنانەی کە پەنا بۆ سیستەمی دادوەری دەبەن، ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری زیاتر دەبنەوە، لە لایەک تێچووی یاسای لە ژینگەی هەڵاوساندا قەدەغەیە، لە لایەکی دیکەشەوە گەندەڵی و ناکارامەی بەڕێوەبەری دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە مافەکانی ژنان کەمدەکاتەوە، لەم جۆرە هەلومەرجەدا زۆرێک لە ژنان ناچار دەبن دەستبەرداری مافەکانیان بن، کە ئەمەش نایەکسانی پێکهاتەی گەورەتر دەکات.

 

لە ڕوانگەی سیاسییەوە، فشارەکانی گەمارۆکان دەتوانن دوو ڕێگای جیاوازیان لێبکەوێتەوە، یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە حکومەت کۆنترۆڵە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز بکات بۆ پاراستنی یەکگرتووی ناوخۆی، زۆرجار لەگەڵ سنووردارکردنی زیاتری مافە مەدەنییەکانی ژنان، ئەگەرێکی تر ئەوەیە کە ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، لە بەرامبەر کەموکوڕی و قەیرانە کەڵەکەبووەکاندا، دەست بە ڕێگایەکی نوێی بەرخۆدان و داکۆکیکردن بکەن، لە هەردوو حاڵەتەکەدا ژنان لە دڵی پێشهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی داهاتوودا دەبن، یان وەک بابەتی سنووردارکردن یان وەک بریکاری گۆڕانکاری.

 

لە کۆتاییدا، چالاککردنی میکانیزمی وروژێنەر نەک تەنها کەرتە ئابوورییەکانی ئێران بە توندی لاواز دەکات، بەڵکو دەرئەنجامە قوڵەکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر جەستەی ژنان دەبێت، ئەم پێشهاتانە لە یەک کاتدا کاریگەرییان دەبێت لەسەر جەستە و دەروونناسی و پەروەردە و کار و ئامادەبوونیان لە بەڕێوەبردن و کۆمەڵگەدا، کۆمەڵناسی قەیرانەکان ئەوە دەردەخات کە ژنان لەم جۆرە بارودۆخانەدا، زۆرجار یەکەم گروپن کە کاریگەریان لەسەرە، بەڵام لە هەمان کاتدا، دەتوانن ببنە بریکاری سەرەکی بونیادنانەوەی کۆمەڵایەتی و چالاکوانی مەدەنی، ڕێگای داهاتوو پەیوەستە بەو ڕادەیەی کە دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ژنان خۆیان دەتوانن تواناکانیان بۆ بەرخۆدان و هاودەنگی و دەستپێشخەری چالاک بکەن، ئەگینا تێڕوانینی زاڵ بۆ قوڵکردنەوەی بۆشای ڕەگەزی و بەرهەمهێنانەوەی سووڕێکە کە هەژاری و هەڵاواردن و توندوتیژی بەسەر داهاتووت ژنانی ئێراندا دەسەپێنێت.