ژنانی عەفرین: بە هێرش ناتوانن قڕمان بکەن

گەلی عەفرین کە بەهۆی هێرش و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکەوە کۆچیان کرد بۆ شەهبا، جارێکی دیکە ناڕەزایی خۆیان لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەربڕی و ڕایانگەیاند، هیچ هێرش و داگیرکارییەک ناتوانێت ئیرادەی ئەوان بشکێنێت چونکە کوردن.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨، دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر هەرێمی عەفرین و بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ گەل لە بەرخۆدانێکی گەورەدا بوو دژی ئەو هێرشانە، دوای ٥٨ ڕۆژ دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی عەفرینیان داگیرکرد، سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی عەفرین ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن بۆ پاراستنی شکۆمەندی خۆیان و ڕۆیشتن بۆ کانتۆنی شەهبا، زیاتر لە ٦ ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لەم ساڵانەدا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر کۆچبەران، نەک تەنها شەهبا، تەواوی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکاتە ئامانج.

 

دەوڵەتی تورک ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج بە ئامانجی سەرکوتکردنی بەرخۆدانی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە دژی ئەم هێرشانە، گەل بەردەوامن لە بەرخۆدانیان، بەتایبەتی گەلی عەفرین لە شەهبا، بەڵێنی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان نوێکردەوە.

 

"بەڵێنمان گەڕانەوەیە بۆ عەفرینی ئازاد"

ئەمینا چاوش، لە کانتۆنی شەهبا هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیای شەرمەزار کردو وتی: لە ئاشتی و سەقامگیریدا لە عەفرین دەژیاین هەتا ئەو کاتەی ئەردۆغان و چەتەکانی هێرشیان کردە سەرمان، دەوڵەتی تورک بە ڕەزامەندی وڵاتانی جیهان هێرشیکردە سەر عەفرین ئەو ڕۆژەی کە ٧٢ فڕۆکە بەسەرماندا فڕی هەرگیز لەبیر ناکرێت پەیامی بەرخۆدان و تێکۆشانمان بۆ جیهان نارد دژی هێرشەکان، ئەردۆغان و چەتەکانی قورسترین چەکیان لە دژی خەڵکی مەدەنی بەکارهێنا دوای ٥٨ ڕۆژ لە بەرخۆدان، ناچار بووین کۆچ بکەین چونکە داگیرکاری تورکیامان قبوڵ نەکرد، ئێستا بۆ گەڕانەوەی عەفرین بەرخۆدان دەکەین، بەڵام بەداخەوە، دوای ڕۆیشتنمان لە عەفرین، ئەردۆغان هەموو ڕۆژێک هێرش دەکاتە سەرمان لە شەهبا، ئامانج و داواکاری ئەردۆغان تەنها عەفرین نییە، بەڵکو دەیەوێت گەلی کورد لەناو ببات، سەرەڕای هەموو ئەو هەلومەرجە سەختە بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانی خۆمان و بەڵینمان گەڕانەوەیە بۆ عەفرینێکی ئازاد.

 

"ناتوانن بە هێرش لەناومان ببەن"

فاتمە عەبدوڕەحمان کە لە کامپی ڤەگەر لە ناوچەی شێراوا دەژی ئاماژەی بەوەکرد، ئەردۆغان دەیەوێت مێژوو دووبارە بکاتەوە و هێرش بکاتە سەر ناوچەکانیان، وتی: وەڵامێکی بێ سنوورمان بۆ هێرشەکانی عەفرین هەبوو، هێز و متمانەمان لە بیرو تێڕوانینی ڕێبەر ئاپۆ وەرگرت، ناچار بووین دوای ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدان عەفرین بەجێبهێڵین بۆ پاراستنی کەرامەتمان لە داگیرکاری دەوڵەتی تورک، ٦ ساڵە کۆچبەرین و هێشتا بەرخۆدان دەکەین و دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت مێژووی عەفرین لە شەهبا دووبارە بکاتەوە، ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر ناوچەکە و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج، بەڵام ئێمە کوردین، هەرگیز بەهۆی هێرشەوە لەناو ناچین، بەڵێنەکەمان نوێ دەکەینەوە و دەڵێین بە سەربەرزی و سەرکەوتووانە دەگەڕێینەوە بۆ عەفرین و لە داگیرکاری ڕزگاری دەکەین.