ژنان لەڕاپەڕینی سەرتاسەریدا/ لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ٦ ژن گیانیان بەخت کردووە

لە ٤٢ەمین ڕۆژی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی گەلی کۆرد و گەلانی دیکەی ئێران کە ژنان پێشەنگن و بوون بە سیمبول لە جیهاندا، ژمارەیەکی دیکەش گیانیان لەدەستداوە کە ٦ ژنیان تێدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوابەدوای بەردەوامی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و سەرکوتی دڕندانەی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بریندار بوون و  ٦ ژنیش بەدەستی ئەو هێزانە کوژران.

 

پاش ڕۆژێک لە مەڕاسیمی چلەی ژینا ئەمینی و بڵاوبوونەوەی ڕاپەڕین لە مەهاباد، دوو ژن بە ناوەکانی کۆبرا شێخە و فریشتە ئەحمەدی بەهۆی تەقەکردن لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە کوژران، لە شاری سنە ژنێکی گەنج بەناوی سارینا ساعیدی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە سەختی بریندار کراو لە نەخۆشخانەی تەوحید لە شاری سنە گیانی لەدەستدا، لە قەروە و قەسری شیرین دوو ژنی دیکە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕژێمەوە کرانە ئامانج و تەقەیان لێکراو کوژراون، کە ناسنامەیان تا ئێستا نەزانراوە.

 

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی تشرینی یەکەم کچە خوێندکارێک بە ناسنامەی مائیدە جوانفەری تەمەن ٢٨ ساڵ و پەرستارێک لە نەخۆشخانەی ڕەشت لەلایەن هێزەکانی بەسیجەوە دەستدرێژی کرایە سەر و کوژرا، دەوترێت کە هێزە حکومییەکان فشاریان خستووەتە سەر خێزانەکەی بۆ ئەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانی کچەکەیان بە ڕووداوێک ناوبەن، ئەگەرنا ڕەتیدەکەنەوە تەرمەکەیان ڕادەست بکەن.