ژنان لە تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز ڕوو لە چیای قەندیل دەکەن

کردنەوەی ئاگری نەورۆز بۆ گەلی کورد مێژوویەکی پڕشنگدار و پڕ لە خەباتی نەتەوەی کوردە، ساڵانە لە تەواوی پارچەکانی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە بۆ بەرزڕاگرتنی جەژنی نەورۆز سەردانی چیای قەندیل دەکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ نەورۆز کۆنترین، گەورەترین و گرنگترین جەژنی هەموو مرۆڤایەتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم جەژنە هەر لە سەرەتاوە لە کوردستاندا بەڕێوەچووە لە هەموو جیهاندا بڵاوبۆتەوە، بۆنەیەکە کە بۆ گەلی کورد زۆر گرنگە، هەموو ساڵێک لە وەرزی بەهاردا کە بەفر لە شاخەکان دەست بە توانەوە دەکات گوڵەکان دەردەکەون و هیوا لە دڵی گەلی کورددا گەشە دەکات، نەورۆز پیرۆز دەکرێت و بە یەکێک لە گرنگترین بۆنەکانی گەلی کورد دادەندرێت، نەورۆز هاوواتای " ئەڤین " و ڕۆژێکی نوێیە، گەلی کورد هەموو ساڵێک لە ٢١ی ئاداری مانگی کوردیدا واتە یەکەم ڕۆژی بەهار، وەک نوێبوونەوەی سروشت و جەژنی نەورۆز بەڕێوەدەبەن، زانراوە کە لە ڕابردوودا نەورۆز کەلتوورێکی گەورەی هەبووە و هەموو بۆنەیەکی گرینگ لە ڕۆژی نەورۆزدا بەڕێوە دەچوو، بەڵام ئەم بۆنەیە بۆ گەلی کورد زۆر گرینگە، چونکە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و زۆرێک لە مێژوونووسان دەڵێن، دەسەڵاتداریی ماد و گەلی کورد زۆر پێش زایین و لە یەکەم ڕۆژی مانگی یەکەمدا خاکی کوردستانیان لە دەستی ئاشوورییەکان ڕزگار کرد (ساڵی ٦١٢ی پێش زایین) و جەژنیان پیرۆزکردو ناویان لێ نا ڕۆژی نوێ یان ڕۆژێکی نوێ، هەندێک لە مێژوونووسان و توێژەران مێژووی ئەم بۆنەیە دەگەڕێننەوە بۆ چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر.

 

هه‌ندێک له مێژوونووسانی دیکه‌ش ده‌ڵێن، نه‌ورۆز ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نوێبوونه‌وه‌ی سروشت و بنه‌ماکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئایینه‌کانی وه‌ک میترا، ئێزدی و یارسان.

 

نەورۆز و ئایینی میترا

زۆرێک لە مێژوونووسانیش لەسەر ئەو باوەڕەن کە نەورۆز لە ئایینی میتراوە بۆ گەلی کورد ماوەتەوە، بەڵام هەندێک لە لێکۆڵەران لەو باوەڕەدان کە ئەم بۆنەیە هیچ پەیوەندییەکی بە ئایینی میتراوە نییە و تەنیا لە نوێبوونەوەی سروشتەوە سەرچاوە دەگرێت و هیچ پەیوەندییەکی بە هیچ ئایینێکەوە نییە، هەروەک چۆن زۆربەی بۆنەکان وەک چلەی هاوین، چلەی زستان، جەژنی خەرمان، جەژنی چاندن و دروێنە کە کۆنترین بۆنەی کوردین، نەورۆزیش وەک ئەو جەژنانە زۆر کۆنە و دەکرێت بڵێین ئەم جەژنەش هاوشێوەی بۆنە کۆنەکانی دیکەی کوردی، لە سەردەمی میترادا گرنگیی پێ درابێت.

