ژنانی عەفرین: گۆشەگیری ڕێبەر ئاپۆ دەشکێنین

ژنانی عەفرین کە ڕوویان لە شەهبا کردووە، کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر بە زیادبوونی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەربڕی و ڕایانگەیاند، داگیرکەران لە ڕێگەی گۆشەگیرییەوە هەوڵی جێبەجێکردنی پلانەکانیان دەدەن.

حەسنا محەمەد

 

 شەهبا- زیاتر لە ٢٥ ساڵە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بە دیل گیراوە و لە زیندانی ئیمرالیدایە. دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری هەموو وڵاتانی جیهانی، گۆشەگیری لەسەر زیاتر کردووە و لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ڕێگەی بە پارێزەر و بنەماڵەکەی نەداوە لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد کۆببنەوە.

 

لە بەرامبەر گۆشەگیری توندی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ، گەلی کورد و هاوکارەکانی لە مەیدانەکاندان و داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد دەکەن، ژنانی عەفرین سەبارەت بە گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شەهبا بۆچوونی خۆیان بۆ ئاژانسەکەمان دەربڕی.

 

"ئەوان دەیانەوێت بە چڕکردنەوەی گۆشەگیری گورزێک لە دۆزی گەلی کورد بدەن"

 سیلاڤا مستەفا ئیدانەی ئەو گۆشەگیرییەی کرد کە بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەپێندراوە و وتی: بە توندی ئیدانەی ئەو گۆشەگیرییە دەکەین کە بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا سەپێندراوە، ئەمە گۆشەگیرییەکی سیاسییە، بە دەستی هەموو دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان، بە پلەی یەکەم بە دەستی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ڕوودەدات، ئامانجیان لێدانی گورزێکە لە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک، گۆشەگیری ڕێبەر ئاپۆ لەسەر هەموو ئەو ژنانەیە کە خۆیان لەسەر بیرو فەلسەفەکەی پەروەردە دەکەن.

 

 "بە تێکۆشانمان ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین"

نازیفە ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جیاواز نییە لەگەڵ سیاسەتی چڕکردنەوەی گۆشەگیری و وتی: هەرگیز ئەم چڕکردنەوەی گۆشەگیرییە بۆ سەر ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ ناکەین، هێرشەکانی ناوچەکانی ئێمە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ سیاسەتی گۆشەگیری توند نییە، دەیانەوێت گەل و ڕێبەر ئاپۆ لەیەکتر جیا بکەنەوە، سیاسەتەکانی دوژمن کاریگەری لەسەرمان نییە و هێڵی خەباتمان لە دژی گۆشەگیری بەرز دەکەینەوە، ڕۆژانە بە بیری ڕێبەر ئاپۆ خۆمان پەروەردە دەکەین و خۆمان ڕێکدەخەین، بە تێکۆشان و بەرخۆدانمان ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین.

 

"بە ئیرادەی ژنانی ئازاد، ئەم گۆشەگیرییە کۆتایی پێدێت"

فیدان عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، تا ئەو کاتەی ئازادی فیزیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گەرەنتی نەکرێت، دەوەستن وتی: گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ ڕەتدەکەینەوە و بەردەوام دەبین لە تێکۆشان بۆ ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ، ئێمە کار و چالاکییەکانمان ڕاناگرین هەرگیز ناوەستین و بەرخۆدانمان بەردەوام دەبێت و بە ئیرادەی ژنانی ئازاد ئەم گۆشەگیرییە دەشکێنین و دیوارەکانی ئیمپریالیزم وێران دەکەین، تاکە ئاواتی ئێمە ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ لە ڕووی جەستەییەوە لە نێوانماندا ببینین.