ژنانی جەزائیر، یەکەم هەنگاویان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ژنان دەستپێکرد
زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە وڵاتی جەزائیر وای کردووە کۆمەڵێک فێمێنستی ئەو وڵاتە بە هەماهەنگی لەگەڵ ژنانی وڵاتی فەرەنسا بەرنامەیەکی کار بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئامانج لێی هاوکاریکردن و ئاگادارکردنەوەی کەسانی دەوروبەری ئەو ژنانەن کە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت.
جەزائیر
ژمارەیەک لە چالاکوانە فێمێنستەکانی جەزائیر، دژی دەستدرێژییە سێکسیەکانی سەر ژنان داوایەکیان بەرز کردەوە تا دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان کەمبکەنەوە، هەنگاوەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی سێکسی لە مانگی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە، ئامانج لەم هەنگاوانە پاراستنی ژنانە.
سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێکردنی بەرنامەی کارەکانیان یەکێک لە بەڕێوەبەرەکانی ئەو کۆمەڵەیە بە ناوی سفا بەزا بۆ ژنهای ڕاگەیاند، ئەو بەرنامانەی دەستمان پێکردووە، بەکارهێنانی مۆبایلی ئازادە تا ژنان بتوانن لە هەر کاتێک کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە هاوکاری یەکتر بکەن، باسی لەوەشکرد ئەم هەنگاوە بە دەستپێشخەری کۆمەڵێک ژن دەستی پێکرد لە وڵاتی فەرەنسا و بە هامەهەنگی لەگەڵ وڵاتی جەزائیر.
بەرنامەی پەیوەندییەکە ئێستا لە وڵاتانی فەرەنسا، بەلجیکا و سویسرا هەیە و بۆ یەکەم جاریشە لە وڵاتانی ئەفریقا و جەزائیر هەبێت، جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە لەدوای بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی توندوتیژی بوو لە وڵاتی جەزائیر، کە بە نزیکەی نۆ هەزار حاڵەتی گێچەڵکردنی سێکسی هەژمار دەکرێت.
بەرنامەکە بە جۆرێک کار دەکات، هەرکاتێک ژنێک هەست بکات توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، دەتوانێت لە ڕێگای دوگمەی ئاگادارکردنەوە ژنانی چواردەوری خۆی ئاگادار بکاتەوە لەو مەترسیەی لەسەر ژیانیەتی، ئەگەر حاڵەتەکە مەترسیدار بوو ئەوا بە هاوکاری تایبەت بۆ ئەو ژنە دەنرێردرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەشدا، ژنان لە وڵاتی جەزائیر ڕۆژانە لەکاتی ژیانی ڕۆژانەیاندا توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت لە هەموو شوێنە گشتیەکانی وەک ماڵ، خوێندنگە، شوێنی کار و تەنانەت سەر شەقام، بۆیە پێویستبوو دەستبکەین بە گۆڕینی ئەو ئەقڵیەتە و دابینکردنی سەلامەتی بۆ ژیانی ژنان.
سەبارەت بە بەکارهێنەرانی ئەو بەرنامەیە سفا وتی " ئەو بەرنامەیە ماوەیەکی کەمە لە جەزائیر زامەزراوە بەڵام بە ڕێژەیەکی باش گەشەی سەندووە، هەوڵ دەدەین ئەم بەرنامەیە بە تەواوی وڵاتان ئاشنا بکەین تا ژنان سودمەندبن لێی"، باسی لەوەشکرد لە ئایندەیەکی کەمدا، ئەو بەرنامەیە بە هەر سێ زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و فەرەنسی کار دەکات.
ت.پ