ژنانی بامیان بە بەرگرییەکی بێدەنگ ڕووبەڕووی سنووردارکردن دەبنەوە

بامیان، شارێکی گرنگی مێژووییە لە ئەفغانستان، لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبانەوە ڕووبەڕووی سنووردارکردنی بەرفراوانی ژیانی ژنان بووەتەوە، بەڵام ژنانی ئەم شارە بە دامەزراندنی شوێنی فێربوونی نهێنی و بازاڕی ژنان و خولی پەروەردەی کارامەیی ڕووبەڕوو دەبنەوە.

بەهاران لەهیب

 

بامیان-تاڵیبان سنووردارکردنی توندی بەسەر ژنان لە پارێزگای بامیان سەپاند، لەوانە داخستنی خوێندنگەکانی منداڵانی کچ و سنووردارکردنی هەلی کار و ڕێگریکردن لە بەشداری کۆمەڵایەتی، ئەمەش ڕۆڵی ژنانی لە ژیانی گشتیدا کەم کردووەتەوە و مەترسی لەسەر ئەو دەستکەوتە پەروەردەیی و کولتوورییە دروستکردووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە.

 

بامیان یەکێکە لە پارێزگاکانی ناوەڕاستی ئەفغانستان، بە شانەدانی شارستانیەت و کولتوور و مێژوویەکی دەوڵەمەند ناسراوە، لە مێژە ئاماژەی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و خۆڕاگری مەدەنی بووە، بە مێژوویەکی هەزاران ساڵ، لە بوداکانی بامیانەوە تا ڕۆڵی لە ڕێگای ئاوریشمدا، ئەم پارێزگایە جێگەیەکی تایبەتی لە یادەوەری مێژوویی ئەفغانستاندا هەیە، بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە پارێزگاکانی تر، بامیان بە ناوچەیەکی تاڕادەیەک ئارام و دەوڵەمەند لە ڕووی کولتوورییەوە ناسرابوو، کە پەروەردە و هونەر و بەشداری کۆمەڵایەتی بەهایەکی زۆری هەبوو.

 

لە دەرەوەی ئەم چوارچێوە مێژووییە، ژنانی بامیان لەم ساڵانەی دواییدا ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ژیانی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و کولتووریدا هەبووە، منداڵانی کچ و ژنانی بامیان لە یەکەم کەس بوون کە خوێندنی باڵایان وەرگرتووە، لە زانکۆکان دەخوێنن و چالاکانە بەشدارییان لە پەروەردە و تەندروستی و میدیا و بەشداریکردنی مەدەنیدا کردووە، بوونی ژنان لە دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پڕۆژەکانی گەشەپێدان وایکردووە بامیان ببێتە نموونەیوکی ناوازە بۆ بەشداری ژنان لە ئەفغانستان.

 

ژنانی بامیان نەک هەر وەک کرێکار ،بەڵکو وەک بریکاری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیش ناسراون، ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی و بەرەوپێشبردنی خوێندنی منداڵانی کچ و پاراستنی میراسی کولتووری و بەهێزکردنی هاودەنگی کۆمەڵایەتی، سەرەڕای سنووردارکردنی نەریتی و پێکهاتەیی، زۆرێکیان بوونەتە نمونە بۆ نەوەی گەنج، وێنەیەکی جیاواز لە ژنە ئەفغانییەکە دەخەنە ڕوو- ژنێک کە هۆشیار و چالاک و بەرپرسیارە بەرامبەر کۆمەڵگە.

 

بەڵام پێکهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییە و سەرهەڵدانەوەی تاڵیبان هەڕەشەی ڕاستی لەسەر دەستکەوتەکانی ژنان لە بامیان کردووە، هەروەها سنووردارکردنی خوێندن و دامەزراندن و بەشداری کۆمەڵایەتی ژنان نەک هەر کاریگەری لەسەر داهاتووی کەسیی ئەوان هەبووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر گەشەسەندن و سەقامگیری کۆمەڵایەتی شارەکەش هەبووە، لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی بامیان بەبێ ڕەچاوکردنی ڕۆڵ و چارەنووسی ژن، وێنەیەکی تەواو لە ڕاستیەکەیان نادات، وەک چۆن ژنانی بامیان هەمیشە بەشێکی دانەبڕاو بوون لە ناسنامە و خۆڕاگری و هیوای ئەم کۆمەڵگەیە.

