ژنانی هەرات بە ناڕەزایەتی و ئیرادە بۆ ژیان ڕووبەڕووی ستەم و چەوساندنەوەی تاڵیبان دەبنەوە

ناڕەزایەتییەکانی ژنان لە نەخۆشخانەی هەرات نیشاندەری خۆڕاگری ژنانی ئەفغانستانە لە بەرامبەر ستەمکاری تاڵیبان، هەروەها خەباتیان بۆ مافی کارکردن و چاودێریکردن و بانگەوازەکەی دکتۆر مەسعودە ئەمید ئیرادەی ژنانی ئەفغانستان بەرجەستە دەکات.

بەهاران لەهیب

 

هەرات- ژنانی ئەفغانستان ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبنەوە لەسەر دەستی تاڵیبان، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکجار بەکۆمەڵ بەرەنگاری ئەم کارانە دەبنەوە، لەم دواییانەدا کابول شایەتحاڵی هەڵمەتێکی بەربڵاوی دەستگیرکردن بوو کە سەدان ژنانی گەنجی کردە ئامانج بەهۆی "پابەند نەبوونیان بە باڵاپۆشین"، دوای ئەوە ڕەوانەی زیندانەکان کران.

 

هەواڵی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی ژنان بڵاوبووەتەوە و ئەمجارەیان ژنانی هیرات بوونەتە قوربانی، هەرچەندە زۆرینەی ژنانی شارەکە پابەندن بە باڵاپۆشین کە لە ناوخۆدا بە "باڵاپۆشی نوێژ" ناسراوە، بەڵام تاڵیبان لەم دواییانەدا سنووردارکردنییان لەسەریان توندتر کردووە، بە پشتگوێخستنی ئەو نۆرمە کولتوورییە باوانەی کە پابەندبوونی ژنان بە باڵاپۆشیەوە نیشان دەدەن.

 

لە قەدەغەکاری نوێدا دروستکردنی جلوبەرگی ژنانیان قەدەغە کردووە لەلایەن بەرگدرووەکان و فەرمانیان کردووە کە پزیشکی ژن بە تەنها چارەسەری ژنان بکەن لە دامەزراوە تەندروستییەکان، لە بازاڕەکاندا، ئەندامانی "وەزارەتی بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری" جێگیرکراون بۆ چاودێریکردنی پابەندبوونی ژنان بەو شتەی کە بە "باڵاپۆشی تاڵیبان" ناسراوە، ئەمەش لە پەرەسەندنێکی ڕوونی ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر ژنانی ئەفغانستاندا سەپێنراوە.

 

ڕاپۆرتەکان بەڵگەی لەدەستدانی ژیانی ژنان و منداڵانە بەهۆی ڕەتکردنەوەی چاودێری تەندروستی

لە هەڵکشانی مەترسیدارانەی سنووردارکردنی ژنان لە هەرات، لەم دواییانەدا ژنانی باڵاپۆش یان سەرپۆش لەبەر نەکردن، چوونە ژوورەوەیان بۆ تاکە نەخۆشخانەی حکومی شارەکە قەدەغە کرا، ئەم ڕێوشوێنە کاریگەری لەسەر هەردوو نەخۆش و پزیشکی ژن هەبووە و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژمارەیەک ژن و منداڵ لە ئەنجامی ڕەتکردنەوەی چاودێری تەندروستی گیانیان لەدەستداوە.

 

لە ٧ی تشرینی دوەەمدا، کارمەندانی نەخۆشخانەی ژن لە بەردەم دەروازەکانی نەخۆشخانەکەدا خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و جەختیان لەوە کردەوە، کە نەخۆشخانەکە نەک تەنها خزمەتی هەرات دەکا، بەڵکو خزمەت بە نەخۆشانی شارەکانی دراوسێش دەکات، ئەمەش وایکردووە ئەم بڕیارە ببێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی هەزاران ژن.

