ژنانی گەنج دوای تەواوکردنی خوێندن داوای دامەزراندن و کار دەکەن

ژنانی گەنجی خوێندکار لە زانکۆی هەڵەبجە دوای ئەوەی ئاهەنگی دەرچونیان بۆ ئەنجام درا، هیواخوازن ببنە خاوەن کاری خۆیان و داوای دامەزراندن دەکەن.

ئاسودە محەمەد

هەڵەبجە- دوای زیاترلە ١٦ ساڵ خوێندن و ماندووبوون خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە ئاهەنگی دەرچوونیان ئەنجامدا، هەرچەندە نزیکەی ١٠ ساڵە لە هەرێمی کوردستان دامەزراندن نییە و خوێندکاران دوای تەواوکردنی زانکۆ و پەیمانگە بێکارن و تەنها ژمارەیەکی کەم لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە کار دەکەن، بەلام ژنانی گەنجی خوێندکار کە بۆ ئاژانسەکەمان دوان داوا دەکەن کە هەلی کاریان بۆ بڕەخسێت و بتوانن لە ڕێگەی کارەوە خزمەت بکەن.

 

 سۆما عوسمان دەرچووی بەشی یاسایەو وەک خۆی ئاماژەی پێکرد، خەونی ئەو بەشە بووە کە لێی بخوێنێت و بە خەونەکەی گەیشتووە تاببێتە هۆی گەڕانەوەی مافی کەسانی لاوازو ستەملێکراو.

 

داوا دەکەن دابمەزرێن و کاریان پێبدرێت

خوێندکارێکی دیکە بە ناوی ژوان سەروەت دەرچووی بەشی وەرزشە، ئەو ئارەزووی هەمان بەش بووەو دەیەوێت دوای تەواوکردنیشی دابمەزرێت، هەروەها هیوادارە هەلیکار زیاتربێت تا خزمەت بەشارو وڵاتەکەی بکات.

 

ژاڵە کەریم ژنێکی گەنجی دیکەیە کە دەرچووی بەشی وەرزشەی زانکۆی هەڵەبجەیەو دڵخۆشە بە تەواو بوونی ماوەی خوێندنی، ئەوهەوڵدەدات لەهەمان بوار کاربکات و دەڵێت: "من بۆئەوە خوێندوومە ببمە خاوەن کاری خۆم".