ژنانی ئەفغانستان بڕبڕەی پشتی نەبیندراوی ئابووری گوندنشینەکانن
لە ئەفغانستان کە هەژاری و شەڕ و سنووردارکردنی کولتووری ژیانی قورس کردووە، ژنانی گوندنشینی بێدەنگ بەڵام بەهێز بڕبڕەی پشتی ئابووری ناوخۆیین. بە دەستی بەتاڵ و دڵی پڕ، خاک بە زیندووی دەهێڵنەوە.

بەهاران لەهیب
ئەفغانستان-ئابووری ئەفغانستان لە مێژە پشتی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات بەستووە، کە زەوییە بەپیتەکان لەوێ بوونیان هەیە، مرۆڤەکان لە ڕێگەی دەستپێشخەری و هەوڵی خۆیانەوە میوە و دانەوێڵە و سەوزە بەرهەم دەهێنن. ژنانی ئەفغانی بە هەوڵی بێوچان هەوڵ دەدەن بەرهەمی کارەکانیان بچننەوە و ژیانیان باشتر بکەن. سەرەڕای هۆشداری و هەڕەشەکانی تاڵیبان، ژنە جووتیارەکان بەردەوامن لە کارکردن، ئەم ئیرادەیە جێگەی شانازییە.
ژنان لە بواری کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵدا ڕۆڵێکی کارا دەگێڕن. هەرچەندە زۆربەی داهاتەکە بۆ پیاوانی ناو خێزانەکە دەڕوات، بەڵام زۆرێک لە ژنە جووتیارەکان وتیان خۆیان بە ئازاد دەزانن و توانای ئەوەیان هەیە لەگەڵ پیاوان ڕۆڵێکی کارا لە بەرهەمهێناندا بگێڕن.
نورستان، یەکێکە لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، لە دڵی شاخەکانی بەرز و ناڕێکدایە. پێش حوکمڕانی عەبدول ڕەحمان خان، پاشایەکی ستەمکار، دانیشتوانی ئەم پارێزگایە موسڵمان نەبوون، بە کافیرستان ناسراون. کاتێک عەبدول ڕەحمان خان دەسەڵاتی گرتە دەست، جگە لە کۆمەڵکوژییەکانی هەزارە، هێرشی کردە سەر نورستان و هاوڵاتیانی ناچار کرد موسڵمان ببن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هاوڵاتیانی نورستان قوربانییەکی یەکجار زۆریان دا.
ژنانی ئەم پارێزگایە لە ڕزگارترین کەسانی ئەفغانستان بوون. ئابووری کە پشتی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بەستبوو، لە دەستی ئەواندا بوو، ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بڕیاردانی خێڵەکیدا هەبوو. دوای لەشکرکێشی سۆڤیەت، زۆر بنکەی بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی لەم پارێزگایەدا دامەزران، ژنانیش لە پشتی بەرەکانی پێشەوە ڕۆڵێکی کارایان بینی، زۆرجار لە کاتی گەمارۆدانی هێزەکانی ڕزگاریخواز و دیموکراتیدا یارمەتی گواستنەوەی چەک و خۆراکیان دەدا.
بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئایینە ئیسلامییە جۆراوجۆرەکان و بەتایبەتی وەهابیزم، فشارەکان لەسەر ژنان زیاتر بوون. هەرچەندە هێشتا بەشداری بەشێکی بەرچاو لە چالاکییە کشتوکاڵییەکان دەکەن، بەڵام لە بەشداریکردن لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا دوور خرانەوە. لەم پارێزگایەدا، وەک زۆرێک لە پارێزگاکانی تر، هیچ ئاسانکارییەکی سەرەتایی وەک ڕێگای قیرتاوکراو، بنکە تەندروستییەکان، خوێندنگەکان، بازاڕەکان نییە، هاوڵاتیان ناچارن چەندین کاتژمێر بە پێ بەسەر زەوییە زبرەکاندا بڕۆن. سەرەڕای ئەوەش ژنان نەیانهێشت ئازادییان بە ئاسانی لێ بسەندرێتەوە.
پارێزگای بامیان، دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەفغانستان، یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە زۆرترین ژمارەی ژنانی خوێندەواری تێدایە. دوای ئەوەی تاڵیبان لە یەکەم قۆناغی حوکمڕانیدا (١٩٣٦-٢٠٠٦) کۆمەڵکوژی ژنانی ئەنجامدا، لە یەک ڕۆژدا نزیکەی ٣٥٠ کەس لە یەک پارێزگادا کوژران. ژنان بۆ بژێوی ژیانی خێزانەکانیان بڕیاریان دا کە پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی بە شۆفت بخوێنن و سەرکەوتوو بوون.
دوای گەڕانەوەی تاڵیبان ژنان لە ماڵەکانیان نیشتەجێ بوون بەڵام گەڕانەوە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری. بەهۆی ساردی کەشوهەوای ناوچەکە، دروێنەکردنی بەروبوومەکان قورسە. بەڵام بامیان یەکێکە لە بەرهەمهێنەرانی سەرەکی سێو و پەتاتە لە وڵاتەکەدا. لەم پارێزگایەدا لەوەڕگەی زۆر هەیە، کە ژنان ئاژەڵداری تێدا بەخێو دەکەن، بەرهەمە شیرەمەنیەکانی زستانە بەدەست دەهێنن.
پاروان، کاپیسا، پەنجشیر، باغلان لە باکووری ئەفغانستان هەڵکەوتوون. لە گوندەکانی ئەو پارێزگایانە ژنان لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان لەگەڵ پیاوان کار دەکەن، جگە لە کاری ماڵەوە، هەوڵ بۆ ژیانێکی باشتر دەدەن.
لوغار و پاکتیا و پاکتیکا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان هەڵکەوتوون. سەرەڕای بێبەشی و هەڵوێستی ژنکوژی، ژنان لەم بوارانەدا پشکێکی زۆر لە بارگرانی بەرهەمهێنان هەڵدەگرن، تەنانەت زیاتر لە پیاوان کاردەکەن.
لە شاری هیرات کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، ژنان باخچەی بچووکی ماڵەوەیان دامەزراندووە، کە بەرهەمی بەنرخی لێ بەرهەم دەهێنن.
لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان، ژنان لە خانوە شوشەکان کە تایبەت بە چاندنی سەوزە و میوە کاردەکەن، کرێیەکی کەم وەردەگرن بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی خێزانەکانیان دابین بکان.
چوار دەیە شەڕ و باڵادەستی سیستەمی پیاوسالاری و حکومەتە توندەکان ژنانی ئەفغانی وەک قوربانییەکی بێدەنگ بەڵام خۆڕاگر بەجێهێشتووە. لە کاتێکدا وەک کەرەستە و کاڵا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام لە ڕێگەی خۆڕاگری و سەبر و کاری ماندوو نەناسەوە سەرکەوتوو بوون لە پاراستنی ژیانی خێزانەکانیان، تەنانەت ئابووری گوندەکان و ناوچە بێبەشەکانیش. ژنانی ئەفغانی بەهێزترن لەوەی مێژوونووسە فەرمییەکان وێنایان دەکەن، شایەنی داهاتوویەکی گەشاوەتر و دادپەروەرترن.