ژنانی ڕانیە لە دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا ڕاپەڕین: کلیل و چارەسەر تەنها یەکێتی نەتەوەییە
ژنانی چالاکوان لە دەروازەی ڕاپەڕینەوە ڕایانگەیاند، کە پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان پاراستنی شکۆی هەموو کوردانە و پێویستە ژنان بە پێشەنگایەتی خۆیان شەقامەکان بورووژێنن. جەختیشیان کردەوە کە چیتر کاتی دانیشتن نییە.
ڕانیە
لە شاری ڕانیەی ناوەندی دەڤەری ڕاپەڕین، بە پێشەنگایەتی ژنانی چالاکوان گردبوونەوەیەکی جەماوەری دژی هێرشە داگیرکارییەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان کە بەشداری گردبوونەوەکە بوون پاڵپشتی خۆیان بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و داوای یەکڕێزی نەتەوەییان کرد.
"ئەگەر ئەمڕۆ بێدەنگ بین، ئاگرەکە دەگاتە باشوور"
تارا ئاسۆس، چالاکوان لە گردبوونەوەکەدا پەیامێکی توندی ئاڕاستەی کۆمەڵگە کرد و وتی:هتەنیا ئەم چالاکیانە بەس نین، دەبوو ئەمڕۆ بازاڕەکان دابخرێن و هەموو کچ و گەنج و پیرێک لەسەر شەقام بن. ڕۆژئاوا لەژێر مەترسییەکی گەورەدایە و ئەگەر ئەو ئاگرە لەوێ نەکوژێتەوە، تورکیا و چەتەکانی دەگەنە باشوور و هەموو پارچەکانی تریش.
تارا ئاسۆس جەختی لەوەش کردەوە کە ژنان دەبێت پێشەنگ بن و وتی: تکایە ئەمڕۆ ڕۆژی دانیشتن نییە، ڕۆژی یەکدەنگییە. کلیل و چارەسەری هەموو کێشەکان یەکێتی نەتەوەییە. پێویستە حیزبەکان بەرژەوەندییەکانیان وەلا بنێن و گەل سنوورە دەستکردەکان تێکبشکێنێت بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا بە تەنیا نەمێنێتەوە.
"بڕیاری کۆمەڵکوژی لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە دراوە"
هەر لە گردبوونەوەکەدا، شادی سەمەد، چالاکوان هێرشە دڕندەکانی چەتەکانی تەحریر ئەلشام "هەتەشە" بۆ سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار کرد و وتی: ئەمە بڕیارێکی نامرۆڤانەیە کە لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکان و دوژمنانی کوردەوە بەسەر گەلەکەماندا سەپێنراوە. وەک ژنێک داوا لە هەموو هاوڵاتیان دەکەم، بە ژن و گەنج و پیرەوە بڕژێنە سەر شەقامەکان.
شادی سەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە گەل لە هەموو پارچەکان یەکگرتووە و وتی: جێگەی خۆشحاڵییە کە گەل لە باشوور یەکدەنگە و لە باکووریش سنوورەکانیان تێکشکاندووە.