ژنان لە سودان ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە

سەلیمە ئیسحاق، سەرۆکی یەکێتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان ڕایگەیاند، ٥٥٦ هێرشی دەستدرێژی سێکسی لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سودان بەڵگەدار کراوە، ئەم دۆخە ژنانی بەرەو خۆکوشتن بردووە.

 ئایا ئیبراهیم

 

 سودان- بەپێی ئەو زانیاریانەی لەم دواییانەدا لەلایەن لیژنەی سەندیکای پزیشکی سودان بڵاوکراونەتەوە، بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرای  سودان، خۆکوشتن و هێرشی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان زیادی کردووە، سەلیمە ئیسحاق، سەرۆکی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان، هێزەکانی پشتیوانی خێرای بە بەرپرسیار زانی لە هێرشەکانی سەر ژنان کە لە سەرەتای شەڕەوە بەردەوامە.

 

"ژمارەکە زیاترە لە ئامارەکانی ئێستا"

 سەلیمە ئیسحاق وتی: ناوچەکانی ڕۆژئاوای خەرتومی پایتەخت و ناوچەکانی دارفور لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنتڕۆڵکراون، لەم ناوچانەدا ژنان زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی دەبنەوە، ژنان و خێزانەکانی دانیشتووی ئەو ناوچانە لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین، بەگوێرەی ئامارەکان لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا ٥٥٦ دەستدرێژی بۆ سەر ژنان کراوە و بەڵگەی لەسەرە کە ئەم هێرشانە لە لایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە ئەنجام دراون، بەڵام ئێمە پێمان وایە ژمارەکە زیاترە.

 

سەلیمە ئیسحاق ڕایگەیاند، ئەگەر ململانێکان بەردەوام بێت، هێرش و پێشێلکارییەکان دژی ژنان زیاتر دەبن و وتیشی: زیاتر لە ١٠ ملیۆن ژن لە سودان تووشی هەراسانکردن و دەستدرێژی و هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبنەوە،  کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە زۆرێک لەو ژنانەی کە لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسیدا دووگیان دەبن، بەهۆی کەمی خزمەتگوزاری پزیشکییەوە ناتوانن منداڵەکانیان لەبارببەن، هەر بۆیە تووشی کێشەی دەروونی گەورە دەبن.

 

 "زۆرێک لە ژنان دەیانەوێت منداڵەکانیان لەبارببەن"

 سەلیمە ئیسحاق سەرنجی بۆ ئامارەکانی لیژنەی سەندیکای پزیشکی سودان ڕاکێشا و بەم جۆرە بەردەوام بوو: بەپێی داتاکانی سەندیکاکە ژمارەی حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی لە ٣٧٠ حاڵەتەوە بۆ ٦٧٩ حاڵەت زیادی کردووە، لەو ژنانەی دەستدرێژییان کراوەتە سەر و دووگیان بوون، ١٢ حاڵەت بووە، داوا لە نەخۆشخانەی ئەلناو دەکەم بۆ لەباربردنی منداڵەکان، لە شاری ئۆمدورمان، چونکە کۆی ئەو ژنانەی لەباربردنیان پێویستە  بۆ ٤٨ ژن زیادی کردووە، لە شارەکانی ئۆمدورمان و سەندی بە گشتی ٣٦ ژن لەباربردنیان بۆ ئەنجامدراوە، لە نەخۆشخانەی ئەلناو، هەندێک لەو ژنانەی لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسیدا دووگیان بوون، بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە منداڵەکانیان لەبارببەن، منداڵیان بووە، هەربۆیە کۆرپەکانیان لە نەخۆشخانە بەجێهێشتووە و ڕۆیشتوون.

 

 "بەهۆی پێکدادانەکانەوە ناتوانین زانیاری وەک پێویست کۆبکەینەوە"

 سەلیمە ئیسحاق ڕوونیشیکردەوە، بەهۆی بەردەوامی پێکدادانەکان، ناتوانن وەک پێویست زانیاری کۆبکەنەوە و وتیشی: هەموو ئەو تاوانانەی کە ئەنجام دەدرێن تۆماری دەکەین، ئامانجمان پاراستنی ژنانە،  لەگەڵ ململانێکاندا توندوتیژی سیستماتیکی دژ بە ژنان لە ناوچەکەدا زیاتر دەبێت و بەهۆی ئەوەی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ ناکرێن، ئەنجامدەرانیش بێ سزا دەمێننەوە، دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان وەک چەکێک لە دژی خەڵکی مەدەنی بەکاردێت، ئەمە تاوانە، لە شارەکانی سودان، ٣٥ لەو ژنانەی لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسی منداڵیان بووە، نەیانویستووە منداڵەکانیان بهێڵنەوە، لە کاتێکدا هەندێکیان ئەو منداڵانە دەهێڵنەوە و لەدایک دەبن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا سەلیمە ئیسحاق جەختی لەوە کردەوە کە تاوانەکانی دژ بە ژنان تا کۆتایی هاتنی ململانێکان بەردەوام دەبن و وتیشی: دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و داتای دروست کارێکی قورسە، دەبێت دادپەروەری بۆ زیانبەرکەوتووان جێبەجێ بکرێت، ئەم دۆخە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ململانێکانیشدا ئەگەری بەردەوامی هەیە.