 

لە تەواوی شارەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە چەندین دابونەریتی شوێنەکان مەڕاسیمی جەژنی نەورۆز یادی دەکەنەوە:

 

ئێران

ڕێک بەڵگەی مێژوویی ھەن کە لە ئێرانی کۆندا یەکەم ڕۆژی بەھار وەک نەورۆز پیرۆز کراوە و فیردەوسی و سەعالەبی بیروونی، باسی مێژووی نەورۆزیان کردووە لە نێو خەڵکی ژێردەستی ئیمپراتۆریی ساسانیدا فیردەوسی،  بنەچەی نەورۆز دەباتەوە سەر جەمشید لە وڵاتانی ئێراندا، نەورۆز جەژنێکی فەرمی و سەرساڵ بووە لە سەدەی بیستەمەوە. ھەرچەند ئێران ھیچکات بە فەرمی نەرۆزی قەدەغە نەکردووە بەڵام کوردەکانی تووشی بەربەستی زۆر کردووە بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز بە دابونەریتی خۆیان. 

 

تورکیا

لە تورکیا  بۆنەی نەورۆز بۆ ماوەیەکی درێژ لە سەدەی بیستەمدا قەدەغە بوو و کوردەکان بۆیان نەبوو نەورۆز پیرۆز بکەن، بەڵام لە ١٩٩٠ەکانەوە دەوڵەت پشوویەکی بە ناو نەڤرووز (nevruz) دان، لەو کاتەدا نووسینی نەورۆز بە کوردی (وەک newroz) قەدەغە بوو، بۆ نموونە ساڵی ٢٠٠٧ سەرۆک شارەوانییەکی شارێکی کورد بۆ بەکارھێنانی وشەی newroz لەجێی nevruz سزای زیندانی بۆ دەرکرا، دوای ٢٠٠٠ەکان کە پیرۆزکردنی نەورۆز ئاسایی بووەوە، ھێشتاش ساڵانە ژمارەیەکی زۆر مرۆڤی کورد لە بۆنەی نەورۆزدا دەستگیر دەکرێن.

 

عێراق

لە عێراق نەورۆز بۆنەیەکی فەرمی نەبووە و حکومەتی بەغداد بڕێک جار ھەوڵی داوە کە نەورۆز قەدەغە بکات، بەڵام کورد بە درێژایی سەدەی بیستەم نەورۆزیان پیرۆز کردووە، ڕۆشنبیرانی کورد وەک پیرەمێرد ھەوڵیان داوە نەورۆز وەک ھێمایەکی نەتەوەیی زیندوو بکرێتەوە و بەرگێکی تازەی نەورۆز بووە، لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە بۆتە جەژنێکی فەڕمی لە باشووری کوردستاندا.

 

سووریا

 نەورۆز لە سووریا سەدەی بیستەمدا بۆنەیەکی فەرمی نەبووە و تەنیا کوردەکان پیرۆزیان کردووە و ھەمیشە لەژێر چاودێریی ھێزە ئەمنییەکاندا بووە، لە ٢٠٠٠ەکانەوە حکومەتی بەشار ئەسەد ڕایگەیاند کە ڕێگە بە کوردەکان دەدات مەراسیمی نەورۆز ببگێڕن بەو مەرجەی نەبێت بە کۆبوونەوەیەکی سیاسی، بەڵام ھەر لەو دەیەدا دەیان کەس لە سووریا لەسەر نەورۆز بریندار و زیندانی کران.

 

ئازەربایجان

لە وڵاتانی ئازەربایجان نەورۆز ڕۆژی پشودانە، بەر لە ڕووخانی شۆڕەوی نەورۆز لە ئاسیای ناوەڕاست و قەفقازدا ڕۆژی پشوو نەبوو، بەڵام دواتر وڵاتانی ئازەربایجان، تاجیکستان و تورکمانستان و وڵاتانی دیکەی ئەو ناوچەیە نەورۆزیان کردە ناو ڕۆژمێری خۆیانەوە.

 

وڵاتانی دیکە

جەژنی نەورۆز لە لایەن زۆر دەوڵەت و نەتەوە و کۆمەڵەی خەڵکی دیکەوە پیرۆز دەکرێت، بۆ نمونە کازاخستان، قرغیزستان، تورکمانستان و گورجستان نەورۆز پیرۆز دەکرێت، هەروەها زۆرێک لە خەڵکی باڵکان وەکوو سۆفییەکان لە ئەلبانیا جەژنی نەورۆزیان هەیە.

