ژنان لە یادی ٧٧ ساڵەی لەدایکبوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان داوای ئازادی جەستەیی دەکەن
ژنانی شاری زرگان لە کانتۆنی جزیرە یادی ٧٧ ساڵەی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرز ڕاگرت و داوای ئازادی جەستەییان کرد.
سۆرگوڵ شێخۆ
زرگان-ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٤ی نیسانی ١٩٤٩ لە گوندی ئامارا سەر بە ناوچەی خەلگەتی ڕەحا لە باکووری کوردستان لە دایکبووە. ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان ساڵانە بە چالاکی جۆراوجۆر یادی لەدایکبوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەنەوە.
ژنانی کورد و عەرەبی خەڵکی شاری زرگان لە کانتۆنی جزیرە لە ڕۆژئاوای کوردستان باسیان لەو ڕۆژە کرد و داواکارییەکانیان دەربڕی.
ژنانیش ئەمساڵ نایانەوێت لە دوورەوە ئاهەنگ بگێڕن
خەزال خدر سەرەتا بەبۆنەی یادی لەدایک بوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پیرۆزبایی لە ڕێبەرو ژنان کردو وتی: بۆ ئێمە ٤ی نیسان ڕۆژێکی پیرۆزە و خواستی ئێمە ئەوەیە کە هەموو ژنان بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئاپۆ ئەم ڕۆژە پیرۆز بکەن، چونکە هەرچییەک بکەین، هەمیشە قەرزاری ماندووبوون و خەباتی ئەو دەبین، هەر بۆیە نامانەوێت لە دوورەوە ئاهەنگی بۆ بگێڕین، بەڵکو دەمانەوێت لەنێو خۆماندا بێت.
"با ڕۆژێکی نێودەوڵەتی بێت"
سەعدیە عیدۆ داوای کرد کە ڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکرێتە ڕۆژێکی نێودەوڵەتی و لە درێژەی قسەکانیدا بەم شێوەیە وتی: ئێمە لە ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەر ئاپۆدا خۆشییەکی نائاسایی ئەزموون دەکەین، چونکە جوانترین ڕۆژی ساڵە. دەتوانین بڵێین ڕۆژی ٤ی نیسان ڕۆژی لەدایکبوونی هەموو ژنانە. بەم بۆنەیەوە بانگەوازی هەموو ژنان دەکەین کە دەستی یەکتر بگرن و پاڵپشتی یەکتر بن، ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن کاریگەرییان لەسەر خەباتی ژنان نییە و بە تایبەتی لە ٤ی نیساندا هەموو ژنان یەکدەگرن.
پڕۆسەی یەکگرتن بەبێ ئیرادەی ژنان بەڕێوە ناچێت
سەعدیە عیدۆ ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئۆجالان دەرفەتێکی بە ژنان بەخشی بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین و وتی: هەروەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ دەرفەتی ژیانی ئازادانەی پێداین، نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین. بۆیە پرۆسەی یەکگرتنی نێوان قەسەدە و دیمەشق بەبێ ئیرادەی ژنان بەڕێوە ناچێت، هیچ یەکگرتنێک قبوڵ ناکەین ئەگەر دان بە ناسنامەو تەڤگەری ژناندا نەنێت.
لە دەوری بیر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆببنەوە
مەریەم قاسم داوای لە ژنان کرد لە دەوری بیر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆببنەوە، بازنەیەک پێکبهێنن و وتی: ئەگەر ڕێبەرەکەمان وەک ڕێبەرو سەرۆکی دەوڵەت بەرژەوەندیی خۆی بوایە، ئەمڕۆ لە زیندان نەدەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕێبەرەکەمان بارگرانی وڵات و گەلی لەسەر شانی خۆی هەڵگرتووە، خەبات بۆ ئازادی و دیموکراسییان دەکات، ناتوانرێت ڕێگەی پێبدرێت با سەرکردەکەمان لە ڕووی جەستەییەوە ئازاد بێت و لە نێوانماندا بژی.
نکۆڵی لە خەباتی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان مەکەن
مەریەم قاسم داوای لە خەڵک کرد نەکەونە داوی دوژمن و فریو نەدرێن و نکۆڵی لە کار و خەباتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نەکەن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە بیرکردنەوە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو ماڵێکدا بڵاودەکەینەوە، دەستبەرداری دۆزی خۆمان نابین تا ئەوکاتەی بە ئازادی بیبینین.