ژنانی باشووری کوردستان پشتیوانی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن

ژنانی چین وتوێژە جیاوازەکانی باشووری کوردستان، دەڵێن: "دەوڵەتانی داگیرکەر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان هەوڵی داگیرکاری و لە ناوبردنی ژنان دەدەن، بەڵام ئێمەی ژنان لە ڕێگەی بەرخۆدان و ڕێپێوانەکانەوە دژ بە داگیرکاری دەوەستینەوە''.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان وەک یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە دەرکەوتووە، کە تێدا ژنان بوونەتە هێزی سەرەکی خەبات و بەرخۆدان، هەروەها ئەم شۆڕشە تەنها بۆ گۆڕانکاری سیاسی نەبوو، بەڵکو بۆ پاراستنی ماف و ئازادی و ناسنامەی ژنانیش بوو، هەروەها لە ٦ی کانوونی دووەمەوە هێرشەکانی گروپە جیهادییەکانی هەتەشە بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید لە حەلەب دەستیپێکرد کە تاوەکو ١٠ی هەمان مانگی خایاند، کە بە درێژای ئەو پێنج ڕۆژە شەڕڤانان پارێزگاریان لە خاک و گەڕەکی خۆیان کرد، هەروەها شەوی ١٠ی کانوونی دووەم ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، ئاگربەستێکی کاتی و ناتەواویان لە ناوچە گەمارۆدراوەکاندا ڕاگەیاند، کە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، کە ئەو بڕیارە لە پێناو ئاسانکردنی باری مرۆیی و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان دراوە، هەروەها ژنانی باشووری کوردستانیش بە شێوەیەکی دیار و بەردەوام پشتگیریان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە کردووە، لەهەمان کاتیشدا پشتیوانیان بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هاوشێوەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازدی " دووپات کردۆتەوە، ئەویش لە ڕێگەی خۆپیشاندان و  چالاکییە مەدەنییەکانەوە، هەروەها پشتگیرییەکانی ژنانی باشووری کوردستان تەنها سنووردار نەبوو بە دەربڕینی هاوسۆزی، بەڵکو بوونە هۆکارێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی ڕوحی بەرخۆدان و هاوبەشبوونی نێوان ژنانی هەموو پارچەکانی کوردستان، ئەم هاوپەیوەندییەش بۆ شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بووە نموونەیەک لە یەکگرتن و یەکدەنگی ژنان، کە تێیدا سنوورە سیاسییەکان ناتوانن ببنە بەربەست بۆ هاوپێوانەیی و خەباتی هاوبەش.

 

" ئامادەی بەرخۆدانین و پشتیوانی لە ژنانی شۆڕشگێڕ دەکەین "

ڕوناک مەجید، چالاکوان، باسی لەوەکرد، لە پارچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستاندا بەرخۆدانی گەل سەری هەڵداوە، کە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئێران هاوڵاتیانی ڕژاندووەتە سەر شەقامەکان، پاشان دەوڵەتانی داگیرکەر هێرشی گەڕەکە کوردنشینەەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ئەجامدەدەن، وتی: ماوەی زیاتر لە ١٤ ڕۆژە هاوڵاتیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی دەسەڵات ڕژاونەتە سەرشەقامەکان، ئەویش بەمەبەستی داواکردنی مافەکانیان و ڕزگاربوونیان لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری، هەروەها لە ڕۆژئاوای کوردستانیش گەڕەکە کورد نشینەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕووبەڕووی هێرشی دەوڵەتانی داگیرکەر دەبنەوە، کە ئەوانیش حکومەتی کاتی سووریا و دەوڵەتی داگیرکەری تورکە، بۆیە لە ئەنجامی ئەو داگیرکاری و ستەمانەی کە بەرامبەر بە گەل لە هەر دووپارچەی کوردستان ئەنجامدەدرێت، هاوڵاتیانی شارەکانی باشووری کوردستان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی پشتیوانییەکانیان.

 

لە کۆتاییدا پشتیوانی بۆ ژنان دەربڕی، وتی: ژنان ڕۆڵی کاریگەریان لە خۆپشاندان و ڕووبەڕووبونەوەی دوژمندا هەیە، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش پێنج کورد گیانبازیان ئەنجامدا، کە سێ کەسیان ژن بوون، بۆیە پشتیوانی خۆمان بۆ ژنانی ئازادیخوازو شۆڕشگێڕ لە پارچەکانی کوردستان دووپات دەکەینەوە، هەروەها ئێمەی ژنانی باشووری کوردستان ئامادەی بەرخۆدانین و هەمیشەش پشتیوانی لە ژنانی شۆڕشگێڕ دەکەین.

