ژنانی ئامەد: ئەگەر ئاشتی دەبێت با ئێستا بێت
ژنان لەسەر شەقامەکانی ئامەد کە مایکەکەمان خستە بەردەمیان ڕایانگەیاند، گەلی کورد داوای پڕۆسەیەکی دڵسۆزانە بۆ ئاشتی دەکات و بۆ ئەمەش پێویستە هەموو گەل پێکەوە بەردەوام بن لە خەبات.
مەدینە مامەدئۆغڵو
ئامەد-دەسەلاتداریی ئاکەپە-مەهەپە پەیامێکی سەبارەت بە "پرسی کورد" پێشکەش بە ڕای گشتی کرد، لە هەمان کاتدا هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر کرد، لەم پرۆسەیەدا، لە ٢٣ی تشرینی یەکەم عومەر ئۆجالان، پەرلەمانتاری ڕەحای پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل دیدارێکی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد لە ئیمرالی ئەنجامدا، عومەر ئۆجالان پەیامی عەبدوڵا ئۆجالانی بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند: "ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، من دەسەڵاتی تیۆری و پراکتیکیم هەیە بۆ گۆڕینی ئەم پڕۆسەیە لە بنەمای شەڕ و توندوتیژیەوە بۆ بنەمای یاسایی و سیاسی".
پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان و ژنان چۆن ئاشتییەکیان دەوێت، پرسیارمان لە ژنانی سەر شەقامەکانی ئامەد کردو وتیان: ئەگەر ئاشتی دەبێت با ئێستا بێت" و داوایان کرد کە خەبات بۆ ئەمە بەرز بکرێتەوە.
"ئیتر بەسە"
ئایسەل ئەرتاش ئاماژەی بەوەکرد، لە بەرامبەر کوشتن ئاشطی دەپارێزن و وتی: ئێستا دەڵێین ئیتر بەسە، کەس هەناسە نادات، ئێمەی ژنان هیچ ناکەین، ڕۆژانە ژن دەکوژرێت، هەموو ڕۆژێک پیاوێک لە ژنێک دەدات، بەڵام کەس هیچ ناکات، دەوڵەت لە کوێیە هیچ ناکات، پێویستە هەنگاوێکی تەندروست بنرێت بۆ ئاشتی، تەنها ئاشتی دەتوانێت ڕێگری لە کوشتار بکات، ئەگەر ئاشتی هەبێت با ئێستا بێت، ئێستا لەبەر ترس منداڵەکەم نانێرم بۆ خوێندنگە، ئێمە لە ناو شەڕدا گەورە بووین، هیچمان لە ئاشتی نەبینی، نامانەوێت منداڵەکانمان هەمان ئەزموون بکەن، ئێمە دەمانەوێت منداڵەکانمان لە ئارامی و بەختەوەریدا گەورە بن، لە ڕووی ژیانەوە هیچ شتێک بۆ ئێمە نەماوە، تەنها دەمانەوێت بژین.
"پێویستە گەل تێبکۆشن و دەنگی بەرز بکەنەوە"
گوڵسەن کزیل وتی: من وەک ژنێک ئاشتیم دەوێت، بە ئاشتی قەیرانی ئابووری کەم دەبێتەوە، کۆمەڵکوژی ژنان دەوەستێت و هەموو شتێک چاک دەبێتەوە، ئەم گەلە دەچەوسێننەوە، با یەکسەر بەم دڕندەییە بڵێین بوەستە، زۆر بەداخەوە بۆ ژن و منداڵ و گەنجان! ئیتر مرۆڤەکان ناژین، دەبێت کاری جددی بکرێت، ئێمە هەوڵ دەدەین و هیچ شتێک ناگۆڕێت، با هەرکەسێک لە مەیدانی خۆیدا تێبکۆشێت، با وڵات هەستنە سەرپێ، ئەگینا ئەم دۆخە تێناپەڕێت، ئاشتی و شەڕ بەدەست گەلە، پێویستە گەل تێبکۆشن و دەنگ بەرز بکەنەوە، کەس ئەم شەڕە ڕاناگرێت ئەگەر گەل نەیکات، هەمووان زۆر ماندوون, هەموو ڕۆژێک ژنێک دەکوژرێت و هەموو ڕۆژێک یەکێک بێسەروشوێن دەبێت، لەم پرۆسەیەدا دەوڵەت تاوانبارە، هەروەها پێویستە ڕۆڵیان هەبێت لە پرۆسەکەدا، ئەم وڵاتە پێویستی بە دادپەروەری و ئاشتی هەیە.
