ژنانی ئەفغانی بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان بە نهێنی کاردەکەن
ژنانی ئەفغانستان بەهۆی فشار و سنووردارکردنی تاڵیبانەوە ناچارن بە نهێنی کار بکەن، یەکێک لەو پیشانەی کە ژنان بە نهێنی کاری تێدا دەکەن، ئارایشتگایە.

بەهاران لەهیب
کابول- دوای ئەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتە دەست، ژنانیان لە ماڵەکانیاندا زیندانی کرد، خوێندنی کچان لە دوای پۆلی شەشەم قەدەغەیە، دەرگای زانکۆ و خوێندنگەکان بەڕووی منداڵانی کچ و ژنانی گەنج و داخران، حیجاب بە زۆرەملێ بەسەر ژناندا سەپێندرا، کە ژنان لە دەرەوەی ماڵەوە کارەکانیان قەدەغە دەکرد، ڕووداوەکانی هاوسەرگیری زۆرەملێ، توندوتیژی خێزانی، کوشتن و هاوسەرگیری زۆرەملێی ژنان لەگەڵ سەربازانی تاڵیبان زیادی کرد، هەردوو ژن و پیاو بە بیانووی 'تاوانە ڕەوشتییەکان" سزای قامچی دەدرێن.
سەرەڕای ئەو هەموو سەختییەی تاڵیبان بەسەر ژناندا دەسەپێنێت، دەستبەرداری کار و خەباتی خۆیان نابن، ژنان لە پێناو مافەکانی خۆیان و دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان تێدەکۆشنم یەکێک لەو پیشانەی کە تاڵیبان قەدەغەی کردووە بۆ ژنان ئارایشتگایە، سەرەڕای ئەمەش ئەو ژنانەی کە کاری ئارایشتگا دەکەن، بە نهێنی و مەترسیدار لە ماڵەکانیاندا کاردەکەن، لەگەڵ سێ ژن قسەمان کرد کە لە ناوچە جیاوازەکانی کابول بە نهێنی کار دەکەن.
"ژنان ڕووبەڕووی فشاری تاڵیبان دەبنەوە"
ناز شەمیم، ئارایشتکارێکی تەمەن ٦٠ ساڵە و هەروەها پەروەردەی خوێندکارانیشی کردووە، وتی: کاتێک تاڵیبان هاتە سەر دەسەڵات، سەرەتا دەیانویست وێنەی ژنان لەسەر دیوارەکان لاببەین، دواتر بڕیاریاندا هەموو ئارایشتگاکان دابخەین، هەرچەندە ئێمە ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین بەم بڕیارە بۆ ماوەی یەک ڕۆژ، بەڵام هەر بۆیەش سزای خۆیان بەسەر ئێمەدا سەپاند، ئێستا ناچارین بە نهێنی کار بکەین.
"ناچارین بە نهێنی کار بکەین"
سینا وەحد کە خاوەنی چوار منداڵە، دوای گیان لەدەستدانی هاژوینی یەکەمی دووبارە هاوسەرگیری کردووەتەوەم بەڵام هاوژینیدووەمی بەهۆی کێشەی داراییەوە جێی هێشتووەو چووەتە ئێران، سینا وەحید لەبارەی کارەکەیەوە وتی: پارەم نەبوو بۆ کردنەوەی ئارایشتگایەک، دوای داخستنی ئارایشتگاکان لە ماڵەوە بەردەوام بووم لە کارکردن، بۆ ئەوەی بتوانم بژێوی منداڵەکانم دابین بکەم، ئامێرە جوانکارییەکانم دەشارمەوە، چونکە سەربازانی تاڵیبان هەمیشە هێرش دەکەنە سەر ماڵەکان، دەبێت کاربکەم بۆ ئەوەی بتوانم بژێوی خۆم دابین بکەم.
"زۆربەی هاوژینەکانی سەربازانی تاڵیبان دێن"
نافس نەواب، کە خاوەنی ئارایشتگایەکی بەناوبانگە لە کابول، سەرنجی بۆ ئەو سەختییە ڕاکێشا کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە و وتی: لەبەرئەوەی ژنان کار و پیشەی خۆیان لەدەستداوە و ئابووریشیان لە داڕماندایە، زۆر سەردانی ئارایشتگاکان ناکەن، ئێستا ئەو ژنانەی زۆرترین دێن هاوژینی سەربازانی تاڵیبانن، چونکە ئەوان بە داوای پارە لە خەڵک ئابوری خۆیان بەهێز دەکەن و دەتوانن بە ئاسانی پارەکانیان بۆ جوانکاری خەرج بکەن.