ژنانی شەممە مۆرەکان: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ هەنگاوێکی کرداری و کاریگەری دژی تاڵیبان نەناوە

ژنانی شەممە مۆرەکان داوای دامەزراندنی تۆڕی پشتیوانی بۆ ژنانی ئەفغانستان دەکەن و دەڵێن: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ هەنگاوێکی کرداری و کاریگەری دژی تاڵیبان نەناوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 لە مانگی ئابی ٢٠٢١ەوە تاڵیبان گەڕاوەتەوە ئەفغانستان و دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، لەو کاتەوە بارودۆخی ژنانی وڵاتەکە لە خراپیدایە و لە لایەن تاڵیبانەوە قەدەغەکارییان لەسەرە.

 

بزووتنەوەی ژنانی ئەفغانستان “شەممە مۆرەکان” بەهۆی پێشێلکارییەکانی تاڵیبان بۆ سەر ژنانی وڵاتەكەیان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، جەخت لەسەر پێویستی هەنگاوی دەستبەجێ و یەکلاکەرەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ پشتیوانیکردن لە ژنانی ئەفغانستان و بەجۆرێك داوای دامەزراندنی تۆڕی پشتیوانی بۆ ژنان دەکەین، بەتایبەتی لە ناوچە دوورە دەستەکان و گوندەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی “جیاکاری ڕەگەزی.

 

وتیشیان: داوای ڕاگرتنی هەموو هاوکارییە داراییەکان بۆ تاڵیبان دەکەین و دەبێت سەرکردەکانی تاڵیبان دادگایی بکرێن، هێشتا ژنان لە شەڕی نایەکسانی لەگەڵ تاڵیبان بە تەنیا ماونەتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ هەنگاوێکی کرداری و کاریگەری دژی تاڵیبان نەناوە.