 

ژنان لە دژی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی تاڵیبان ناڕەزایەتیان دەربڕی

لەو چوارچێوەیەدا، مەسعودە ئەمید وردەکاری ناڕەزایەتییەکەیان گێڕایەوە ، وتی: دوو ڕۆژ لەمەوبەر هەوڵمدا بچمە ناو نەخۆشخانە بۆ ئەوەی ئەرکەکانم جێبەجێ بکەم، بەڵام لەگەڵ چەند نەخۆشێک و منداڵەکانیان ڕێگریم لێکرا بچمە ژوورەوە، دوای چەند کاتژمێرێک لەچاوەڕوانی پرسیمان بۆچی، و پێمان وترا دەبێت سەرەتا باڵاپۆشبین، ئەوکات ڕێگەت پێدەدرێت بچیتە ژوورەوە، هەر بۆیە هیچ بژاردەیەکم نەبوو جگە لە گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شەوە نەمتوانی بخەوم، لە بەردەم دەروازەی نەخۆشخانەکەدا دایکێکم بینی کە منداڵە ئازارچێشتووەکەی لە باوەش گرتووە، داوای یارمەتی دەکات بۆ ئەوەی ڕێگەی پێبدرێت بچێتە ژوورەوە، لە نزیکەوە ژنێکی بەتەمەنی هاوڵاتی شارۆچکەیەکی دراوسێم لەسەر زەوییە شێدارەکە بینی پاڵکەوتبوو، کوڕەکەی داوای چارەسەرکردنی دەکرد، هەروەها دەیان ژن و منداڵیش لە هەمان بارودۆخدا بوون، ئێمەش، کارمەندانی تەندروستی، داوامان کرد کە بتوانین یارمەتییان بدەن، بەڵام گوێیان لێ نەگرتین و ئازارەکانی نەخۆشەکانیان پشتگوێ خست.

 

دوای بێدەنگییەکی زۆر، تووڕەیی خۆی سەرکوت کرد، وتی: کەش و هەوا زۆر سارد بوو، وێنەی ئەو نەخۆشانەی شەویان لە پشت دەرگای داخراوی نەخۆشخانە بەسەر دەبرد، هەرگیز لە مێشکمدا نەهاتە دەرەوە، تا نیوەشەو نەمدەتوانی بخەوم، کاتێک هاوکارەکەم هەستی بە هەمان خەم و پەژارە دەکرد، تەلەفۆنی بۆ کردم، لەو ساتەدا بڕیارماندا ناڕەزایەتی دەرببڕین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەیانیەکەی ئێمەی کارمەندانی ژن لە بەردەم نەخۆشخانەکەدا کۆبووینەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی تاڵیبان بۆ بڵاوەپێکردنی ئێمە و ڕۆژنامەنووسان بەردەوام بووین، داواکارییەکەمان سادە بوو: ڕێگەمان پێبدرێت بەردەوام بین لە کارکردن، چونکە وڵات و ژنانی کۆمەڵگەکەمان پێویستیان بە ئێمەیە، بەڵام ئەوان پێداگرییان لەسەر باڵاپۆشی کرد وەک مەرجێک بۆ چوونە ژوورەوە، لە نمایشێکی ناڕەزایەتیدا بڕیارماندا چارەسەری ئەو نەخۆشانە بکەین کە  باڵاپۆشن، بە گاڵتەجاڕیەوە وتمان: ئایا بڕیارە نەشتەرگەری بکەین لە کاتێکدا ئەوان باڵاپۆشن؟ لەکۆتایی ڕۆژەکەدا جلەکانی باڵاپۆشیمان سووتاند وەک هێمای ڕەتکردنەوەی خۆمان، هەروەها ڕێگە نادەین تاڵیبان فەرمانە ناڕەواکانی خۆیان بسەپێنن، ژیانی هاوڵاتیان لە پێشینەی کارەکانمانە، بەو هەموو هێزەی کە خاوەنداریەتی دەکەین، بەردەوام دەبین لە خەبات.

 

ناڕەزایەتییەکانی کارمەندانی ژنانی نەخۆشخانەی هەرات جارێکی دیکە نموونەی خۆڕاگری ژنانی ئەفغانستانی لە بەرامبەر ستەمکارییەکانی تاڵیباندا بوو، سەرەڕای ئەو هەڕەشە و مەترسی و سنووردارکردنانەی کە سەپێنراون، ژنان بەردەوامن لە خەباتی خۆیان بۆ مافی کارکردن و ژیان بە شکۆمەندی و مرۆڤایەتییەوە،  بانگەوازی مەسعودە ئەمید و هاوکارەکانی دەنگێکی بەهێزی ئیرادەی ژنانی ئەفغانی بوو، کە تەنانەت لە تاریکترین ساتەکانیشدا بەردەوامن لە هەڵگرتنی مەشخەڵی هیوا.