 

زەهرا حوسێنی، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی خەڵکی پارێزگای بامیان، باسی لە ڕۆڵی ژنان لە شارەکەدا کرد و وتی: بێ گومان بارودۆخەکان لە ڕادەبەدەر سەخت بوون بۆ ژنان، زۆرێک لەو دەرفەتانەی کە لە ڕێگەی کاری قورسەوە بونیاد نراون لەناکاو نەماون، خوێندنگەکانی منداڵانی کچان داخراون، کاری ژنان سنووردار کراوە، کەشێکی ترس و تۆقاندن زاڵ بووە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوە بوو کە تاڵیبان بیری لێ دەکردەوە، ژنانی بامیان خۆیان ڕادەست نەکرد، ڕەنگە بوونی ئەوان لە ئاستی فەرمیدا پەراوێزخراوە، بەڵام چالاکییەکانیان بە سادەیی شێوازی نەگۆڕاوە.

 

"سەرەڕای سنووردارکردنەکان، خەبات بەردەوامە"

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی بامیان لەبری پاشەکشەکردن، ڕێگەی نوێیان دۆزییەوە بۆ درێژەدان بە خەباتی مەدەنییان، بازاڕی ژنانیان دامەزراند، کە هەموو فرۆشیارەکان ژنن، هەروەها شوێنی پارێزراویان دروستکرد کە ژنان و منداڵانی کچ بتوانن دەستیان بە خوێندن بگات، پەرتوک بخوێننەوە، فێری کارامەیی ببن بەبێ ئەوەی سەرنجییان ڕابکێشن، ئەم شوێنانە تەنها شوێنی فێربوون نەبوون، بەڵکو شوێنی هاودەنگی و هیوا و خۆڕاگری بێدەنگیش بوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، خولی پەروەردەیی لە بامیان لە پێشووتر گشتگیرتر بووە، وتی: خولی خوێندەواری، ئینگلیزی، شارەزایی کۆمپیوتەر، چنین، کاری دەستی، تەنانەت خولی پەروەردەی دەروونی بۆ ئەو ژنانەی کە بەدەست دوودڵی و ترسەوە دەناڵێنن بەڕێوەدەچن، ژنان خۆیان بوونەتە مامۆستا و پلاندانەر، بەرپرسیارێتی پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوویان لە ئەستۆ گرتووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چالاکییەکانی ژنان نەک هەر کەمی نەکردووە، بەڵکو کاریگەرتر و قووڵتر بووە.

 

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی تاڵیبان چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەو چالاکیانەدا دەکرد، وتی: بە سروشتییە ئەو چالاکییانە هەمیشە ترس و مەترسیی لەگەڵدا بوو، دەبوو بە وریایەکی زۆرەوە مامەڵە بکەین، بە زانیاری سنووردار و جوڵەی حیسابکراو و متمانەی تەواو لە نێو ژناندا، بەڵام ئەم هەلومەرجە سەختە وایکرد ژنانی بامیان بەهێزتر بن، ئەوان فێربوون چۆن خەبات بکەن بە بێدەنگی بەڵام بەشێوەیەکی کاریگەر. ئەوان سەلماندیان کە نەبونیان لە ڕەسمی هەڵوێستەکان بە واتای دوورخستنەوەیان لە کۆمەڵگە نییە، ئەوان نیشانیان دا کە ژنانی ئەفغانستان توانای دروستکردنی کاریگەرییان هەیە تەنانەت بەبێ پلاتفۆرمی فەرمی ئەمڕۆ چالاکییەکانیان زیاتر بووە، بەڵام ئەمە جۆرێکە لە خۆڕاگری مەدەنی کە ڕەنگە نەبینرێت.

 

زەهرا حوسێنی پەیامێکی ئاراستەی ئەو ژنانە کرد و داوای لێکردن بێ هیوا نەبن: ئەگەر دەرگاکەیان داخست، پەنجەرەیەک بکەنەوە، ئەگەر دەنگەکەیان بێدەنگ کرد، زانیاری بڵاوبکەرەوە، ئەزموونی بامیان دەریخست کە ژنانی ئەفغانی تەنانەت لە سەختترین بارودۆخیشدا دەتوانن بڵێسەی هۆشیاری بە درەوشاوەی بهێڵنەوە.