ژنانی بامیان بە ئومێد و بەرخۆدانەوە جەژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد

سەرەڕای سنووردارکردنی تاڵیبان، ژنان لە ئەفغانستان بە شێوازی خۆیان ئاهەنگی نەورۆزیان دەگێڕا و دەچوونە شوێنە گشتییەکان بۆ ئەوەی ساتەکانی خۆشی و هیوا ئەزموون بکەن.

بەهاران لەهیب

 

 بامیان- تاڵیبان بۆ نیشاندانی سەربەخۆیی خۆیان، بەپێی بڕیاری خۆیان مەراسیمی فەرمی وەک نەورۆز، جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربان لە ئەفغانستان بەڕێوەدەبەن، بەڵام ئەم ڕێوشوێنانە هەمیشە ڕووبەڕووی دژایەتی خەڵک بوونەتەوە، چونکە هاوڵاتیان هەوڵدەدەن بەگوێرەی ساڵنامەی نێودەوڵەتی ئەو بۆنانە پیرۆز بکەن، ئەمساڵ نەورۆز لەبری ڕۆژی پێنجشەممە ڕۆژی هەینی یەکەم ساڵی١٤٠٤ بە بڕیاری تاڵیبان ڕاگەیەندرا.

 

بەڵام ژنان ئەم دەرفەتەیان قۆستەوە و سەرەڕای دژایەتی تاڵیبان جلوبەرگی نوێیان پۆشی و لەگەڵ منداڵەکانیان دەچوونە ئەو شوێنانەی کە ڕێگەیان پێدەدرا بچنە ژوورەوە، لە شاری بامیان یەکێک لەو مەزارگانەی کە ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی ژنان دەدرێت، شایەتحاڵی ئامادەبوونی زۆری ژنان بووە.

 

فەوزیە سەفا، تەمەن ٢١ ساڵ کە بە زەردەخەنەوە قسەی کرد، سەبارەت بە بڕیارەکەی بۆ ئاهەنگی نەورۆز وتی: تاڵیبان نەورۆز، خوێندن و کارکردن بۆ ژنان بە قەدەغە دەزانن، بەڵام من و هاوڕێکانم کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی هەرچییەک من و ژنانی دیکە دڵخۆش بکات، تەنانەت ئەگەر سەرکوتیش بکرێین، ئەنجامی بدەین.

 

شیما واسیق، لەکاتێکدا کە منداڵەکانی لەباوەشدا بوو، وتی: ئەمڕۆ بەبێ نیگەرانی هاتمە لای منداڵەکانم، بەو هیوایەی ئەمساڵ ژیانێکی ئازادتر و باشترم هەبێت.

 

لەناو مەزارگەکەدا فەوزیە نور لەگەڵ کچە بچووکەکەی دانیشتبوو، هەژاری لە ڕووخساریانەوە دیار بوو، کاتێک چووینە لای ئەوان بە گەرمی پێشوازییان لێکردین و ڕێگەیان پێداین لە تەنیشتیان دابنیشین. وتی: ئێمە مەودایەکی دوور بەپێ ڕۆیشتین، چونکە پارەمان نەبوو بۆ کرێی ئۆتۆمبێل، بەڵام نەریتە لە سەرەتای ساڵدا سەوزەکان بچێنین بۆ ئەوەی ڕۆحمان نوێ بکەینەوە، من و کچەکەم بۆ ئاهەنگ گێڕانی ئەمڕۆژە هاتینە دەرەوە.

 

خەمێکی قووڵ لە چاوەکانیدا دیار بوو، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کوڕەکەم کە لە حکومەتی پێشوودا لە کابول کاری کردووە، لە هێرشێکی خۆکوژیدا شەهید بوو، لەو ڕۆژەوە من و کچەکەم لە خراپترین بارودۆخی ئابووریدا دەژین بۆ ئەوەی بیکەم ئەوەیە کە دڵنیا بم لەوەی تاکە کچەکەم داهاتوویەکی باشتری هەیە.

 

نەورۆزی ئەمساڵیش لەژێر سنووردارکردن و فشارەکاندا بەڕێوەچوو، بەڵام ژنانی ئەفغانستان هێشتا بە بچووکترین دەرفەت هەوڵدەدەن بەختەوەری بۆ ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان دابین بکەن.