ژنانی چیای قەزوان: ئێمەش دەمانەوێت ڕێبەر ئاپۆ لەناو خۆماندا ببینین
دایکانی پاکڕەوانی یەپەژەو گەریلاکانی یەژاستار و ژنانی عەرەبی چیای قەزوان، بە نامەکانیانەوە بەشدارییان لە هەڵمەتی "دەمەوێت لەدەرەوەی ئیمڕاڵی چاوم بە عەبدوڵا ئۆجالان بکەوێ'' کرد.

سۆرگوڵ شێخۆ
تل تەمر- کۆنگرەی ستار هەڵمەتی ''دەمەوێت لە دەرەوەی ئیمڕاڵی چاوم بە عەبدوڵا ئۆجالان بکەوێت'' لە سەرتاسەری شارەکانی حەسەکە، تیل تەمر، دربەسی ، ئەریشە، شەدادییە، هۆل و کامپەکانی ئاوارەکانی کانتۆنی جزیرە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکردووە، کەمپەینەکە پێکدێت لە نووسینی نامە.
بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە ژنانی چیای قەزوان، ئەندامانی کۆمۆنەکان و دایکانی ئاشتی و پەنابەران بەرەو ناوەندی کۆنگرەی ستار لە تل تەمر بەڕێکەوتن، ژنەکان بە خۆشەویستی و ئومێدێکی بێکۆتایی کە لە ڕووخساریاندا دیار بوو، پێنووسیان بە دەستەوە گرت و دەستیان کرد بە نووسینی ئاوات و هەست و خەونەکانیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان.
یەکێک لەو دایکانەی بەشداری چالاکییەکەی کرد، فەهیمە ئیبراهیم بوو، فەهیمە هەم دایکی ئاشتییە، هەم دایکی شەهید ئارجین کودییە، هەم گەریلایەکی یەژاستارە، هەرچەندە نازانێت بنووسێت، بەڵام ویستویەتی نامەیەک بنووسێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە.
فەهیمەی تەمەن ٦٠ ساڵ، سەرەڕای ئەوەی نەیتوانی بنووسێت، هاتە پێشەوە و ویستی دەنگ و ویستی خۆی بخرێتە ناو ئەو نامانەوە، ئەمەشی بە ئەرکێکی ڕەوشتی و ویژدانی دەبینی، هاوڕێکانی فەهیمە لە پەیجەکەدا هەست و ئاواتەکانیان نووسیوە، دواتر واژۆی لەسەرکردووە و پێشکەشی کۆنگرە ستاری دەکات.
پێش مردن!
فەهیمە وتی: پێش ئەوەی بمرم، دەمەوێت ڕێبەرم ئۆجالان لە نێو خۆماندا ببینم، نەک لە ئیمراڵی لە باوەشی بگرم، ئاواتەخوازی ئەوە بوو کە لە ژیانێکی ئازاد و یەکساندا پێکەوە بژین.
هەروەها لە لەرزینی دەستەکانی فەهیمەدا ڕوونە کە نەخۆشی هەیە، بەڵام هێشتا داواکاریی خۆی بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ دەربڕی و نووسی، فەهیمە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەموو دەوڵەتەکان ئەم گۆشەگیرییە دەبینن، با دابڕانەکە لە ڕێبەرەکەمان هەڵبگیرێت، ئێمە دایکی شەهیدان و گەریلاکان ئەم دابڕانە قبوڵ ناکەین، پێویستە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان دەنگی ئێمە ببیستن و داواکارییەکانمان بۆ ئازادی جەستەیی ئۆجالان جێبەجێ بکەن.
''٢٦ ساڵە چاومان لەسەر ڕێگای ئیمڕاڵییە''
فەهیمە ئاماژەی بەوەکرد کە ٢٦ ساڵە چاویان لە ئیمڕاڵییەو دەبێت ئێستا ڕێبەر لە زیندان ئازاد بکرێت و وتی: بەسە ئەم هەموو ساڵەی دابڕان، بۆچی ڕیبەرەکەمان لەنێو سەرکردەکانی جیهاندا زیندانی دەکرێت، ئەردۆغان کینەی بەرامبەر گەلی کورد و ڕێبەرەکەمان هەیە، تا ئێمە لە ژیانداین داوای ئازادی ڕێبەرەکەمان دەکەین.
