پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگەوازیی بۆ بەشداریکردن لە مانگرتنی گشتی دەکات

پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ـ ژینا ڕایگەیاند، شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” کۆتایی پێنەهاتووەو هەتا بەدیهێنانی مافە ڕەواکان بەردەوام دەبێت، داوا لە ئازادیخوازانی کوردستان، ژنان و گەنجانی پێشەنگ دەکەین، کە ڕۆژی ٢٥ـی خەرمانان، بەشداریی لە مانگرتن بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ژینا لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەمشێوەیەیە:

​”ژینا؛ ناوی شۆڕشێک کە هێشتا بەردەوامە.

​”ژن، ژیان، ئازادی”.

​ژنانی ئازا و تێکۆشەر، چوار ساڵ بەسەر شەهیدکردنی ژینا ئەمینی تێدەپەڕێت، لەو ڕۆژەی کە کچێکی کورد لە سەقز بوو بە دەستپێکی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، کە سنوورەکانی ئێرانی تێپەڕاند و دەنگی ئازادیخوازیی گەیاندە جیهان.

​”ژن، ژیان، ئازادی” تەنیا درووشمی ناڕەزایەتی نەبوو، بەڵکوو دەنگی راپەڕینێک بوو دژی سیستەمێک کە ساڵانێکە بە سەرکوت، جیاوازی، سێدارە، کپ کردنی دەنگەکان، زیندان و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، بە تایبەتمەندی ژنان، دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە.

 

​ڕاپەرینی ژن، ژیان، ئازادیی لە شەقامەکانی کوردستانەوە سەریهەڵداو لە ماوەیەکی کورتدا توانی هاوپەیوەندییەکی بێوێنە لە نێوان ژنان، خوێندکاران، کرێکاران، نەتەوەکان و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دروست بکات؛ هەموو ئەوانەی کە خوازیاری ژیانێکی ئازاد، دادپەروەر و بەکەرامەت بوون.

 

​ئەمڕۆ، لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا، ئێران بە قۆناغێکی هەستیار و قورسدا تێدەپەڕێت، قەیرانی ئابووری، گرانی و ناڕوونییە سیاسییەکان، ژیانی خەڵکی زیاتر لە هەر کاتێک دژوارتر کردووە. لە هەمان کاتدا، دەسەڵات هێشتا بەردەوامە لە سەرکوتی دەنگە ناڕازییەکان و زیادکردنی فشار لەسەر ژنان، چالاکوانان و هەموو ئەوانەی کە داوای گۆڕان دەکەن.

 

​بزووتنەوەی ژینا تەنیا ناڕەزایەتییەک لە دژی باڵاپۆشی زۆرەملێ و پۆشاکی زۆرەملێ نەبوو؛ بەڵکوو هەوڵێکی گەورە بوو بۆ هەڵتەکاندنی بناغەکانی سیستمێک کە هەناسەی ئازادیی لە هیچ توێژێکی کۆمەڵگە نەهێشتووەتەوە. ئەم بزووتنەوەیە دەرخەری هۆشیاریی قوڵی ژنان بوو و بووە خاڵێكى وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی ژنانی کورد و گەلانی ئێران بە گشتی.

 

​لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم سەرهەڵدانە ئەوە بوو کە ژنی کورد بوو بە داینەمۆی راپەڕینێکی بەرفراوان و هەڵگری درووشمێک کە واتای ئازادی، یەکسانی و ژیان لە خۆدا کۆکردبووەوە؛ درووشمێک کە ژنانی سەرانسەری ئێرانیش خۆیان تێدا بینییەوە و کردیان بە هێمای خەباتی هاوبەشیان. پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ژینا، لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز دادەنێت بۆ یادی ژینا ئەمینی و هەموو ئەو شەهیدانەی کە لە پێناوی ئازادی و کەرامەتی مرۆڤدا گیانیان بەخت کردووە.

 

​لەم چوارچێوەیەدا، وەک پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ژینا، وێڕای پشتگیریی تەواو لە بڕیار و بانگەوازی هاوپەیمانیی حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوا لە جەماوەری وشیار و ئازادیخوازی کوردستان، بەتایبەتی ژنان و گەنجانی پێشەنگ دەکەین، کە ڕۆژی ٢٥ـی خەرمانان، بە بەشداریی چالاکانە لە مانگرتنی گشتیدا و بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و ڕاگرتنی چالاکییە ڕۆژانەییەکان، یادی شەهیدان بەرز ڕابگرن و ئیرادەی بەرزی خۆیان بۆ بەردەوامیی شۆڕش نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕژێمی داگیرکەر بدەن.

 

​هەروەها بانگەواز لە کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و سەرجەم ژنانی ئازادیخواز دەکەین کە:

​- بەردەوام بن لە تێکۆشان و بەهێزکردنی یەکگرتوویی لە دژی هەموو شێوازەکانی سەرکوت و ستەم.

​- فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ڕژێم زیاد بكرێن و کردەوە سەرکوتکارییەکان، لەسێدارەدانەکان و دەستبەسەرکردنی ناڕەوای چالاکوانان بە توندی شەرمەزار بكرێن.

​- پشتگیری لە خواستە ڕەواکانی ژنانی کوردستان و گەلانی ژێردەستی ئێران بكرێت، بۆ دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییە ڕاستەقینەکان.

 

​ئێمە دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە: شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” کۆتایی پێنەهاتووە، ئەم ڕاپەڕینە لە هۆشیاریی ژنان، لە ویستی ئازادی، لە خەونی دادپەروەری و لە خواستی گۆڕانی کۆمەڵگەدا هێشتا زیندووە و تا گەیشتن بە مافە ڕەواکان و هەڵتەکاندنی سیستەمی زۆرداری و داگیرکاری بەردەوامە”.