ژنانی قامیشلۆ: تا قبوڵکردنی یەپەژە تێدەکۆشین
ژنان لە شاری قامیشلۆ ڕێپێوانێکی گەلیان بۆ یەپەژە ئەنجامدا، بۆ پشتیوانی لە یەپەژە ڕایانگەیاند: بە هێزو تێکۆشان و ئیرادەی ژنان یەپەژە لە دەستووری سووریادا قبوڵ دەکرێت.
قامیشلۆ
خەباتێکی بەهێز لە ئارادایە بۆ ئەوەی یەپەژە بە فەرمی وەک هێزێکی ژنان لە لایەن حکومەتی کاتی سووریاوە بناسرێت، بە تایبەتی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بە ئیرادەیەکی زۆرەوە خەبات بۆ ئەمە دەکەن.
پلاتفۆرمی چالاکیە هاوبەشی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژئاوایکوردستان لە ٢٦ی نیسان هەڵمەتێکی بە ناوی "هەموومان یەپەژەین، یەپەژە بوونی ئێمەیە" بۆ پشتیوانی لە یەپەژە ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا زنجیرەیەک چالاکیی پشتیوانی بەڕێوەچوو، هەر بۆیە ئەمڕۆ لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بە دروشمی "هەموومان یەپەژەین، یەپەژە بوونی ئێمەیە" بە سەرۆکایەتی کۆنگری ستار ڕێپێوانێکی گەل بەڕێوەچوو.
ڕێپێوانەکە لە بازنەی سێیەمەوە دەستیپێکرد و لە بازنەی شەهیدان بە بەشداری سەدان ژن، فەرماندە و شەڕڤانانی یەپەژە، ئەندامانی شارەوانی، دامودەزگاکانی خۆبەڕێوبەری، دامەزراوە و تەڤگەریەکانی ژنان کۆتایی هات، ئەو ژنانەی بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کردووە دووپاتیان کردەوە، تا ئەو کاتەی یەپەژە بە فەرمی لەلایەن حکومەتی کاتیەوە نەناسرێت، هەموو ڕۆژێک لەسەر شەقامەکان دەبن.
بڕیارەکانی حکومەتی کاتی دژ بە ئیرادەی خەڵک و ژنانە
دوای خولەکێک بێدەنگی گوڵستان گوڵۆ بەناوی کۆنگرە ستارەوە قسەی کرد، سڵاوی لە هەموو ژنێک کرد کە ڕۆژانە خۆپیشاندانی سەر شەقام بۆ پشتیوانی لە یەپەژە ئەنجام دەدات و وتی: ئەمڕۆ ئەو ڕێپێوانەی لێرە لە مەیدانی شۆڕشەوە ئەنجامی دەدەین بۆ دەستەبەرکردنی ماف و بوون و ئیرادەی ژنانە لە دەستووری نوێی سووریادا، ئێمە ١٤ ساڵە بەبێ پچڕان خەبات دەکەین بۆ بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک و ڕووخاندنی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان و دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیک، بەداخەوە ئەو حکومەتە جێگای ڕژێمی بەعسی گرتەوە، زیاتر و زیاتر ماف و بوونی خەڵک و ئیرادەی ژنان لەناو دەبات، هەموو ئەو بڕیارانەی ئەم حکومەتە کاتییە دەیدەن دژی مافەکانی گەلی سووریا و بوونی ژنانە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ئەنجومەنی گەل هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامدا، بەڵام ئیرادەی گەل و ژنان لەوێ نەبوو، ئەوان هەمان هەڵبژاردنی ڕژێمی بەعس بوون.
تێکۆشانمان دەبێت بەردەوام بێت

ڕۆهلات عەفرین بەناوی یەپەژە وتی: ژنان لە هەموو پێکهاتەکانەوە پاڵپشتی یەپەژە دەکەن، بە ناوی هێزی یەپەژە و هەموو ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان، دڵی شۆڕش و شوێنی سەرکەوتن، لەبەرامبەر هەموو شەهیدان و خێزانی شەهیدان، بەڵێنمان ئەوەیە کە بوەستینەوە و پارێزگاری لەم نیشتمان و خاکە بکەین، لە کاتێکدا ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێپێوان دەکەین، لە هەمان کاتدا هەزاران ژن لە مەیدانەکانی شارەکانی ئەوروپادا ڕێپێوان دەکەن، ژنان لە هەموو پێکهاتەیەکەوە بە یەک دەنگ دروشمی"هەموومان یەپەژەین، یەپەژە بوونی ئێمەیە"، هەموو ئەو ڕێپێوانانەی کە بۆ پشتیوانی لە یەپەژە ئەنجام دەدرێن شایەنی ڕێزگرتنن، پێویستە خەباتی ئێمە لە دژی نادادپەروەری و نایەکسانی و دژی ئەو دەسەڵاتەی کە دەیەوێت هێزێکی پێشکەوتنخواز ئاڵۆز بکات، بەردەوام بێت.
ڕۆهلات عەفرین ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەتی کاتی ژنان لە سیاسەت دوور دەخاتەوە و گەلی سووریا متمانەی بە ئێمەیە و ئێمەش متمانەمان بە گەلەکەمان هەیە، حکومەتی کاتی ژنان لە سیاسەت و دامودەزگاکان دەهێڵێتەوە، کە ئەمەش هەرگیز قبووڵکراو نییە، بۆیە پاراستن و قبووڵکردنی یەپەژە لە سوپادا بە واتای پاراستنی هەموو ژنانە لە سیستەمی سووریا و پاراستنی کولتووری کۆمەڵگەکان و پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان، ڕەتکردنەوەی یەپەژە ڕەتکردنەوەی کولتوور و زمانی کوردییە، بۆیە متمانەمان بە گەل و کۆمەڵگەکەمان هەیە، لە سووریا هەنگاوی زۆر دەگیرێتەبەر، بەڵام کەموکوڕی زۆریش هەیە کە ئێمە ڕەخنەی لێدەگرین، بۆ ئەوەی ئێمە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خوێنی شەهیدان بپارێزین، پێویستە یەپەژە قبوڵ بکرێت، ئێمە دەڵێین ئەگەر قبوڵ نەکرێت تا کۆتایی بەرگری لەم خاکە دەکەین.