ژنان پێشەنگایەتی ڕێپێوانی جەماوەری بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالانیان کرد
لە شاری سلێمانی لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" ڕێپێوانێكی جەماوەری ڕێکخرا و ژنان پێشەنگایەتییان کرد.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە شەقامی سالم- سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی ڕێپێوانی جەماوەری چالاکوانان، ئازادیخوازان، وڵاتپارێزان و کەسایەتی سیاسی و بە پێشەنگایەتی ژنانی ئازادیخواز، بە مەبەستی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد و لەبەردەم باخی گشتی کۆتاییهات.
ڕێپێوانەکە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" ڕێکخرا، کە لە ٧٥ وڵاتەوە لە جیهاندا بەڕێوە دەچێت و دروشمەکانی "کات کاتی ئازادییە"، "بەرخۆدان لە ئیمراڵیە، "تا ئۆجالان زیندان بێت، کوردستان ڕزگار نابێت"، "دەنگمان لە جیهانە، ئۆجالان ڕێبەرمانە" و "لە زیندان بەرخۆدانە، لە شەقام تێکۆشانە" و چەندین دروشمی دیکە وترانەوە.
لە کۆتاییدا بەشداربووانی ڕێپێوانەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست، تەنیا کەریم، چالاکوان، بەیاننامەی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، کە ٢٤ ساڵە ڕێبەری کوردان و پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی و پێکەوەژیان لە دەرەوەی هەموو یاسا و ڕێساکان لە زینداندایە، ماوەی ٣ ساڵیشە هیچ سەردان و چاوپێکەوتنێکی لەگەڵدا ئەنجام نادرێت و هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی ژیان و تەندروستی ڕێبەر ئاپۆ نییە، ئەمەش سیاسەتێکی لەناوبردن و نکوڵی کردنە دژ بە هەموو یاساکانی مافی مرۆڤ و زیندانییە سیاسییەکان.
"چارەسەری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازادی ئۆجالانە"
تانیا کەریم ئەوەشی خستەڕوو، "ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە لە هەرکات زیاتر پێویستی بە ئاشتی و چارەسەری پرسەکانە، بۆ ئەوەی ئەو ئاشتیەش بێتەدی و ڕێگە لە شەڕ و کاولکاری بگیرێت، تاکە ڕێگە پێکەوە بوونمانە لەسەر ڕێگای ئاشتی و پێكەوەژیان و بەردەوام بوون لە تێکۆشان، ئەم تێکۆشانەش پێویستی بە ڕێبەرێکی پێشەنگە کە ئەمڕۆ کلیلی چارەسەرییەکانە بۆ تەواوی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وچارەسەری پرسی کورد، کە ئەویش ڕێزدار عەبدوڵا ئۆجالانە".
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، کەسایەتی سیاسی، لە بارەی دۆخی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانەوە وتی: خەڵکی شاری سلێمانی ئەرکێکی مرۆڤایەتی و نیشتمانییە داوای ئازادی بۆ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بکەین، کە وا ٢٣ ساڵە لە زینداندایە، چەند ساڵێکە ڕێگری لە سەردانکردنی پارێزەران و خێزانەکەی و تەنانەت ڕێخراوە مرۆڤایەتییە نێودەوڵەتییەکانیش دەکرێت، ئێمە وەک خەڵکی سلێمانی هەستی مرۆڤایەتیمان پاڵنەرمان بوو دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی وڵاتانی جیهان، کە کەمپینی ئازادی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوە دەبەن.
"ژنان دەبێت پێشەنگایەتی داواکردنی ئازادی بۆ ڕێبەر ئۆجالان بکەن"
چرۆ شوانی، ئەندامی تەڤگەری ئازادی، ئاماژەی بەوەکرد، ژنان دەبێت دەستپێشخەری یەکەم بن بۆ داواکردنی ئازادی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، چونکە تەنها ڕێبەرە داکۆکی لە مافی ژن کردووە و داوا دەکات ژنان خاوەن ئیرادەی خۆیان بن، ئازادی ڕێبەر ئۆجالان ئازادی ژنانە، ڕێبەر ئۆجەلان دەڵێت "ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت".
لەکۆتایدا وتی: ئێمەی ژنان پێمان وایە کەمترین ئەرک کە پێشکەشی ئەم ڕێبەرەی بکەین ئەوەیە، کە ئێمەی ژنان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین، بە بەردەوام لە چالاکیدا بین بۆ داواکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان.