ژنانی دژی کودەتای میانمار لە دەستبەسەریدا ئەشکەنجە دراون

ژنان لە میانمار ئەشکەنجەدراون و دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەرو هەڕەشەیان لێکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەو کاتەی سوپای میانمار دەسەڵاتی گرتە دەست لە مانگی شوبات، خۆپیشاندان لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا بڵاوبووەوە و ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بزووتنەوەی بەرگریدا بینیوە.

 

پێنج ژن کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە تۆمەتی ناڕەزایی دەربڕین دژی کودەتای سەربازی لەو وڵاتە دەستبەسەرکراون ئاشکرایدەکەن لە دوای دەستگیرکردنیان لە سیستەمی دەستبەسەرکردندا ئەشکەنجە دراون.

 

گرووپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن هەرچەندە پێشتر سوپا لە میانمار ناسراو بە "بۆرما" ونبوون و بارمتەگرتن و ئەشکەنجەدانی تاکتیکی بەکارهێنابوو، بەڵام لە دوای کودەتاوە توندوتیژیەکە بەربڵاوتر بووە، زیاتر لە ١٠ هەزار و ٢٠٠ کەس بە گشتی دەستگیرکراون، کە زیاتر لە دوو هەزار ژنیشیان تێدایە.

 

چالاکوانی دیموکراسی ئیین سۆی مایس، بۆ ماوەی نزیکەی شەش مانگ زیندانی کراو ١٠ ڕۆژی یەکەمی کە لە یەکێک لە سەنتەرە بەدناوەکانی لێپرسینەوەی میانمار بەسەردەبرد، لەو شوێنە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر و ئەشکەنجە دراوە، سۆی دەڵێت: "بە بەردەوامی پەستان خراوەتە سەرم بۆ سێکس، یەکێک لە لێپرسینەوەکان هەڕەشەی کرد و وتی: ئایا دەزانیت ئێمە چی دەکەین لەگەڵ ئەو ژنانەی کە لێرە کۆتاییان پێ دێت؟ ئێمە دەستدرێژی دەکەین و دەیانکوژین".

 

پاشان دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر کاتێک چاوبەست بوو، وتی: "ئەو جلەی کە لەبەرم بوو، دڕاندیان ئەوان دەستیان لە من دا، وەک ئەوەی کردیان، جەستەمیان دەرخست".