ژنانی کۆیە ڕۆژی ٨ـی ئاداریان بەرز ڕاگرت

ژنانی کۆیە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان کۆبوونەوە و و جەختیان لەوە کرد کە ژنان پێویستە خۆیان لە عەقلەیەتی پیاوسالاری بپارێزن.

شیا كۆیی

 

کۆیە- دوێنێ ٨ی ئادار رۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان لەشاری كۆیە، لقی یەكێتی ژنانی كوردستان لە بارەگای خۆیان یادی ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.

 

چیمەن رەفیق، بەرپرسی لقی یەكێتی ژنانی كوردستان لە كۆیە لە ڕێگەی ئاژانسی نوژنهاوە پیرۆزبایی دەگەیەنێت بە هەمو ژنانی هەرچوارپارچەی كوردستان وتی: لەم رۆژە میژوویەوە كە نەتەوە یەكگرتوەكان بڕیاریاندا بكرێت بە پشو وتا ئەمڕۆ ئەو یادە بەردەوامە و هەمو رێكخراوەكانی ژنان هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان، لە مێژووەوە ژنان بەناحەق دەكوژڕێن لەسەر شەرف و یان هەندێك گومان كە ئەوەش دیاردەیەكی زۆر ناشیرنە، هیوادارم بن بڕ بكرێت ئەوەش دەوەستێتە سەر هۆشیاری كۆمەڵگە و پێویستە رێگای یاسایی بەكار بهێنین چونكە كوشتن كفرە ونابێت.

 

سەبارەت بە سەپاندنی یاسای هاوسەرگیری منداڵانی تەمەن ٩ ساڵان وتی: ئەوە تاوانێكی گەورەیە دەرهەق بە منداڵان دەكرێت، چونكە لەداهاتوودا ژیانی ئەوان دەكەوێتە ناو توندووتیژی بۆیە كارەسات و ئەنجامی خەراپی لێدەكەوێتەوە، باشترین چارەسەر بۆ پاراستنی ژنان هۆشیاری لەناو خێزانەكاندایە، پەروەردەكردنی منداڵی تەندروست گرنگە، پێویستە حكومەت لە قۆناغی ناوەندی لە قوتابخانەكان بابەتی هۆشیاری وخۆپارێزی بكاتە ناو مەهەنجەوە.

 

قەدریە ئەسعەد، ئەندامی لقی یەكێتی ژنانی كوردستان ٨ی ئاداری لە هەموو ژنانی كوردستان پیرۆز کرد و وتی: هیوادارم ژنان ئەو ڕێچكە بشكێنن كە توندووتیژیان بەرامبەر دەکات، و ترسیان لەدڵدا نەمێنێت چونكە ژنانی ئێمە هەمووكات لە پێگەی گەورە دەسەڵاتیان هەبووە و گیان فیدابونە لەپیناو كوردستان تا ئێستاش بەردوامن.

 

قەدریە ئەسعەد وتیشی بەداخەوە تا ئێستا ئەو نەریتە ماوە كە بەناوی ناموس ژنان زوڵمیان لێدەکرێت.هیوادارم ئەو نەریتە خراپانە نەمێنی چونكە ژن هەمیشە پێشەنگە، ژن دایكە و خوشكە و خێزانە، هاوكات ژن دەتوانی شان بەشانی پیاو كاربكات و خۆی پێبگەیەنێت.

 

قومریە حەمەد قادر لەبارەی ٨ی ئادارەوە وتی: ژنان بە باشی هەوڵبدەن مافی خۆیان بەدەست بهێنن وەك مافی خوێندن و ئەومافانەی شایستەیە بۆیان بەرجەستەی بكەن.

 

قومریە حەمەد وتیشی: ئەوەی كە هاتە كایەوە بەخەباتی و هەوڵی ژنان کراوە، پێویستە بیپارێزین و پێكەوە كۆمەڵگە بەرەو پیش ببەین، دەبێت بزانین ژنان لە پیاوان كەمترنین، بۆیە دەبینین ژنان ئێستا بەڕێوەبەر، ئەندام پەرلەمان، وەزیرن.

 

قومریە حەمەد سەبارەت بە هۆكاری زۆربونی توندووتیژیەكان وتی: تا ئێستا لە كۆمەڵگەیەكی داخراوداین،  بۆیە تا ئێستاش عەقلییەتی پیاو سالاری و لەهەندێک لە خێزانەكاندا زاڵن و رێگە بە ژن نادەن لە چوارچێوەی ماڵەكەی خۆی بێتە دەرێ.