ژنانی پارتە سیاسییەکان سەردانی لیژنەی داکۆکی مافی ژنانیان کرد

ژنانی ناو پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی لیژنەی داکۆکی لە مافی ژنانیان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد، لە بارەی ئەو پڕۆژە یاسایانەیە تایبەتن بە ژنان و کێشەکانیان گفتوگۆیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٢٤ی ئاب تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنانی پارتە سیاسیەکان سەردانی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ژنانیان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد، لەلایەن ئەندامانی لیژنەکەشەوە پێشوازیان لێکرا.

 

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە ژنان کرا، لەوانەش ئەو پڕۆژە یاسایانەی تایبەتن بە کێشەکانی ژنان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان، هەروەها ئامادەکاری بۆ پێشنیاز و پڕۆژە یاسای تایبەت بە ژنان و خێزان.

 

ناسک سەعید، ئەندامی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە ژنهای ڕاگەیاند، ئەم سەردانە پاش ئەوەدێت، لە ساڵی ڕابردوو و ئەم ساڵیشدا چەند جارێک وەک تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، تا ئەو پڕۆژە و بڕگە یاساییانەی لەبارەی ژنانەوە دەردەچن، پێشتر ڕێکخراوەکانی ژنانیان لێ ئاگادار بکرێتەوە.

 

لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ سەردانی لیژنەی داکۆکی لە مافی ژنانیش لە پەرلەمانی کوردستان کردووە، "ئەوەبوو کە ٢٨ی مانگی تەمموزی ڕابردوو، د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان نوسراوێکی ئاڕاستەی ڕێکخراوەکانی ئافرەتان کرد، هەر پێشنیارێکیان هەیە سەبارەت بە پرسی ژنان و منداڵ و خێزان دەتوانن ڕەوانەی بکەن بۆ ئەوەی لە خولی ئایندەی پەرلەماندا بتوانن کاری لەسەر بکەن".

 

لەو بارەیەوە ئەوان وەک تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنانی کوردستان سەردانی لیژنەی تایبەت بە ژنانیان کردووە، تا بزانن لە پەرلەمانەوە کار لەسەر چ پڕۆژەیەک کراوە، ئەوان کار لەسەر پڕۆژەی دیکە بکەن، گفتوگۆییان لەبارەی نزیکەی ١٦ بڕگەی تایبەت بە ژنان کردووە.

 

ت.پ