ژنانی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان پشتیوانییان لە گەلی شەنگال کرد
ئێوارەی دوێنێ لە شاری هەڵەبجە کۆمەڵێک چالاکوانی و هاوڵاتی شارەکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست دژ بە هێرش و بۆردومانکردنی شەنگال، ژنانیش ئاماژەیان بەوەدا شەنگال و هەڵەبجە یەکە و ئامانجی داگیرکاران لەناوبردنی گەلی کوردە.
هەڵەبجە
ئێوارەی دوێنی ١٩ی ئاب، ژمارەیەک چالاکوان و هاوڵاتی شااری هەڵەبجە گردبوونەوەیەکی نارەزایەتییان دژ بە بۆردومانکردنی شەنگال و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بە دروشمى "دوێنێ هەڵەبجە ئەمڕۆ شەنگال و سبەی هەموو کوردستان" و لەسەر مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە ڕێکخست، ئاماژەیان بەوەدا کە دەیان ساڵە دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد و چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن پێشڕەو یاروەیس خوێندرایەوە ئاماژە بەوەکرا کە دەیان ساڵە لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانەوە، دەیانجار چەکی کۆمەڵکوژی لەبەرامبەر گەلی کورد بەکارهاتووە، لەم چەند ساڵەی دوایشدا دەوڵەتی فاشیستی تورک بەشێوەیەکی دڕاندانە لەچەندین پارچەی کوردستان چەکی کۆمەڵکوژی بەرامبەر گەلی کورد بەکارهێناوە، هەوڵدانی فاشیستی تورک بۆداگیرکردنی باشوری کوردستان و لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی، نوێکردنەوەی میساقی میللەی و گەڕاندنەوەی داگیرکەری عوسمانیە بۆ ویلایەتی موسڵ و کەرکوک.
هەرلە بەیاننامەکەدا هاتووە: لەم هێرشەی دواییەدا چەندین شار و گوند بۆردومانکراون چەکی کۆمەڵکوژی قەدەغەکراو بەکارهاتووە، بەدەیان کەس سڤیل شەهیدو بریندارکراون، لەسەرێکانی و ڕۆژئاوای کوردستان چەکی کیمیایی بەرامبەر هاوڵاتیانی سڤیل بەکارهێناوە،لەبەرامبەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان چەکی کیمیایی بەکارهێناوە بەڵام بێ ئەنجام بووە، لەم چەند ڕۆژەی دوایدا هێرشەکانی بۆسەر شەنگال دەست پێکردوە، بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەش حکومەتی عێراقە، بێدەنگی هەموو ڕێکخراو حیزبەکان لەبەرامبەر ئەو هێرش و کۆمەڵکوژیانە ڕسوا و شەرمەزار دەکەین. ئێمە وەک خەڵکی شارەزوور بە هەموو جۆرێک ڕووبەڕووی ئەو داگیرکارییانە دەبینەوە، ناهێڵین پلانەکان بگاتە ئەنجام.
تاکە بەرگری لە چیاکانى کوردستان گەریلایە
کەلسوم حسێن، چاکوان، تایبەت بە ئاژانسی ژنها دواو وتى: " لە هەڵەبجە و شارەزوور چالاکیەک دژی دەوڵەتى تورکیا بەڕێوەچوو، هەڵەبجە بەر کیمیاباران کەوت پێش ٣٣ ساڵ، پاش ئەو هەموو ساڵەش ئیستا لەلایەن دەوڵەتى تورکیەوە کیمیاباران دەکرین، دەوڵەتى تورک دەیەێتی موڵکداری و سامانى کورد ببات، بەڵام خاوەنداری کورد تەنها گەریلایە و بەرگری خاکی کوردستان دەکات"، ئەو چالاکوانە باس لەوە دەکات کە پێویستە خەڵکی هەڵەبجە برژێنە سەر شەقامەکان و بێدەنگ نەبن.
پێویستە مافی مرۆڤ و ناتۆ بینە دەنگ
پەری ئەحمد، هاوژینی شەهید، باس لەوە دەکات کە چالاکییەکەیان لە هەڵەبجە و شارەزوور دژی کیمیابارانکردنی گەریلاکان و هاوڵاتی مەدەنییە و دەڵێت دەبێت هەڵوێست هەبێت چونکە دەوڵەتی تورکیا بە چەکی کیمیایی هێرش دەکات، پێویستە ناتۆ بێتە دەنگ چونکە ئێمە میلەتێکین لەسەر خاکی خۆمان داوای مافەکانمان دەکەین.
پەری وتیشی پێویستە لایەنە سیاسییەکان و حزبەکان بێدەنگ نەبن و کار بکەن بۆ ڕێگری کردن لە هێرش و داگیرکارییەکان.
ت.پ