ژنانی ئەفغانی بۆ مافی کارکردن و خوێندن چالاکی دەکەن

ژمارەیەک لە ژنان و کچانی کابول لە ئەفغانستان بە دروشمی "وانەیەکی بێ ترس" خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا بۆ داواکردنی مافی کار و خوێندن.

ناوەندی هەواڵ

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢١دا تاڵیبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتەوە دەست، لە ژنانی قەدەغە کرد بچنە قوتابخانە و لە ٢٣ی ئازاری ٢٠٢٢دا داخستنی خوێندنگاکانیان ڕاگەیاند، بەهۆی داخستنی خوێندنگاکان ژمارەیەک لە ژنان لە کابولی ئەفغانستان بە دروشمی "وانەیەکی بێ ترس" خۆپیشاندانێکیان لە نزیک چەند خوێندنگایەکی ناوچە جیاجیاکانی کابول ڕێکخست و داوای مافی کارکردن و خوێندنیان کرد.

 

لە خۆپیشاندانەکەدا ژنان جەختیان کردەوە کە بەردەوامبوونی بێبەشکردنی ژنان لە خوێندن پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و وتیان: "داخستنی خوێندنگاکان بۆ خوێندکارانی کچ لە ئەفغانستان، رەنگدانەوەی سیاسەتی تالیبان بۆ جیاکاری و توندوتیژی دژ بە ژنانە ئەم توندوتیژییە دەبێت کۆتایی پێبێت".

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای ئاشتی ئەمریکا، تاڵیبان بەشێوەیەکی بەرچاو توندوتیژییە نوێیەکانی بەرامبەر بەژنان زیادکردووە.

 

بەپێی خەمڵاندنەکانی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان، خوێندنی ناوەندی بۆ نزیکەی سێ ملیۆن منداڵی کچ لە ئەفغانستان قەدەغەکراوە.