ژنانی کۆیە بەشداری هەڵمەتی هۆنینەوەی کەزی بوون
دژی بڕینی کەزی شەڕڤانێکی ژن لەلایەن چەتەکانی هەتەشەوە،ژنانی كۆیە هەڵوێستیان هەیە ودەلێن: گەر كەزیەك ببڕن ئێمە هەزارن كەزی كە دەهۆنینەوە.
شیا کۆیی
کۆیە-لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکان لە ٦ی کانوونی دووەم، چەتەکانی هەتەشە کاری دڕندانەو پیس ئەنجام دەدەن و بە بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆیی کارە قێزەونەکانیان ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان نیشانداوە، یەکێک لەوانە چەتەیەکی دڕندەی هەتەشەیە کە کەزی شەڕڤانێکی ژنی بەدەستەوەیەو ئاماژەیە بۆ ئەوەی دوای شەهیدبوونی شەڕڤانەکە کەزییان بڕیوە، ئەمەش کاردانەوەی ئازادیخوازانی کوردو جیهانی لێکەوتەوەو کەدژی ئەم کارە، ژنان بەشداری هەڵمەتی هۆنینەوەی کەزی بوون، هەروەها باوکان قژی کچەکانیان کردە کەزی.
لە شاری کۆیەش ژنان بەشداری هەڵمەتەکە بوون و قژەکانیان کردە کەزی و بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.
"یەکگرتوویی کورد جێی خۆشحاڵییە"
ەداستان بهرام، پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان وتی: من وەك كچە شەهیدێك وكەسوكاری ئەنفالكراوان پشتگیری خۆمان دەردەبرین بۆ هەموو پشتیوانیەك، بە ڕێپێوان و كۆمەكی هەڵوێستمان دەبێت وبەهەموو توانایەک پاڵپشتی خوشک و برایانمانین لە ڕۆژئاوا، ئەوەی جێی خۆشحاڵیە یەکگرتویی کوردە لە ئێستا دا کودرستان بەهەرچوارچاکەیەوە یەک دەنگ و یەک هەڵوێستن بەرامبەر بە دووژمن، ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە کورد هەرگیز ناکەوێت.
"کورد سەردەکەوێت و قەت نانەوێت"
ئەو پەرلەمنتارە داواکارە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهانای کوردەکان بێن لە ڕۆژئاوا وتی: چونکە دەبینین بە بەرچاوی هەموو دنیاوە کوڕەکانمان سەردەبڕن و کچەکانمان بەکەنیزەک دەکرێن و پرچیان دەبڕن، هەرچەندە کورد هەمو ئەوشتانەی لەسەر تاقیکراوەتەوە بەجینۆساید و بە کیمیا بارانکردن و پەتی سێدارە، بەو شتانە کۆتایشی پێنەهاتووە قەتیش کۆتایی پێنایەت، بۆیە بەم هەڵوێستانه دەڵێین کورد سەردەکەوێت و قەت نانەوێت، بەو یەک ڕیزیە بەدووژمن دەڵێین کورد سەردەکەوێت و کۆتایتان نزیکە.
"ژنانی ئێمە ئازاو چاونەترسن"
سەمیرە یاسین چالاکوان، سەبارەت بەو کارە قێزەونانەی چەتەکانی سەر بە جۆلانی دەیکەن بەرامبەر بە شەڕڤانان وتی: ئەوانە لە مرۆڤایەتی داماڵدراون ئەوانە دڕندەن کارەکانیان بەرامبەر بە ژنانی شەڕڤان زۆر قێزەونە، ژنانی ئێمە ئازاو چاونەترسن بەڵام ئەوانە وەک دڕندە پەلاماریان دەدەن و واز لە کەزیەکانیشیان ناهێنن پرچیان دەبڕن، بڵام ژنانی ئێمە سڵ ناکەنەوە وناترسن لێیان گەر کەزیەکی شەڕڤانێک ببڕن ئەوە هەزاران کەزی دەهۆنینەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو دنیا و ئاین و ئاسمان دەزانێت کە کەسێک مرد نابێ دەستی لێبدرێت، بەڵام ئەوکارەی ئەوان دەیکەن وەک دڕندەکانی دارستان کاتێک کەلاشەیەک دەدۆزنەوە هەمو پڕی دەدەنێ و لەتو پەتی دەکەن، ئەو داعشانەش شێوەی ئەو دڕندانەن ، کەزی کچەکانمان دەبڕن یان بە مردویی لەیەر باڵەخانە هەڵیان دەدەنە خوارێ، ئەوانە لەمردووی کوردیش دەترسن، هیوادارم شەڕڤانان و کورد سەرکەون ڕۆژئاوا ئازادبێت لەدەست دووژمنان.
"هەزاران کەزی دەهۆنینەوە"
نیگار ئەحمەد، چالاکوان وەک ژنێکی دڵسۆز بۆ ڕۆژئاوا وتی: گەر ئەوان پرچمان ببڕن ئێمە هەزاران کەزی دەهۆنینەوە، کارەکانی ئەوداعشانە لەو پەڕی نا مرۆ ڤانەیە، بەداخەوە ناشبینین وەک پێویست ڕێکخراوەکانی جیهانی ژنان بوەستن بەرامبەر بەو هەموو زوڵمەی دژی ژنان دەکرێت، داواکارین هەمو جیهانی مرۆڤایەتی بێنە سەرخەت ئەوانە ڕاگرن.
ڕوناک سەڵاح، چالاکوان لەبواری ژنان وتی: شۆک بوین بە بینینی دیمەنی بڕینی کەزی شەڕڤانێک، بەڕاستی کارێکی قێزەون بوو هیچ یاسایەکی جەنگ و ئاینەکان دانیە ئەرزو ئاسمان ئەوەی قبوڵ نییە، لەدنیا شتی وانەبووە، بەڕاستی دڵتەنگ بوین پێی و پێیان دەڵێین گەر ئەوان یەک کەزی ببڕن ئێمە هەزار کەزی دەهۆنینەوە.