ژنانی کۆبانێ وەڵامی هەڕەشەکانیان لە دژی شۆڕشی ژنان دایەوە

ژنانی شاری کۆبانێ کە لە بەرخۆدانی پردی قەرەقۆزاخ منداڵەکانیان شەهید کران، وەڵامی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی جیهادییان دایەوە بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وتیان: بە چەکی منداڵەکانمان لە بەرامبەر هێرش و هەوڵی هێرشەکاندا دەوەستینەوە.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، کاتێک هەتەشە جیهادی خۆی بە حکومەت ڕاگەیاند، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی هێرشێکی گەورەیان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکرد.

 

هێرشی چەتەکان کە لە سێ بەرەدا ئەنجامدرا، واتە دێر حافر، بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ، لەلایەن چەکدارانی هێزەکانی قەسەدەوە بەرەنگارییەکی زۆری لێکەوتەوە، دوای ماوەیەک خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش بە کاروان بەرەو بەنداوی تشرین بە مەبەستی پشتیوانی لە شەڕڤانەکانیان ڕێپێوانیان کرد، ڕاستە دەیان ژن و گەنج و شەڕڤان کوژران، بەڵام لە ئەنجامی بەرخۆدانی هاوبەشی هێزەکانی بەرگری و خەڵک، هێرشەکان بێکاریگەر نەمانەوە، لە ۱۰ی ئاداری ۲۰۲٥، ڕێککەوتنێک لە نێوان هێزەکانی قەسەدە و حکومەتی ڕاگوزەر لەسەر ئاستی سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتی واژۆ کرا، حکومەت بەڵێنی داوە کە یەکگرتنی ئاسایشی لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ بکات تا کۆتایی ئەمساڵ.

 

کاتێکی کەم ماوە تا کۆتایی ساڵ، بەڵام لەم نێوەندەدا هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا و بەرپرسانی حکومەتی هەتەشە لە دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

 

لە بەرامبەر هەڕەشە و هێرشەکانی سەر شۆڕشی ژنان، ژنانی شاری کۆبانێ لە ڕێگەی ئاژانسەکەمانەوە هەڵوێستی خۆیان هاوبەش کرد.

 

"فرمێسکی دایکان و خوێنی منداڵان وڵاتی پاراست"

کوڕەکەی نەجمێ کەنجۆ  لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی پردی قەرەقۆزاخ لە ساڵی ٢٠١٦ لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی داعش گیانی لەدەستدا٫ نەجمێ کەنجۆ تەواوی پرۆسەی بەرخۆدانی بیرهێنایەوە و وتی: وڵاتەکەمان بە فرمێسکی دایکان و خوێنی منداڵان بونیاد نراوە و گەشەی کردووە، ساڵی ڕابردووش وەک ئەم ڕۆژانە قورسترین باجمان دا بۆ پاراستنی ئەم خاکە، لە زۆر بەرەی شەڕدا وەک تشرین و قەرەقۆزاخ و دێر حافر منداڵەکانمان بە کاروانی شەڕ ڕێپێوانیان دەکرد و لە پێگەی شەرەفدا جێگەی خۆیان دەگرتەوە، ئێمە وەک دایکیان لەو کاتەدا منداڵەکانمان بە تەنها جێنەهێشت، گەیشتینە بەرەکانی بەرخۆدان و پشتیوانیمان لێکردن.

 

"هەمان هەڕەشە لە ساڵڕۆژی بەرخۆداندا دەکرێت"

نەجمێ کەنجۆ ڕایگەیاند، کە ئەوانیش هەمان هەڵوێستیان بەرامبەر بە هەڕەشەکان هەیە و  ساڵێک تێپەڕیوە، بەڵام جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هەمان هەڕەشە و هەوڵی هێرشکردن بوونەتەوە، جەختی لە دوژمنایەتی بەرامبەر گەلی کورد کردەوە و وتی: مێشکی دوژمنانمان پێشتر بە وشەی کورد گەندەڵ بووە، لە هەر دەرفەتێکدا هەوڵی قڕکردنمان دەدەن، ئایا وڵاتێک لەدەست بدەیت کە بە خوێن بونیاد نرابێت ئاسانە؟ بێگومان ئێمە بە هەرزان دەستبەرداری خاکەکەمان نابین و داعش و هاوکارەکانیان لە کوێ بن، منداڵەکانمان لەوێ دەبن ئامادەین وەک دایکێک شوێنپێیان بکەون، وەک چۆن ئێمە وەک گەلێک و بە تایبەتی وەک دایکان لە بەنداوی تشرین لەگەڵ شەڕڤانانمان بەرخۆدانێکی هاوبەشمان کرد، ئێستاش بە هەمان بەرخۆدان و ئیرادە و هەڵوێست هەمان وەڵام دەدەینەوە.

