ژنانی شیوعی پێشەنگی گردبوونەوەیەکیان کرد، لە شارۆچکەی کەلار
ڕێکخراوە مەدەنییەکانی حزبی شیوعی کوردستان لە کەلار گردبوونەوە و داوایانکرد چارەسەری قەیرانەکان و دۆخی خراپی خەڵک و گرانبوونی بەنزین بکرێت.
گەرمیان
ئوارەی دوێنێ لە بەردەم قوتابخانەی لەیلا قاسمی بنەڕەتی لە شارۆچکەی کەلار ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، رێکخراوە جەماوەرییەکانی حیزبی شوعی کوردستان گردبوونوەیەکیان ئەنجامدا دژ بە گرانی نرخی بەنزین.
لە گردبونەوەکەدا، دروشمی " نا بۆ گرانی نرخی بەنزین"، "بەسە یاریکردن بەنان و ژیان و قوتی خەڵکەوە"، "چیتر میللەت مەکەنە قوربانی سیاسەتی شکستخواردووی خۆتان"، دەوترایەوە، یاداشتنامەی هاوبەشی کۆمەڵە ئافرەتانى کوردستان، یەکێتى لاوانى کوردستان و یەکێتى گشتى قوتابیانى کوردستان لەلایەن نەرمین عوسمان لەسەر ناوی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی شیوعی خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: پێمان وایە ڕەوشی ژیانى کۆمەڵگاکەمان لە ئاستێکى مەترسیدار و قەیراناویی دایە و پێویستى بە چاکسازی ڕاستەقینە هەیە، چونکە ژیانى خەڵک بەدەست گرانبوونى نرخى بەنزین و شتومەک و سووتەمەنیەوە ڕۆژ لەدوایی ڕۆژ خراپتر دەبێت و بوەتە مایەى قەیرانێکى کوشندە بۆ خەڵک، بەتایبەت ناوەندێکى فراوانى خەڵکى کەم درامەت,کە زۆرینەى خەڵکى کوردستان پێک دێنن.
وتیشی : بەداخەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە بری چاکسازی و پێشکەشکردنى خزمەتگوزاری بەخەڵکى کوردستان، بەردەوامە لە فرۆشتنى کەرتى گشتى بە کەرتى تابیەتى، ئەمەش لەسەر بنەمایی وەزراەتى پلاندانانی حکومەتى هەرێمى کوردستان کە گوایە بەم ڕێگایە دەتوانرێت ئاستى ڕێژەیی قەیرانەکان کەم بکاتەوە، بەڵام گرانبوونى هەموو شتێکى بەدوایی خۆیدا هێنا.

لە کۆتایی یاداشتەکەدا لە چەند خاڵێکدا داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتى خۆجێی گەرمیان کتد کار بۆ چارەسەرکردنى خراپی دۆخ و گوزەرانى خەڵک کرد:
-بە زووترین کات چارەسەری نرخی سوتەمەنێکان بکرێت و یاری بە نرخەکانیان نەکەن.
-پیویستە حکومەتی هەرێم و ئیدارەی خۆجێی ناوچەکە ڕەچاوی ئەوە بکەن ئێمە بەشێکین لە عێراق و ئەو جیاوازییە لەنرخی سوتەمەنی بەنزین نەبێ لە گەڵ عێراقدا.
-پێویستە لە نزیکترین ماوەدا ڕێگری لە گرانی نرخی شتوومەک و دەرمان بکرێت.
-ناکرێ سەرمایەداروچاوچنۆکان ئەم دۆخە بقۆزنەوە بۆ دەست بەسەرداگرتنی بازاڕو بڕینی گیرفانی خەڵکی هەژار.

لە لێدوانێکدا بۆ ژنها، چالاکوان و بەشداربووی گردبوونەوەکە شەیما جەمال ئاماژەی بە ئامانجی چالاکییەکەیان دا و وتی: ئێمە هاتووین دەنگی خۆمان بگەیەنینە لایەنی پەیوەندیدار و بڵێین چیتر بێدەنگ نابین بەرامبەر ئەو هەموو نادادی و ستەمە لە خەڵک دەکرێت، ژیانی خەڵکی هەژار بە جۆرێک قورس بووە بێدەنگیمان ستەمێکی ترە لە خۆمانی دەکەین.
شەیما لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتی: "ئێمە ناوەستین لە خەباتی مەدەنیانە و بەردەوام دەبین لەم جۆرە گردبوونەوە و داواکاریانەمان، ئەگەر حکومەتیش باکی نەبێت ئەوا پەیامێک بە خەڵک دەگەیەنین کە چیتر بێدەنگ نەبن بەرامبەر ستەم و یاریکردن بە قووت و بژێویانەوە، گرانکردنی نرخی سووتەمەنی و بەنزین و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک و دەرمان، یاریکردن و ستمکردنە لە خەڵکی هەژار و قابیلی قبووڵکردن و بێدەنگی نییە".
ت.پ