ژنانی تل تەمر بۆ ٨ی ئادار بەشداری سەفەربەری بوون

بۆ ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، ئەندامانی کۆنگرە ستار بەشدارییان لە سەفەربەری گشتیدا کرد.

تل تەمر

 

کۆنگرە ستار بەردەوامە لە زنجیرە چالاکییەکانی بۆ پێشوازیکردن لە ڕۆژی جیهانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، دوێنێ کۆنگرە ستار لە تل تەمر لە کانتۆنی جزیرە لە مەیدانی قەندیلی شارەکە گردبوونەوە و خۆیان چەکدار کرد و بەشدارییان لە سەفەربەریدا کرد.

 

سەنا تامر، بەڕێوەبەری کۆنگرە ستار قسەی کرد و وتی: بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، ڕۆژێک کە نوێنەرایەتی خەباتی ژنان دەکات لە سەرانسەری جیهان بۆ ئازادی و یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤایەتی، ئێمە بە پەیامێک بۆ گەلەکەمان و هەموو ژنان ڕۆڵی مێژوویی و پێشەنگانەی ژنان لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیکدا دووپات دەکەینەوە.

 

سەنا تامر سەرنجی بۆ دۆخی ئێستای ناوچەکە ڕاکێشاو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو دۆخە هەستیارانەی هەرێمەکەمان ڕووبەڕووی دەبێتەوەو مەترسییەکانی سەر ئاسایش و سەقامگیری گەلەکەمان وا دەخوازێت هەموومان بگەینە ئاستێکی بەرپرسیارێتی هاوبەش، لەم ڕوانگەیەوە ئێمە کۆنگرەی ستار بەشداری تەواومان لە سەفەربەری گشتیدا ڕادەگەیەنین، ئێمە پابەندین بە پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان و کۆمەڵگە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو هەوڵەکان بۆ شکستپێهێنانی ئیرادەی گەلانی ئازاد بەشداریمان لە سەفەربەری گشتیدا، لەم ڕۆژە مێژووییەدا، لێدوانێکی ڕوونە کە هەرچەندە فشارەکان توند بن، ئیرادەی ژنان ناشکێنرێت و دەنگی ژنان وەک چرایەکی ئازادی دەمێنێتەوە.

 

بەڵێنی ژنانی بەبیرهێنایەوەو لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە کۆنگرەی ستار جارێکی دیکە بەڵێنەکەمان نوێ دەکەینەوە بۆ بەردەوامبوون لە خەبات و ماندوو نەناسانە کار دەکەین بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان و بەهاکانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد.

 

چالاکی پشتیوانی و بەشداریکردن لە سەفەربەری بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” کۆتایی هات.