ژنان لە بناری قەندیل سێ پێشەنگی کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریسیان بەبیرهێنایەوە

لە بناری چیای قەندیل بە پێشەنگایەتی ژنان و بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەرچاو، یادی ١٣ ساڵەی شەهیدکردنی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی بەرز ڕاگیرا، کە تێیدا جەخت لەسەر بەردەوامی تێکۆشان لەسەر ڕێبازی "ژن، ژیان، ئازادی" کرایەوە.

قەندیل

 

دوێنی ٨ی کانوونی دووەم، لە بناری چیای قەندیل، ئەنجومەنی ژنانی بناری قەندیل بە هاوکاری ئەنجومەنی گەل و شارەوانی ناوچەکە، بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنی ئازاد، تێکۆشانی شەهیدان دەگەیەنینە سەرکەوتن''، مەراسیمێکی شایستەیان بۆ ڕێزگرتن لە هەر سێ ژنە تێکۆشەری کورد ''ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز'' ڕێکخست، کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس لە ئەنجامی پلانگێڕییەکدا شەهید کران.

 

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و تێکۆشانی ژنان دەستی پێکرد، دواتر سینەفزیۆنێک لەسەر ژیان و مێژووی پڕ لە بەرخودانی ئەو سێ ژنە پێشەنگە نمایش کرا، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئامادەبووان هەبوو.

 

"ئەوان نوێنەرایەتی سێ نەوەی تێکۆشانیان دەکرد"

سەروین جەلال، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژنان لە بناری قەندیل، لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر مێژووی تێکۆشانی ئەو سێ ژنە و وتی: "شەهیدکردنی سارا و هاوڕێیانی، هەوڵێک بوو بۆ لێدانی ئیرادەی ژنی کورد، چونکە ئەو سێ ژنە نوێنەرایەتی سێ نەوەی جیاواز و سێ بوارە گرنگەکەی شۆڕشیان دەکرد، لە دامەزراندن و زیندانەوە تا دیبلۆماسی و بزووتنەوەی گەنجان".

 

ئاماژەی بەوەش کرد، کە دەوڵەتی داگیرکەر ویستی بەم تیرۆرە ترس بخاتە دڵی ژنانی تێکۆشەرەوە، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە هەزاران ''سارا' و ''ڕۆژبین'' و ''ڕۆناهی'' لە چیا و شارەکاندا خەریکی تۆڵەکردنەوەن و ئاڵای ئازادییان بەرز کردووەتەوە.

 

''سێ سیمبولی نەمر لە مێژووی ژندا''

جارێکی تر لە مەراسیمەکەدا کورتەیەک لە مێژووی ئەو سێ ژنە پێشەنگە بۆ ئامادەبووان شیکرایەوە:

ساکینە جانسز ''سارا'': دامەزرێنەری تەڤگەری ئازادیی ژنان و سیمبولی خۆڕاگریی زیندانی ئامەد، کە بە "ژیانی من هەمووی شەڕ بوو" بووە ئیلهامبەخشی ملیۆنان ژن.

 

فیدان دۆغان ''ڕۆژبین'': دەنگی ڕەوای گەلی کورد لە ئەورووپا و دیبلۆماتکارێکی لێهاتوو کە ژیانی خۆی بۆ ناساندنی دۆزی کورد تەرخان کرد.

 

لەیلا شایلەمەز ''ڕۆناهی'': نوێنەری نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گەنجان، کە بە وزە و جۆش و خرۆشییەوە بووە نموونەی گەنجانی شۆڕشگێڕ.

 

مەراسیمەکە بە دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "شەهید نامرن" کۆتایی هات، هەروەها ژنانی ناوچەکە پەیمانیاندا تا بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەو شەهیدانە، دەست لە تێکۆشان هەڵناگرن.