ژنانی شەنگال: دەبێت حکومەتی عێراق شەرم لە کارەکانی بکات
ژنانی شەنگال لەبارەی هێرشەکانی سوپای عێراق لە ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگەدا بۆ سەر شەنگال وتیان: "بە بەرخۆدان توانیمان بگەینە ئەمڕۆ لە ئێستاوە هەموو شتێک دەکەین بۆ پاراستنی شەنگال".
شەنگال
دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک لە ١٧ی نیسان هێرشی کردە سەر خاکی باشووری کوردستان، حکومەتی عێراق لە ١٨ی نیسانیش هێرشی کردە سەر ئاسایشی ئێزدیخان، هێرشەکانی سەر شەنگال و باشوری کوردستان بە گشتی لە چەندین ناوچە ئیدانە کران و خۆپیشاندان کرا، هاوڵاتیانی شەنگالیش لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا لەسەر پێن و ژنانی شەنگالیش بۆ پاراستنی خاکەکەیان بەشدارن لەو چالاکییانەدا، لەسەر ئەم پرسانە، دوێنێ ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی شەنگال بە بەشداری نوێنەرانی دامەزراوەکانی شەنگال لە گۆڕستانی شەهیدانی ش.بەرخۆدان و ش.دلگەش کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ڕێکخست و بارودۆخی سیاسی عێراق و شەنگال و جیهانی هەڵسەنگاند.
جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی شەنگال سێڤێ عەمۆ هەڵسەنگاندنی گرنگی لەسەر ئەو بابەتە کرد و وتی: "ئێمە هەرگیز لایەنگری شەڕ نین بەڵام هەر کەسێک بێت ئەگەر مرۆڤێکی ئێمەش بێت لە دژی کۆمەڵگاکەمان ڕەفتار بکەن، ئێمە لە دژیان دەجەنگین و خۆمان دەپارێزین، هەر وەک چۆن لە چلەی هاوینی پیرۆزی ئێمە چەتەکانی داعش فەرمانیان لەسەر کردین، سوپای عێراق لە جەژنی چوارشەممەی نیساندا لە پیرۆزترین جەژنماندا هێرشی کردە سەر ئاسایشمان، ئەم هێرشە تەنیا لەسەر ئاسایشی ئێمە نییە، بەڵکو لەسەر هەموو کۆمەڵگاکەمانە چونکە هەموومان ئاسایشی ئێزدیین، ئەم هێرشانەی دوایی سەر شەنگال لە رێکەوتننامەی ٩ی تشرینی یەکەم دانەبڕاوە، لەئێستادا هیچ حکومەتێکی دامەزراو لەعێراقدا نییە ددانەکانیان لە دژی شەنگال تیژ دەکەن، ئەمە تەنیا لە لایەن عێراقەوە ئەنجام نادرێت ئەمە پیلانی دەوڵەتی تورکیایە، چونکە دەوڵەتی تورک بەتەنیا ناتوانێت بێتە شەنگالەوە، پارتیش ناتوانێت بۆیە سوپاسی عێراق بۆ سەر ئێمە دەنێرێت، ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی ئامادەین بەرگری لە خۆمان بکەین لە دژی هەر هێرشێک سەرەڕای ئەوەش ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ دیالۆگ".
مەیان بۆرک، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی ئازادی ئێزدی وتی: "پێویستە حکومەتی عێراق شەرم لە کارەکانی بکات، هەموو کەس دەزانێت ئەوانەی شەنگالیان ئازاد کردوو ئەوانەی یەکەم جار دوای ئازادکردنی ئاڵای عێراقیان لەسەر خاکی شەنگال هەڵدا دیسان ئاسایشی ئێمە و یەژەشە و یەبەشە بوو، بە سایەی ئەم هێزانە سوپای عێراق توانی جارێکی تر بگەڕێتەوە شەنگال، بۆیە پێویستە عێراق بەشداری لەسیاسەتی دەوڵەتی تورکدا نەکات و هۆشیار بێت، هیچ شتێک بۆ ئێمە نەماوە کە لێی بترسین، سەیری دەوروبەرمان بکە سەدان شەهیدمان بۆ پاراستنی باوەڕمانداوە، ئێمە بەڵێنمان بەو شەهیدانە داوە کە بۆ هیچ هێزێک شەنگال جێناهێڵین".