 

"سەرچاوەی هێز و بەرخۆدانمان ڕێبەر ئاپۆیە"

نەجمێ کەنجۆ ئاماژەی بەوەدا، ئێمە لە بەرەکانی پێشەوە جێگەی خۆمان دەگرینەوە، لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکانیدا، وتی: ساڵی ڕابردوو لەم کاتانەدا سەدان شەهیدمان دا، کێ ئەم پاڵەوانێتیە لەبیر دەکات، بۆیە وەک ژنێکی دانیشتووی کۆبانێ، ئەگەر پێویست بکات، دەچم چەک بۆ شەڕڤانان هەڵدەگرم، لەم ڕووەوە ڕێبەری بەرخۆدانمان ڕێبەر ئاپۆ کە ٢٦ ساڵە بەبێ وەستان خەبات دەکات، بە تایبەت وەک ژن هەمووان دەیانوت ئێوەن سەر بە ماڵن، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ دژایەتی ئەم قسەیەی کرد، ئێستا ژنانی کورد لە بەرەکانی پێشەوەن، نەک هەر ژن، بەڵکو گەل و خاکەکەیان دەپارێزن، ئەمەش ڕاستی ئێمەیە و لەبەر ئەم هۆکارەش ئەم هەڕەشانە کە ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە بەتاڵ و بێکاریگەرن.

 

"کوڕەکەم بە ئیرادە و بەرپرسیارێتی نیشتمانپەروەرانە خەباتی کرد"

لەیلا محەمەد بۆزان کە ساڵی ڕابردوو کوڕەکەی لە شەڕی پردی قەرەقۆزاخ کوژرا، باسی لەوە کرد، کە لە کاتی شەڕی ڕابردوودا، دیار کوڕەکەی مافی پەنابەری پێدرا و وتی: کاتێک هێرش و پێکدادان لە بەرەی دێر حافر و قەرەقۆزخ دەستی پێکرد، دیار پێی وتم کە دەگەڕێمەوە بۆ لای هاوڕێکانم و بەشداری شەڕەکە دەکەم، هەروەها دوا ماڵئاواییم لە کوڕەکەم کرد و ناردم بۆ لای هاوڕێکانی، دیار بەڵێنی پێدام کە بە پارێزراوی دەگەڕێتەوە ماڵەوە، بەڵام دوای ۱۰ ڕۆژ لە ڕۆیشتن و بەرگریکردن لە گەل و نیشتمانەکەی شەهید بوو.

 

لەیلا محەمەد بۆزان ئەو پرۆسەیەی کە بەم هەستانە ئەزموونی کردووە دەربڕی و وتی: پرۆسەیەکی زۆر قورس بوو، لە هەموو شوێنێک شەڕ و پێکدادان هەبوو، هەموو ڕۆژێک شەهیدمان هەبوو، نەماندەتوانی هەستین و نان بخۆین، ئێمە نەماندەویست ژیانێکی نوێی ئاوارەیی بژین، بۆیە سەرەڕای هەموو ئەو ڕووداوانەی کە ئەزموونمان کرد، دەستبەرداری ئەم خاکە نەبووین.

 

"ئەو بەڵێنانەی بە منداڵەکانمان دابوو جێبەجێی دەکەین"

لەیلا محەمەد بۆزان ڕایگەیاند، کە بە بەڵێنەکانی میراسی منداڵەکانی دەپارێزین و وتی: ئەو ڕووداوانەی ساڵی ڕابردوو ئەزموونمان کرد، بەهێزترمان کرد، دیار و دەیان هاوڕێی شەهید بوون بۆ ئەوەی ئەم خاکە لەدەست نەدەین، هەروەها بەڵێنمان بە منداڵەکانمان داوە کە دەستکەوتەکانیان دەپارێزین، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئامادەین چەکی منداڵەکانمان هەڵبگرین و ببینە قەڵغانیان، ئەم هەڕەشە و هێرشە ترسنۆکانە کە هەمیشە ڕوودەدەن بێکاریگەرن، ئێمە پرۆسەی سەختتر و ڕاستیترمان بەخۆوە بینیوە.