ژنان لە هیندستان هێڵێکی میترۆ بەڕێوەدەبەن
لە هیندستان بۆ یەکەمجار هێڵێکی میترۆ دەکرێتەوە کە ژنان بەڕێوەی دەبەن و زیاتر لە ١٠٠ کارمەندی ژنی تێدا کار دەکەن و ٣٠٪ـی کارەبای ئەو میترۆیە لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە دابین دەکرێت.
ناوەندی هەواڵ
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە، دەستپێکی بەشێک لە پڕۆژەکانی میترۆی شاری پۆنەی کە تایبەتە بە بەڕێوەبەرایەتی ژنان ڕاگەیاند.
نارێندرا مۆدی ڕایگەیاند، بەردی بناغەی وێستگەی بەشێک لە پڕۆژەکانی میترۆی شاری پۆنەی هیندستان بە نزیکەی ٢١ هەزار و ٨٠٠ کۆڕۆر ڕووپیە دانرا، کە یەکێکیان بەناوی هێڵی پەمەییە کە زیاتر لە ١٠٠ کارمەندی ژن لەخۆ دەگرێت و تەواوی شەمەندەفەرەکانی ئەم هێڵە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێن، ئەمەش یەکەمجارە لە هیندستان هێڵێکی مێترۆ بە تەواوی لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەببرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، هێڵی پەمەیی کە درێژییەکەی ٢٣ کیلومەترە، دوو ناوچەی گرنگی شارەکە بە یەکەوە دەبەستێتەوە، کە هاتوچۆ بۆ هەزاران کارمەندی ناوەندی زانیاری و بەشەکانی دیکەی شارەکە ئاسان دەکات.
باس لەوەشکراوە، ٣٠٪ـی کارەبای ئەو میترۆیە لە ڕێگەی خۆرەوە دابین دەکرێت، تاوەکو قەرەباڵغی و دووکەڵی ئۆتۆمبێلەکان کەم ببێتەوە، ئەوەش لایەنی ژینگەیی پرۆژەکە دەگەیەنێت.