 

ساڵانە جەژنی نەورۆز لە لایەن کوردانی هەرچوارپارچەی کوردستان لە بناری چیای قەندیل پیرۆز دەکرێت، لە ڕۆژانی ٢٠ی ئاداری هەموو ساڵێک لە تەواوی پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵاتەوە هاوڵاتیان بە مەبەستی کردنەوەی ئاگری نەورۆز ڕوو لە بنارەکانی قەندیل دەکەن، کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە قەندیلدا بۆ کوردپەروەران و ئازادیخوازان ئامانجی گەورەی لە پشتەوەیە، کورد پەروەران و ئازادیخوازان لە ڕێگەی مەشقەڵەکانیانەوە ئاگری نەورۆز بە ئامانجی ئازادی و دەستپێکی نوێی خەباتیان هەڵدەگرسێنن، کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان، باکووری کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە زۆرێک لە هاوڵاتیان سەردانی ناوچەکە دەکەن، هەروەها لە ناویاندا کەسانی بیانی بە مەبەستی بینینی مەڕاسیمی کردنەوەی ئاگری نەورۆز سەردانی بناری قەندیل دەکەن، تیایدا چالاکی جۆراوجۆر بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادەکە لەژێر چەندین ناونیشان و دروشمی کوردانە تا درەنگانی ڕۆژی ٢١ی ئادار لە بناری قەندیلدا دەمێننەوە.

 

" نەورۆز لەگەڵ پرسی ئاشتی پیرۆز دەکەین "

سۆنیا سمایل، سەردانیکەری بناری قەندیل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، باسی لە جەژنی نەورۆزی قەندیل کردو وتی: ساڵانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی کردنەوەی ئاگری نەورۆز و پیرۆزکردنی یادەکە سەردانی بناری قەندیل دەکەین، پێویستە لە تەواوی پارچەکانی کوردستانەوە سەردانی قەندیل بکرێت، بۆ پیرۆزکردن لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواو تەواوی پارچەکانی کوردستان یادی جەژنی نەورۆز دەکەینەوە، نەورۆزی ئەمساڵ جیاوازتر لە نەورۆزەکانی دیکە لەگەڵ پرسی ئاشتیدا یادی نەورۆزمان بەرز نرخاند، لە ناویاندا ژنان لە بە جلوبەرگی ئاڵا و واڵاوە بە چەندین دەستکەوتی گرنگ و دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی " ەوە یادی نەورۆز بەرز دەنرخێنن، هیوادارین تەواوی ساڵەکانی دیکە بتوانین لەگەڵ پرسی ئاشتدا ئەم یادە پیرۆز بکەین.

 

" نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردی نەورۆزی سەرکەوتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە "

زەلیخە عەلی، لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەشداری کردنەوەی ئاگری نەورۆزی لە بناری قەندیل کردوە، زیاتر لە ١٠ ساڵە بەردەوام بۆ مەراسیمی کردنەوەی ئاگری نەورۆز سەردانی چیای قەندیل دەکات، وتیشی: نەورۆزی ئەمساڵمان نەورۆزی سەرکەوتن دەبێت، ئێمەی کورد بەردەوام بۆ خەباتی خۆمان تێدەکۆشین، ئامانجمان سەرکەوتن و گەیشتن بە مافەکانی خۆمانە، ساڵانە بۆ یادکردنەوەی نەورۆز سەردانی بناری قەندیل دەکەم، هەردەم بە مەشقەڵی ئاگرەوە بەسەر چیاکاندا سەردەکەوم و پاشان جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەم، لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرخۆدانیەکانمان کەوتۆتە جەژنی نەورۆزەوە هیوامان بە بردنەوەی کورد هەیە لە دوای نەورۆزی ئەمساڵەوە.