 

"ژنێکی کورد بەرامبەر سەد پیاوی دڕندەی داگیرکەر دەجەنگێت"

عایشێ ئۆسێ، دایکێکی ڕۆژئاوای کوردستان، وتی: لە هەر پارچەیەکی کوردستان و لەژێر دەسەڵاتی هەر سیاسەتمەدارێکدا بژین ئێمە کوردین، بەڵام منداڵان و ژنانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆردوومان و کۆمەڵکوژیان بەسەردا دەهێندرێت، ئەویش لە ڕێگەی تانک و زرێپۆش و گولەبارانکردنەوە، هەروەها  لە ئێستادا کورد لە دوو گەڕەکدا ڕووبەڕووی دوو دەوڵەتی داگیرکەر دەبێتەوە، کە ژنان بە تفەنگەکانی شانیان ڕووبەڕووی ئەو داگیرکەرە دڕندانە دەوەستنەوە، بۆیە هەر ژنێکی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرامبەر سەد پیاوی تورک و ئەحمەد شەرع دەجەنگێت، چونکە ژنی کورد بەرخۆدانی دەکات، ئەوان داعشن و منداڵ و ڕۆڵەی ئێمە دەکوژن، بەڵام ژنان لەوێ هاوشێوەی شێر ڕووبەڕووی داگیرکەر دەبنەوە و دەیانکوژن.

 

لە کۆتاییدا پەیامی بۆ ژنانی شۆڕشگێڕ لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوی کوردستان نارد، وتی: ئێمە پشتیوانی لە هەموو ژنانی پارچەکانی تری کوردستان دەکەین، هەروەها بەردەوام بەرخۆدان و خەباتیان بەرزدەنرخێنین، ئەوان بۆ ئازادی خاک و ژن ڕووبەڕووی داگیرکەرانی خاک بەرخۆدان ئەنجامدەدەن، ئێمەش هەموومان بۆیەک ئامانج تێکۆشان دەکەین.

 

" هونەرمەندان پشتیوانی خۆیان بۆ کوردانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات دەکەنەوە"

 بەیان عەلی، هونەرمەند، وتی: ئێمە پشتیوای لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، هونەرمەندان و سەرجەم چین و توێژەکانی باشووری کوردستان بەشداری ڕێپێوان و هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوا و پارچەکانی تری کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانین هاوکارییەک یان پشتیوانییەکی بچوکیشبێت بیانکەین و لەگەڵیاندا هاوخەمبین، هەروەها ئێمەی هونەرمەندان لە ڕێگەی هونەرەکەمانەوە هەوڵی خزمەتکردن دەدەین، مامۆستایان و فەرمانبەرانیش لە ڕێگەی کارەکانیانەوە خەبات دەکەن، بۆیە هەر یەکەمان بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان خەبات دەکەین، ئێمەی کورد هەمیشە لەگەڵ پرسی ئاشتیدابووین، بەڵام داگیرکەران دووبارە ڕووبەڕووی جەنگیان کردینەوە.

 

"ژنانی ڕۆژنامەنووس خەباتی ژن بە تەواوی جیهان دەناسێنن"

ئاڤان کەریم، ڕۆژنامەنووس، وتی: ژنان خەباتیان لە هەرچوارپارچەی کوردستان بەردەوامە، کە هەوڵ بۆ پرسەکانی ژنان دەدەن، ژنان ڕێگری لە داگیرکارییەکان بۆسەرخاکیان دەکەن، ئێمەی ژنان لە باشووری کوردستانەوە لەڕێگەی نووسین و چاوپێکەوتنەکانمانەوە پشتیوانیان لێ دەکەین و ئامانجمانە خەباتی ژن تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە،  هەروەها خەباتی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە سەری هەڵدا، بۆیە پێویستە بگاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، کە ئێستا هاوڵاتیان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، پاشانیش پەلبهاوێژێتەوە بۆ باشووری کوردستان، بۆیە دەبێت بەردەوام ژنان لە تەواوی پارچەکانی کوردستان هەوڵی خۆبەڕێکخستن و بونیادنانی ژیانێکی ئازاد بدەن.

 

" ژنان لە ڕێگەی بەرخۆدانییەوە بۆ ئامانجەکانیان تێکۆشان دەکەن"

ڕۆشنا ئەحمەد، ئەندامی حیزبی شیوعی کوردستان، وتی: ئێمەی ژنان دەبێت بەیەک ئاڕاستە خەبات بکەین و باس لە پارچەبوونی کوردستان نەکەین، هەروەها ئێمە هەموومان کۆکین لەسەر مافەکانی ژنان و هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی دەدەین، ژنان شەڕی سەپێندراویان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، بۆیە ئێمەی ژنان لە پێناو شکاندنی ئەو شەڕە سەپێنداراوانەدا تێکۆشان دەکەین، بۆ ئەوەی بۆ داگیرکەرانی بسەلمێنین ژنان توانای ڕووبەڕووبونەوەی دوژمنانیان هەیە.

 

" پشتیوانی خۆمان بۆ پارچەکانی کوردستان دەردەبڕین"

ئاسیا ئازاد، هاوڵاتی، وتی: ئێمەی ژنان پشتیوانی خۆمان بۆ ژنانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕین، ئەویش لە ڕێگەی ڕێپێوان و چالاکییەکانمانەوە، هیوای سەرکەوتن بۆ ژنانی ئازادیخوازدەخوازین، هەروەها ئێمە لە ڕێگەی پشتیوانییەکانمانەوە بەردەوام لەگەڵیان دەبین.