ژنانی ئامەد ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە پاکێجی دادوەری یازدەهەم دەربڕی

ژنانی ئامەد ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە پاکێجی دادوەری یازدەهەم کە بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر مافی ژیانی ژنانی دەزانن، جەختیان لەوە کردەوە، کە ئەو یاسایانەی سزاکان کەم دەکەنەوە و هانی ئازادکردنی تاوانباران دەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنان لە ئامەد ناڕەزایەتییەکیان دژی پاکێجی یازدەهەمین چاکسازیی دادوەری ئەنجامدا و ئاماژەیان بەوەدا، کە ئەو پاکێجە زەمینە بۆ ئازادکردنی تاوانبارانی تاوانەکانی دژی ژنان و منداڵان خۆش دەکات، ئەوان بەردەوامی خەباتی خۆیان بۆ پاراستنی مافی ژیانی ژنان دووپات کردەوە.

 

ئەو ناڕەزایەتییە لەلایەن پلاتفۆرمی ژنانی دیجلە لەئامەد "دەکەپ" و تۆڕی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی ئامەد ڕێکخرابوو، سەرەڕای بارینی بەفرێکی زۆر، بەشداربووان لە بەردەم دادگا کۆبوونەوە و پۆستەرێکیان بەدەستەوە بوو کە لەسەری نووسرابوو "ئێمە دژی پاکێجی چاکسازیی یازدەهەمین دادوەرین کە بکوژانی ژنان ئازاد دەکات"، هەروەها وێنەکانی ڕۆژدا یاکیشیکلی کە لەلایەن پیاوێکەوە کوژرا بەرزکرابۆیەوە کە لەژێر ئەم پاکێجەدا پیاوەکەی ئازادکرابوو.

 

لە کاتی ناڕەزایەتییەکەدا، ڕاگەیاندراوێک لەلایەن ڕۆزا سوزان ئیشبیلین، پێشەنگی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزا خوێندرایەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتبوو، دەسەڵاتداران بێدەنگن سەبارەت بە پەرەسەندنی کوشتنی ژنان و توندوتیژیی پیاوان، پاکێجەکانی چاکسازیی دادوەری و ڕێساکانی جێبەجێکردن کە ناوبەناو دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، کەئەمەش ڕێگا خۆش دەکەن بۆ ئازادکردنی بکوژانی ژنان و ئەنجامدەرانی تاوانە توندوتیژییەکان لە ڕێگەی پارێزبەندییەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئایا دەسەڵاتداران و یاسادانەران درک بەو مەترسییانە دەکەن کە ئەم ئازادکردنانە بۆ سەر ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی دروستی دەکەن، و ئەو زیانانەی کە قەرەبوو ناکرێنەوە؟ عەقڵیەتی تاوانبار "من سزایەکی کورت بەسەر دەبەم و دواتر دەردەچم" هاندەری بکوژە ئەگەرییەکانە

 

لە بەیاننامەکەیدا، سوزان ئیشپیلین ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ماوەی ۱۱ مانگی ساڵی ٢٠٢دا، ٣٤٩ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون،٢٦٧ لەو ژمارەیە کوشتن بوون، لەکاتێکدا ٨٢یان مردنی گوماناویی بوو،٫ داتاکان دەریدەخەن کە مەترسیدارترین شوێن بۆ ژنان ئەو شوێنەیە کە بڕیارە پارێزراو بن، لە ٦٣.٩٪ی ئەو ژنانە لەناو ماڵەکانیاندا کوژراون، لەسەر دەستی ئەو کەسانەیە کە نزیکترینن لێیانەوە، وەک هاوژین، باوک، برا یان کوڕ، هەروەها ٤٥٪ی زیانڵێکەوتووەکان ژنانی گەنجن کە تەمەنیان لە نێوان ١٩ بۆ ٣٥ ساڵدایە.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆیی ڕوونیکردەوە، کە تەنها لە ئامەد لە ماوەی ساڵ ۲٠٢٥دا، ١٨ ژن کوژراون، جگە لەوەی ٨ کەیسی گیانلەدەستدانی گوماناوی هەبووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵی ٢٠٢٥ وەک کوشندەترین ساڵ بۆ ژنان لە شارەکەدا تۆمارکراوە.

 

جەخت لەوە کراوەتەوە، کە کوشتنی ڕۆژدا یاکیشیکلی لەلایەن پیاوێکەوە کە بەپێی پاکێجی یازدەهەمی دادوەری ئازادکراوە، بەڵگەیەکی ئاشکرایە لەسەر کاریگەرییە وێرانکەرەکانی کەمکردنەوەی سزاکان و سیاسەتەکانی ئێستا لەسەر مافی ژیانی ژنان، ئەگەر نیازێکی ڕاستەقینە هەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی توندوتیژی دژی ژنان لەم وڵاتەدا، کاریگەرترین ڕێگە بۆ پێشەوە کارکردنە بۆ کۆتاییهێنان بە نایەکسانی ڕەگەزی و هێنانەدی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان.

 

هەروەها جەخت لەسەر پێویستی بونیادنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و جێبەجێکردنی کاریگەرانەی یاساکانی پاراستنی ژنان و گەڕاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ و جێبەجێکردنی توندی یاسای ژمارە ٦٢٨٤ کراوەتەوە.