 

" بە جۆش و خرۆشەوە گوێپیستی پەیامی ئاشتی دەبین"

ئامینە حسێن، هاوڵاتی شاری قامیشلۆیە ماوەی سێ ساڵە بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز سەردانی بناری قەندیل دەکات، وتیشی: قەندیل جێگەیەکی پیرۆزە بۆ گەلی کورد، هەردەم لانکەی بەرخۆدێری کورد بووە، ئێمەی کورد لە هەر جێگایەکی کوردستان شانازیمان بە هەبوونی قەندیلەوە کردووە، ساڵانە لە بناری قەندیل یادی نەورۆز بەرز دەنرخێندرێت، زیاتر لە سێ ساڵە سەردانی کردنەوەی ئاگری نەورۆز دەکەین، سەرجەم خێزانەکەمان بە جۆشوخرۆشێکی زۆرەوە خۆمان بۆی ئامادە دەکەین، لێرە ٢٠ و ٢١ی ئادار گەل سەردان دەکەن، من ٢١ی ئادار سەردانم کرد، بەڵام چەندین چالاکی و کاری هونەری و پەیامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەخوێندرێتەوە، سەردانی مەڕاسیمەکە دەکەین، بە شای و هەڵپەڕکێ یادەکە بەرز دەنرخێنین، هەروەها ئەمڕۆ لە ناو جەماوەردا پەیامی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بۆ پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەخوێندرێتەوە، ئێمە بە پڕ جۆش و خرۆشەوە ئامادەی ئاشتی دەبین.

 

" جەژنی نەورۆز لە ڕێبەری گەلی کورد "عەبدوڵا ئۆجەلان " و تەواوی گەریلای چیاکان پیرۆز دەکەم "

جەواهیر ڕەمەزان عەزیز، لە چوارقەڕنەوە بەشداری مەڕاسیمی کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە قەندیل دەکات، ئاماژەی بەوەکرد، ساڵانە بە هەیەجانەوە خۆیان ئامادە دەکەن، سەرەڕای هەبوونی سارد و سەرمای زۆر بارانبارین لە ناوچەکە سەردانی قەندیل دەکەن، وتی:"ساڵانە بۆ کردنەوەی ئاگری نەورۆز سەردانی ئێرە دەکەین، لەوەتەی ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە تەنها ساڵێک نەمتوانیوە سەردانی قەندیل بکەم، جێگای شانازی کوردە بتوانێت لێرەدا ئاگری نەورۆز بکاتەوە، وەک هەموو جەژنەکانی دیکە هەموو ساڵێک ئامادەکاری بۆدەکەم، لە ئێستادا بە جەوێکی باراناوی بەڵام کوردان پڕ جۆش و خرۆشن، لە ئێستادا پەیامی ئاشتی لە لایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەیە، ئەمە دەری دەخات کورد هەردەم ئاشتی خواز بووە،  پەیامی ئاشتی و بۆ گەلی کورد جێگای شانازی و ئەنجامی بەرخۆدێریە، نەورۆز لە ڕێبەری گەلی کوردو تەواوی گەریلایانی چیاکان پیرۆز دەکەم.

 

" ژنان لە جەژنی نەورۆز لە تەواوی پارچەکانی کوردستان ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن "

شادی غوڵامی، گۆرانیبێژ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە چڕینی چەندین گۆرانی کوردی لە مەڕاسیمی یادکردنەوەی نەورۆزی بناری قەندیل بەشداری کردو وتی: بەشداری کردنمان لە نەورۆزی ئەمساڵدا ئەرکی هەر تاکێکی کوردە، وەک گۆرانیبێژێک چەندین گۆرانیم پێشکەش بە کوردانی ناوچەکە کرد، جەژنی نەورۆز لە تەواوی ناوچە کوردیەکان یادی دەکرێتەوە، بە تایبەت لە قەندیلەوە یادێکی پیرۆزی بۆ ئەنجام دەدرێت، هاوڵاتییەکی زۆر لە تەواوی پارچەکانی کوردستانەوە سەردانی دەکات، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت ناوچە کوردنشینەکان ساڵانە لە ١ی ئادارەوە بەردەوام مەڕاسیمەکانی جەژنی نەورۆز ئەنجام دەدرێت، شایی و خۆشیەکان لە نێوان یەکدا بەردەوام بەدیدەکرێت، ژنان ڕۆڵی گرنگ لە کردنەوەی ئەم یادەدا دەگێڕن.