ژنانی بەشداربووی نەورۆزی ئامەد: ئێمە بێدەنگ نابین
ئەو ژنانەی بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد بوون، وتیان: لە کاتی کاوەی ئاسنگەرەوە تا ئێستا ئێمە جۆش و خرۆشی خۆمان زیندوو هێشتووەتەوە و ئێستاش بێدەنگ نابین.
ئامەد
لە ناوچەی ئاهەنگی نەورۆز لە پارکی ڕێزانی ئامەد بە دروشمی "کات کاتی سەرکەوتنە" نەورۆز پیرۆزکرا، لە ئاهەنگەکەدا چەندین سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمی و ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بەشدارییان کرد، زۆر کەسایەتیش لە عێراقم میسر، لوبنان، مەکسیک، تونس، ئوردن، یەمەن، هەرێمەکانی باکوری کوردستان و باکوری ئەفریقا و چەندین وڵاتی ئەوروپی لە ئاهەنگەکدا بەشداربوون، هاوڵاتیان لە بەیانییەوە دەچوونە ناوەندی ئاهەنگەکە و لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگرییان لێکرا و گەنجان بەربەستەکانیان شکاند.
"دەبێت گۆشەگیری کۆتایی پێبێت"
ئۆزلیم یڵدز، یەکێک لەو ژنانەی بەجل و بەرگە ڕەنگاوڕەنگەکانیانەوە بەشداری ئاهەنگەکە بووە، وتی: نەورۆز سەرەتای بەهارە و بۆ ئێمە سیمبولی ئازادی و ئاشتییە، ئەمڕۆ سەدان هەزار بۆ ئاهەنگگێڕانی ئەم جەژنە بەرەو گۆڕەپانەکان دەڕۆن، با زیندانەکان چۆڵ بکرێن و گۆشەگیری کۆتایی پێبێت ئێمە هەموو ساڵێک لێرەین هەرشتێک ڕووبدات، ئێمە هەموو ساڵێک دێین".
"ئێمە ئازادیمان دەوێت"
فاتمە تەیمور، وتی: نەورۆز جەژنێکی گرنگە بۆ گەلی کورد هەموو ساڵێک پێشوازی لەم ڕۆژە گرنگە دەکەین، ئێمە ئیدانەی ئەو هێرشانەی سەر گەلی کورد دەکەین و ئازادیمان دەوێت، ئێمە لێرەین بۆ بەتین کردنی ئاگری تێکۆشان، ئێمە ساڵانێک ئەم جەژنە پیرۆز دەکەین و بەردەوام دەبین.
"نەورۆز هیوایە"
فەریدا یڵدرم ئەوەشی خستەڕوو، نەورۆز مژدەی بەهارە و لە بەردەوامیشدا وتی:" نەورۆز بە واتای بەهار و جۆش و خرۆش و ئاشتی و ئومێدە، هەموو ساڵێک بەم هەستەوە دەچینە نەورۆز و سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکان هاتینە ئاهەنگەکە و بە جۆش و خرۆشەوە جەژنی نەورۆزمان پیرۆز کرد".
"ئێمە بێدەنگ نابین"
بیشە ئولکەر، باسی لەوەکرد، "نەورۆز جەژنێکی تایبەتە بە گەلی کورد بە ساڵی نوێ جۆش و خرۆشمان زیاد دەکات، بەم جۆشەوە پێشوازی لە بەهار دەکەین، لە کاتی کاوەی سەردەمەوە تا ئێستا بە زیندوو نەورۆزمان ڕاگرتووە و پێشوازیمان لە هەموو نەورۆز و بەهارێک کردووە، جەژنی هەموو گەلی کورد پیرۆز دەکەم و دەڵێم بێدەنگ نابین".
ت.پ