''ئۆجالان بۆ گەلی عەرەبیش ڕێبەرە''
مەروە عیسا، زیاتر لە ٥٠ کم لە چیای قەزوانەوە بۆ شاری تل تەمر ڕۆیشتووە بۆ ئەوەی بەناوی ژنانی عەرەبەوە نامەیەک بۆ ئۆجالان بنووسێت، مەروە دەڵێت: ئۆجەلان پێشەنگ و ڕابەری مرۆڤایەتییە، هەرچەندە کوردە، بەڵام بۆ گەلی عەرەبیش ڕێبەرە.
مەروە هەست و سۆزی خۆی بۆ ئۆجالان بەم شێوەیە باس دەکات: "لە سەرووی هەموو جیاکارییەکی ئایینی و خێڵەکیەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەموو مرۆڤایەتی و بەتایبەت ژنان تێدەکۆشێت، داوای ئازادی و پاراستنی هەموو ژنان دەکات نەک تەنها ژنانی کورد.
هەروەها مەروە سەرنجی بۆ سەرکردەکانی دەوڵەتانی دیکە و ئەو خەباتەی کە ئۆجالان بۆ گەلان بەردەوامی هەیە ڕاکێشاو وتی: کاتێک دەبینین ڕێبەر ئاپۆ لە پێناو گەلدا تێدەکۆشێت، بە پێچەوانەی سەرکردەکانی تری دەوڵەتان کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە پێشینە دادەنێن، بۆیە بێ دوودڵی وەک ڕێبەرمان دەیبینین.
''چۆن پەیوەندی لەگەڵ ئۆجالان بەهێزتر دەبێت''
مەروە ڕایگەیاند: کاتێک دەبینین سەرکردەیەک خەبات بۆ ئازادی ژنان و گەلانی ستەملێکراو دەکات تەنانەت لە زیندانیشدا، بەڵام لە هەمانکاتدا دەبینین سەرکردە بیانییەکان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان خەڵک دەکوژن، پەیوەندیمان بە ئۆجالانەوە بەهێزتر دەبێت، بۆیە مەروە وەک ملیۆنان ژن دەیەوێت ئۆجەلان لە دەرەوەی ئیمڕاڵی ببینێت و لەگەڵیدا کۆببێتەوە.
ئەو نامانەی کە نووسراون بریتین لە:
بۆ ڕێبەری نەتەوەی دیموکراتیک ئەم نامەیە دەنووسم بۆ ئەوەی پێتان بڵێم کە ئێوە تەنیا نین، دڵمان سەرەڕای دووری لەگەڵتاندایە، هیوادارم بەجێتان نەهێڵێت، چونکە دوای سەختی ئیسراحەت دێت و دوای هەموو شەوێک بەیانی دێت چاوەڕێی ئێوەین و هیوادارین بەم زووانە لە نێوانماندا ئازادتان ببینین.
پەیامێک بۆ گەورەترین پیاوی جیهان، ڕیبەرەکەمان دەنێرم، تۆ ئەو پریشکەی کە ڕێگاکەمان ڕووناک دەکەیتەوە، ڕێبەرەکەم تۆ هێمای ئازادی و کەرامەتیت.
بۆ ڕێبەرم عەبدوڵا ئۆجالان، لە گۆشەگیریی درێژخایەنی خۆتدا، کە جەستە و دەرونتان زیندانی کراوە، ئەم قسانەتان بۆ دەنێرم بە ڕۆحی قەدرزانی و ڕێزێکی قووڵ بۆ خەباتی بەردەوامتان بۆ ئازادی و کەرامەت و دادپەروەری، دەنگی تۆ دیواری زیندان و بێدەنگی دیوارەکانی تێپەڕاندووە و بووەتە بیرکردنەوەیەک کە ئیلهامبەخش و بەئاگا دەهێنێتەوە، دوعا دەکەم ڕۆژێک ئازاد بن و جارێکی تر پەنجەرەی ڕووناکی لەبەردەمتاندا بکرێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر دیالۆگ دەست پێ بکاتەوە و هەنگاو بەرەو ئاشتی ڕاستەقینە بنرێت.
دوای هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی بەرگرییەکانتان، بۆتان دەنووسم، دەڵێم لەسەر ڕێگای ئازادیم و بیرکردنەوەم بەرەو ئازادی و دیموکراسییە، هیوادارم درێژە بە خەباتی خۆتان بدەن و لە ڕووی جەستەییەوە ئازاد بن و بتوانین پێکەوە بژین، بۆ ئەوەی هەست بە سەلامەتی بکەین، هەروەک چۆن بیرکردنەوەکانتان سەلامەتە بۆ ئەوەی خەڵک ئازادتر و دیموکراسیتر بێت.