ژنان لە سلێمانی نەورۆز پیرۆز دەکەن

لەگەڵ کردنەوەی ئاگر و دەستپێکی ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ ژنان پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی گەلی کورد بە گشتی و ژنان بە تایبەت دەکەن، یادکردنەوەی نەورۆز بە وەستاندنەوە بە ڕووی دوژمنان و داگیرکاران دەزانن.

سلێمانی

 

ژنان بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری فێستیڤاڵی نەورۆزی بناری گۆیژەیان کردوو پیرۆزبایی خۆیان گەیاند و   هەستی نەتەوایەتییان دووپات کردەوە، داوا لە گەلی کورد دەکەن کە بە یەک دەنگ و ڕەنگ یادی نەورۆز بکەنەوە، نەورۆز بکەنە چقڵی چاوی دوژمنان و سووربن لەسەر بەدەستهێنانی ئازادییەکانیان دژی دیکتاتۆران و داگیرکاران.

 

مەستان سەڵاح، وەک ژنێکی گەنج پیرۆزبایی خۆی کردو وتی: "پیرۆزبایی لە گشت گەلی کورد دەکەم هیوادارم هەموو تاکێکی کورد لە خۆشی و ئاشتیدا بێت"، ئاماژەی بەوەدا نەورۆز دوو ڕۆژە بۆیە پێویستە لەم دوو ڕۆژەدا کورد یادی بۆنە نەتەوەییەکەی خۆی بکاتەوە و پشتگوێی نەخات.

 

شارا ڕەشید، پیرۆزبایی خۆی لە گشت گەلی کورد کردو  هیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ کوردستان و تاکی کورد، هەروەها هیوادارە ئەم جەژنە ببێتە دەستپێکێک بۆ باشترکردنی دۆخی هاوڵاتیان و گەلی کورد بەتایبەت لە بەرامبەر دوژمنان.

 

وتیشی: "کورد نابێت تەنها بە لەبەرکردنی جلی کوردی ئەو یادە بکاتەوە بەڵکو دەبێت ئامانجی سەرەکیان نوێکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی بێت و دووبارە هەوڵی تێکۆشان و ئازادی بدەنەوە".

 

گوڵاڵە محەمەد، پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی خێزان و گەلی کورد دەکات هەروەها ئاماژەی بەوەدا هاوڵاتیان پێویستە بێنە دەرەوە لە ماڵەکانیاندا و یادی ئەم جەژنە بکەنەوە، هەستی نەتەوەیی دووپات بکەنەوە لەگەڵ هاوڵاتیانی دیکە و خێزانەکانیاندا و خۆشی دەرببڕن.

وتیشی:دت "نەورۆزە ڕۆژێکی پیرۆزە، کورد جاران ئەم ئازادییەی نەبوو بتوانێ یادی نەورۆز بکاتەوە بەڵام ئێستا ئازادی ئەوەی هەیە بتوانێ یادی ئەم بۆنە نەتەوەییە بکاتەوە بەڵام هێشتا ئەو ئازادییە لە ئاستی ویستی تاکی کورددا نییە و پێویستە هاوڵاتیان و گەلی کورد زیاتر هەوڵ بدەن ئازادی بەدەست بهێنن".

 

ئەوەشی ڕوونکردەوە نەورۆز و کردنەوەی ئاگر چقڵێکە بۆ چاوی دوژمنان بۆیە دەبێت زیاتر گەلی کورد سوربێت لەسەر کردنەوەی ئەو یادە لە پێناو سەربەخۆبووندا.

 

شەن حەمەڕەشید، ژنێکی دیکەی بەشداربووی فێستیڤاڵەکەیەو ئاماژەی بەوەدا کورد تەنها ئەو جەژنەی هەیە کە پەیوەست بێت بە هەستی نەتەوەییەوە، بۆیە ئەرکی هەمووانە ئەم یادە بکەنەوەو جەژنی نەورۆز پیررۆز بکەن، وتی: "تاکی کورد کە ئەم یادە دەکاتەوە بێ گوومان هەستی نەتەوایەتی لە ناخیدا دروست بووە بۆیە ئەم یادە دەکاتەوە".