ژنانی تەڤگەری ئازادی پشتیوانی لە دەنگی ژنان و مافی ژنان دەکەن

پاش ئەوەی دکتۆر باخان ئازاد لەلایەن ئاسایش و دەسەڵاتدارانەوە دەستگیرکرا لە پێناو بێدەنگ کردنی لە خستنە ڕووی گەندەڵی و کارە ساختەکانی حکومەت، ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ پشتیوانی لەو دکتۆرە سەردانیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بە مەبستی پشتگیریکردن لە دکتۆر باخان ئازاد سەردانی ماڵی دکتۆریان کرد و چەپکە گوڵ و شیرینیان پێشکەشکرد.

 

لە سەردانیکردنەکەدا ژنانی تەڤگەری ئازادی وێڕای پشتیوانی خۆیان بۆ دەنگی دکتۆر باخان، ڕایانگەیاند بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە مافی دکتۆر دەکەن.

 

بە وتەی دکتۆر باخان، ئاسایشی سلێمانی بە شێوەیەکی ناشرین مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ زیندانیان کردووە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیشدا ئەو دکتۆرە باسی لە دۆخی ژنانی ناو زیندان کرد و ڕایگەیاند: "ئەو ژنانەی لە زیندانەکاندا بە چەندین شێوە ئازاری جەستە و دەروونیان دەدرێت، بە داری ماسیحە لێیان دەدرێت و تەنانەت هەندێکیان وتویانە کە چەندین جار هەوڵی خۆکوشتنیان داوە".

 

ڕوناک مەجید ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند: ئێمە پشتیگیری هەر ژنێک دەکەین کە بیەوێت لە بەرژەوەندی گشتی خەڵکدا ئەو گەندەڵیانەی هەیە ئاشکرا بکات و لە هەموو بارێکیشدا پشتیوانی لە دکتۆر باخان دەکەین کە ڕووبەڕووی هەر شتێک ببێتەوە.

 

لە کۆتایشدا دکتۆر باخان ئازاد داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێم کرد، کە چیتر چاوپۆشی لە مافی گشتی و ژنان بە تایبەت نەکەن.

ت.پ