ژنانی ئەفغانستان: دەبێت تاڵیبان بدرێنە دادگا!
دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بۆ یەکەمجار سزای بەسەر سەرکردەکانی تاڵیبان دەرکرد بە تاوانی دڕندەیی دژی ژنان لە زیندانەکاندا، ئایا ئەم بڕیارە دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ لێپێچینەوە لە هەموو تاوانەکانی جەنگ؟.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2025/02/20250212-jpg4e0849-image.jpg)
بەهاران لەهیب
باغلان- چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بڕیارێکی سەبارەت بە مەلا هەیبەتوڵا، سەرۆکی تاڵیبان و عەبدولحەکیم حەقانی، سەرۆکی دادوەری ئەفغانستان دەرکرد، هۆکاری ئەم بڕیارە، ئەو دڕندەیی و ئەشکەنجەیە بوو کە لە زیندانەکانی تاڵیبان بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت.
ئەفغانستان لە ١ی ئایاری ٢٠٠٣ بوو بە ئەندامی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و بڕیاردرا کە ئەو تاوانانەی لەو بەروارەوە ئەنجامدراون پێویستە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت. بەڵام ساڵانێک گروپەکانی سیگناڵی هەشتەم (کوتلە چەکدارەکان کە لە دوای داگیرکاری سۆڤیەت پێکهاتبوون) ڕێگرییان لەم دادگایە کرد کە لە ئەفغانستان کار بکاتم چونکە ترسیان لەوە هەبوو ئەگەر پرۆسەی دادگاییکردنەکە ڕوویدا ئەوا ئەوانیش سزا بدرێن.
بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٥ پەرلەمانی ئەفغانستان 'یاسای لێبوردنی گشتی'ی دەرکرد. ئەم یاسایە داوای لێبوردنی دەکرد بۆ تاوانەکانی جەنگ کە لە ڕابردوودا ئەنجام دراون، لە ئەنجامدا ئەم بڕیارە داوای دادپەروەری گەلی ئەفغانستانی پووچەڵ کردەوە و تاوانباران بێ سزا مانەوە.
لە ساڵی ٢٠١٥ لە ئەنجامی هەوڵی چڕ و پڕی بەشێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ، بە هاوکاری لەگەڵ نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان (یونامی) و حکومەتی ئەفغانستان ڕێگەی بە دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی درا بچێتە ناو وڵاتەکەوە. دادگاکە دەستیکرد بە کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانەکانی جەنگ لە ئەفغانستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی یونامی ڕۆڵی کاریگەر نەبوو لە ئەفغانستان و تاوانبارانی جەنگ لەناو حکومەتی ئەفغانستاندا هەبوون، دادگاییکردنەکە بەرەوپێش نەچوو.
پاشان چالاکوانانی مەدەنی، بە پشتیوانی گشتی، هەوڵێکی سەربەخۆیان دەستپێکرد بۆ پێشکەشکردنی بەڵگەی تاوانەکانی تاڵیبان و گروپەکانی دیکە بۆ دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لەسەر پلاتفۆرمی دیجیتاڵی. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکان دەرکەوت کە چەندین سکاڵای تاوانکاری لە دژی سوپای ئەمریکا و تاڵیبان و قاعیدە و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی پێشووی ئەفغانستان تۆمارکراون، لەم پڕۆسەیەدا حکومەتی ئەمریکا دەستوەردانی کرد و ڕێگری لە لێکۆڵینەوەکان کرد و پڕۆسەی دادگاییکردنەکەی دواخست، گرنگترین هۆکاری ئەمەش ئەوە بوو کە ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان دانوستان دەکات و دەیویست سەرکردایەتی پرۆسەی ڕادەستکردنی ئەفغانستان بکاتە دەست تاڵیبان.
لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی کە تاڵیبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستاندا هەبووە، ئەو تاوانانەی کە ئەنجامی داوە بە ڕادەیەک زیادی کردووە کە ئێستا گەلی ئەفغانستان تاوانەکانی ئەمریکای لە پێشینەی لاوەکی داوە.
چالاکوانانی مافی ژنان چی دەڵێن؟
ڕازیە نەواب، داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە پارێزگای باغلان سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دژی سەرکردەکانی تاڵیبان وتی: لە کاتێکدا کە ژنانی ئەفغانستان لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لەبیرکراون، بڕیارەکەی دادگا لە دژی سەرکردەکانی تاڵیبان دڵخۆشی کردم.
"دەبێت لە دادگا نێودەوڵەتییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت"
ڕازیە نەواب ڕایگەیاند، نەک تەنها مەلاهەیبەتوڵا و بەرپرسی سیستەمی دادوەری تاڵیبان، پێویستە هەموو سەرکردەکانی تاڵیبان دادگایی بکرێن و وتی: نەک تەنها مەلا هەیبەتوڵاو سەرۆکی دادگا؛ هەموو ئەو سەرکردانەی تاڵیبان کە لە ساڵی ١٩٩٦ەوە ژنان و گەلەکەمانیان لە ئەفغانستان کوشتووە، پێویستە دادگایی بکرێنم ئەم کەسانە بە کوشتن و تیرۆر و سیاسەت ناسراون کە دوژمنایەتی ژنانی ئەفغانستان دەکەن، خەڵک پێویستە فشارێکی وا دروست بکەن کە ئەم کەسانە لە دادگا نێودەوڵەتییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
"پێویستە ژنان بۆ پاراستنی مافەکانیان خەبات بکەن"
ڕازییە نەواب لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێم خۆشە ڕۆژێک ببینم کە هەموو تاوانبارانی جەنگی ناوخۆیی و بیانی لە ئەفغانستان بدرێنە دادگا، ئەم خەڵکە نەک تەنها خیانەتیان لە گەل کردووە، بەڵکو خاک و بەردەکانی ئەم وڵاتەشیان کردووە، بۆ کۆتاییهێنان بەم زوڵمە، بەرپرسیارێتی گەلی ئەفغانستان بەتایبەتی ژنان گەورەترە، پێویستە ژنان خەبات بکەن بۆ پاراستنی مافەکانیان.