"ئەگەر گەل ببنە یەک دەسەلاتداریی هیچیان پێناکرێت"
سافیە ئوچار، زیانبەرکەوتووی بوومەلەرزە، وتی: هیچ شتێک لەم وڵاتەدا جێگیر نییە، ئابووری زۆر خراپە، هەموو شتێک خراپتر دەبێت، وەک دایکێک ئاشتیم دەوێت و دەمانەوێت لە وڵاتەکەماندا بە ئارامی بژین، دەمەوێت وەک ژنێک بژیم، بۆ ئەمەش دادپەروەری و ئاشتی پێویستە، بۆ ئاشتی، یەکڕیزیی گەل و ژنان پێویستە و دەبێت پێکەوە خەبات بکەن کاتێک گەل یەکگرتوو بێت، دەسەڵاتداریی ناتوانێت هیچ بکات، دەبێت هەموومان یەکگرتوو بین و پێکەوە بین بۆ ئاشتی لە داهاتوودا، ژنان دەیانەوێت بە ئازادی بژین، هیچ داواکارییەکی تریان نییە، ئێستا بیر لە منداڵ و نەوەکانمان دەکەینەوە، ێمە لە دۆخێکی زۆر خراپداین.
"سەرەتاترین پێداویستی ژنان ئاشتییە"
ئایسل پاموکچو ئاماژەی بەوەدا، ژنان ڕۆژانە و هەموو ساتێک تووشی توندوتیژی دەبنەوە، داوای کرد چارەسەرێک بۆ ئەمە بدۆزرێتەوە و وتی: دەڵێین ئەمڕۆ تەنها دەمانەوێت بژین، ئەم وڵاتە پێویستی بە ژیانە نەک مردن، ژنان ئەوانەن کە زۆرترین ئارەزووی دەکەن، ئەمڕۆ لە وڵاتدا ژنان لە هەموو بوارێکدا زیانیان بەردەکەوێت، کەس هیچ شتێک دژی ئەمە ناکات، هیوامان ئاشتی و ژیانە بە ئاشتی، ئەگەر ئاشتی هەبێت زۆر شت دەگۆڕێت، ژنان لە هەموو بوارێکدا خەبات دەکەن، بەڵام پێویستە ئەم خەباتە گەورەتر بێت، دەبێت ئاشتی بپارێزرێت هەرچییەک بێت، جگە لە ئاشتی هیچمان نییە بیڵێین، ئەم کۆمەڵگەیە و ژنان پێویستیان بە ئاشتییە.
"ئێمە ئاشتیمان دەوێت بە مەرجی یەکسان"
لەیلا بادیکی وتی: لە تورکیا ژنان و منداڵان و گەنجان لە دۆخێکی زۆر سەختدان، بەکورتی مانەوە لەو وڵاتە ئەستەمە، لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا توندوتیژی زیادی کردووە، بەڵام دەسەڵاتداریی دەستبەرداری پێداگری خۆی نابێت لەسەر شەڕ، دەبێت سەرەتا ئاشتی بەرقەرار بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەوانی تردا بکەین پرسەکان بە شێوەیەکی باش دەستپێبکەن، ئێستا لەسەر بچوکترین ڕووداو شەڕ دەکەن. کاتێک ئاشتی دامەزرا، دەتوانین ڕووبەڕووی پرسەکانی دیکە ببینەوە، کاتێک ئاشتی هەبێت مرۆڤ دەتوانێت هەموو خواستەکانی خۆی دەرببڕێت، بەڵام کاتێک سەیری دەکەین دەبینین شەڕ بەپێی هەندێک سیستم و مرۆڤە، کاتێک ژنێک دەکوژرێت، لەناکاو قسەی زایەندپەرستی و شەڕخوازانە دەوترێت و ئەو کۆمەڵکوژییانەی ڕوویانداوە لەبیر دەکرێن, گەلی کورد پڕۆسەی ئاشتی لە ناخەوە دەخوازێت، هەر جارێک سێ هەنگاو بۆ پێشەوە و سێ هەنگاو بۆ دواوە، ئێستا گەیشتوینەتە دۆخێکی وا بڕوامان بە ئاشتی هەیە، ئەمەش بۆ هەموو کەسێکی وڵات وەک یەکە، وەک خۆم باوەڕ بەو قسەو پڕۆسانە ناکەم کە دەوترێت، بەڵام هیوادارم ئاشتییەکی یەکسان و دڵسۆزانە بێت.