ژنانی ئەفغانستان ماوەی سێ ساڵە دژی تاریکی تاڵیبان تێدەکۆشن
لە ئەفغانستان ماف و ئازادی ژنان لە سەردەمی ڕژێمی تاڵیباندا تا دێت قورستر دەبن و تاڵیبانیش بە سیاسەتی دوژمنکارانەی خۆیان بەردەوامە لە فشارخستنە سەر ژنان، ژنان بڕیار دەدەن لە ڕێگەی خەباتەوە کۆتایی بە تاریکی تاڵیبان بهێنن.
بەهاران لاهیب
کابول- تاڵیبان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ دەستی بەسەر ئیدارەی ئەفغانستاندا گرت، دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە نادڵنیایی گەورەی لەناوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات دروستکرد، هەڵاتنی ئەشرەف غەنی، سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان لەو وڵاتە ڕێگەی بۆ توڕەیی و دڵەڕاوکێ لای خەڵک کردەوە، پێش ئەوەی تاڵیبان بچێتە ناو کابول، ئەشرەف غەنی پشکێکی زیادەی لەگەڵ پیاوەکانی وەرگرت و هەڵات، فڕۆکەخانەی کابول لە کاتی پێشڕەوی تاڵیبان بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بوو بە ناوەندی ئاژاوەگێڕی، چەند ڕۆژێک فڕۆکەخانە قەرەباڵغ بوو, لە ئەنجامی ئەم قەرەباڵغییەدا 5 هاووڵاتیی ئەفغانستان لە فڕۆکەخانە کەوتنە خوارەوە کە منداڵ و ژنیان تێدابوو، هاوڵاتییەکی زۆر لەو قەرەباڵغییە گیانیان لەدەستدا.
ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە لە فڕۆکەخانە ئەزموون کرا، ئەمڕۆ لە هەموو شارێکی وڵاتدا بە فشار و ئەشکەنجە و کوشتن و قەدەغەکردنەوە ئەزموون دەکرێت، تاڵیبان بەڵێنی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابوو کە ئیدارەیەکی میانڕەوتر دابین دەکەن، بەڵام ئەوەی لە سێ ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە، لەبری ئەو بەڵێنانە، دەبیندرێت کە پێشێلکاریی جیددی مافی مرۆڤ ڕوویداوە، بەتایبەت ژیانی ژنانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان ڕۆژانە سەختتر دەبێت، لە ئەفغانستان سنووردارکردنی مافەکانی ژنان بۆ ئاستێکی بەرز زیادی کردووە، مافی خوێندنی ژنان قەدەغە کراوە، لە کار دوور خراونەتەوە و بوونیان لە کۆمەڵگادا نزیکە لە مەحاڵەوە، لە هەمان کاتدا ئەو ژنانەی بە پێی یاساکانی شەریعە جل و بەرگ لەبەر ناکەن سزای توندیان بەسەردا دەسەپێندرێت، لەوەتەی تاڵیبان هاتۆتە سەر دەسەڵات، بە بیرکردنەوە دژی ژنان هەوڵی کپکردنی دەنگی دادپەروەری دراوە.
٢.٥ ملیۆن منداڵی کچ لە ئەفغانستان لە خوێندن دوورخراونەتەوە
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی و ڕۆشنبیریی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونسکۆ"، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵی ئەفغانی مافی خوێندنیان نەبووە، ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاندووە کە ژنان لە زیندانەکانی تاڵیبان دەستدرێژی زایەندییان کراوەتە سەر بە بیانووی ئەوەی حیجابیان نەکردووە، ژنانی گەنج بە زۆر لەلایەن تاڵیبانەوە هاوسەرگیرییان پێدەکرێت و ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی زایەندیش زیادی کردووە.
دامەزراوەی "ڕۆژنامەنووسانی کار" لە ڕاپۆرتەکەیدا هاتووە: لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٣٠٩ ڕۆژنامەنووس و کارمەندی ڕاگەیاندن دەستگیرکراون، لە ٥ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا ١١٧ ڕووداوی توندوتیژی بەرامبەر بە خەڵک تۆمارکراوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣دا ٢٩٥ ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، ٩٥%ی ڕۆژنامەنووسانی ژن کارەکانیان لەدەستداوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە پێشتر ٨٠٠ ژنی ڕۆژنامەنووس چالاک بوون، ئێستا ٥٠ ژن لە کارکردندا سنووردار کراون، ئەو ئامارانەی ئامادە کراون زۆر زیاترن لەمە.
زۆر پراکتیزەی نادیموکراتیک جێبەجێ کراون
تاڵیبان چەندین یاسای دژە ژنانی دەرکرد بۆ ئەوەی ژنان لە ماڵەوە بمێننەوە، وەک پێویستی حیجاب، کەمکردنەوەی کرێی ژنانی کرێکار بە بڕی ٥ هەزار ئەفغانی، لە زۆر شوێنی ئەفغانستان ئەو ژن و پیاوانەی کە پێکەوە لەسەر ڕێگاکە دەڕۆن، بە بیانووی 'بێ ڕەوشتی' قامچییان لێدراوە، تۆمەتبار کراون بە وەرگرتنی بەرتیل لە خەڵکەوە بەناوی باجەوە، و زۆرێک لە پراکتیزە دژە دیموکراتیکەکان ڕەوایەتییان پێدراوە.
لە سێ ساڵی ڕابردوودا دەیان کۆمەڵکوژی ئەنجام دراون
لە ماوەی سێ ساڵدا هێرشی خۆکوژی لە دژی کابول و زۆرێک لە شارەکانی دیکەی وڵات لە مزگەوت و قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن و ئۆتۆمبێلی شار ئەنجامدرا، لە هێرشەکاندا کۆمەڵکوژی سیستماتیکی دژ بە هەزارە و شیعە ئەنجامدرا، ژنانی وەک نەگار، زەینەب عەبدوڵڵاهی، هورا سادات، حەسنا سادات، مارینا سادات، حەلیمە ئەمانی، فۆرۆزان و دەیان کەس کە ناویان لە میدیاکان ئاشکرا نەکرابوو، لەلایەن تاڵیبانەوە کوژران.
توندوتیژی خێزانی و هەژاری و بێکاری لەو وڵاتە زیادی کردووە، جگە لە فشارەکانی تاڵیبان، ئەو کارەساتە سروشتیانەی کە لەو وڵاتەدا تووشی بوون، کاریگەری نەرێنییان لەسەر ژیانی خەڵک هەبوو، لیستی ئەو تاوانانەی لە سێ ساڵی ڕابردوودا تاڵیبان لە ئەفغانستان ئەنجامی داوە، لەوەش درێژترە، بەڵام ژنان لە شەڕکردن لەگەڵ تاڵیبان و ئاشکراکردنیان ناوەستن. ئەم وڵاتانە، کە ئەمریکا هەوڵی شاردنەوەی دۆخی ئەفغانستان دەدات، ئەو ژنانەی کە بەردەوامن لە تێکۆشان لە ناوەوە و دەرەوەی ئەفغانستان، بڕیاریان داوە حکومەتی تاڵیبان لەناوببەن.