ژنانی سەقز: مەهێڵن کچەکانمان لە سێدارە بدرێن
کۆمەڵێک لە ژنانی سەقز لە خانەقای ئازادی کۆبوونەوە، جەختیان لەسەر ڕاگرتنی سێدارە و دەربەدەری و زیندانی کردن کردەوە، پشتیوانی خۆیان بۆ وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی نیشاندا.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵێک ژن لە سەقز لە خانەقای ئازادی کۆبوونەوە و پانکارتی "نا بۆ سێدارە" و "نا بۆ زیندانیکردنی چالاکانی سیاسی"یان بەدەستەوە بوو و وێڕای پشتیوانی لە وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، خوازیاری ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی بوون.
ئەم ژنانە لەگەڵ دایکی شێخ ئازاد شەهابی کە چەند مانگ لەمەوبەر لە لایەن بریکارەکانی ڕژێمی ئیسلامی و سەلەفیەکانەوە تیرۆر کرابوو، پێداگرییان لەسەر وەستاندنی سێدارە، دەربەدەری و زیندانیکردن کرد و پەیمانی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" نوێ کردەوە.
دایکی شێخ ئازاد شەهابی، کە سێ لە کوڕەکانی تیرۆرکراون، بە پانکارتی "نا بە تیرۆر" وتی: خەڵکی بە شەرەفی کوردستان، سێ لە کوڕەکان تیرۆر کراون، ڕێگە نەدەن کچەکانمانیشمان لە سێدارە بدرێن.
لە دەقی باس لەوە کراوە:
ڕژێمی تاوانکاری بەعس لەیلا قاسمی لەسێدارە دا، بەو هیوایەی ترس و تیرۆر لەلای ژنە چالاکوانانی کورد دروست بکات، بەڵام نەک هەر بە ئامانجەکەی نەگەیشت، بەڵکو هەزاران لەیلا قاسم هاتنە مەیدانەکە، دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئازادی ژنانی کورد، لەیلا زانای دەستگیرکرد، بەڵام تاکە شتێک کە بێدەنگ نابێت دەنگی ئازادییە، چونکە ژنانی کورد درێژەپێدەری ڕێبازی حەپسەخان نەقیب، دامەزرێنەری یەکەمین ڕێکخراوی ژنانی کورد، عادیلەخان پارێزگاری هەڵەبجە، مەستوورە ئەردەڵان، یەکەمین مێژونووسی ژنی کورد، مینا خان، هاوژینی خۆڕاگری پێشەوا قازی محەمەدن، تیرۆر ئێمە ناترسێنێت و لە کوشتنیش ڕێگریمان لێناکات، بۆ "ژن، ژیان، ئازادی".