ژنان دەیانەوێت هەنگاو بۆ ئاشتی بنرێت
ئەو ژنانەی کە بەشدارییان لە گردبوونەوەی 'بۆ ئازادی و ئاشتی' لە ئامەد کردووە، داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن و دەڵێن: دەبێت هەموو لایەک پشتیوانی لە پڕۆسەکە بکەن.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2025/02/20250210-md-jpg5a22df-image.jpg)
مەدینە مامەدئۆغڵو
ئامەد- پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل "دەم پارتی"، لە ٨ی شوبات لە گۆڕەپانی وێستگەی ئامەد گردبوونەوەیەکیان بە ناوی "بۆ ئازادی و ئاشتی" ئەنجامدا، هەزاران کەس پانکارتیان بەدەستەوە بوو، وتاریان پێشکەش کرد و دروشمیان بەرزکردەوە و داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کوردیان دەکرد.
لە گردبوونەوەکەدا کە هەزاران کەس بەشدارییان تێدا کردبوو، بانگەوازێک بۆ چارەسەر کرا، خەڵک بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە داواکارییەکانی خۆیان بۆ ئاشتی دەربڕی و ئەو سیاسەتمەدارانەی کە لە گردبوونەوەکەدا قسەیان کرد، داوای کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی سەر ئیمراڵییان کرد و داوایان کرد هەنگاوی بنچینەیی بنرێت، لەو هێرشەدا کە دوای گردبوونەوەکە ڕوویدا، ٥ کەس برینداربوون کە دایکانی ئاشتیشیان تێدایە و ژمارەیەکی زۆر گەنجیش لێیان درا و دەستبەسەر کران، ئەو ژنانەی بەشداری گردبوونەوەکەیان کردبوو قسەیان بۆ کردین.
'پێویستە هەموو کەسانی بەرپرسیار هەنگاو بنێن'
ئاسییا تای، دایکی ئاشتی خەڵکی سیلۆپی کە بەشداری گردبوونەوەکە بوو، ڕایگەیاند کە دایکان ساڵانێکە لە پێناو ئاشتیدا خەبات دەکەن و هاتوونەتە گردبوونەوەکە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەم داواکارییە دەرببڕن و وتیشی: لێرەوە داوای چارەسەر لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکەم، ئێمە دەڵێین بەسە خوێن و کۆمەڵکوژی و شەڕ، با ئێستا ئاشتی هەبێت، نابێت کەس پشتگیری شەڕ بکات، ئەم بانگەوازە بۆ هەموو لایەک دەکەین، پێویستە هەموو لایەنە بەرپرسەکان هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی چیتر دڵی دایکان نەسووتێن، با ئاشتییەکی دڵسۆزانە و پاک و تەندروست جێگیر بێت، با بە بەڵێنی ئاشتی فریو نەخۆین و جارێکی تر شەڕ نەکەین، ئێمە شەڕێکی لەو شێوەیە قبوڵ ناکەین، با ئەوانەی لە برایەتی و مرۆڤایەتی تێدەگەن لەم پرۆسەیەدا هەنگاو بنێن، چیتر نابێت پرسە لە ماڵی هیچ کەسێک هەبێت، لە لایەکەوە دایکانی ڕۆژئاوا مردووەکانیان دەنێژن، لە لایەکی دیکەشەوە دژی شەڕ بەرخۆدان دەکەن، هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ داوای ئاشتی دەکەن دەبێ گوێ لەم بانگەوازە بگرن، بەڵام وەک وتم ئاشتییەکی سەقامگیر و متمانەپێکراومان دەوێت، با بە باوەڕ و خۆشەویستی خۆمان ئەم پرۆسەیە بنیات بنێین، تا چیتر دڵی هیچ دایکێک نەشکێت.
'دەبێت ژیانێکی ئارام و هاوسەنگ بونیاد بنرێت'
ئەسرا تاش ڕایگەیاند کە ئەوان لەسەر زەوین بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ ژنان و منداڵان و گەلان و جەختی لەوە کردەوە کە ئاشتی تەنها وشەیەک نییە و داوای هەنگاوی بنچینەیی کرد، هەروەها ڕایگەیاند کە وڵات لەم پرۆسەی قەیرانەدا زۆرترین پێویستی بە ئاشتی هەیە و بۆچوونی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: ئێمە دەمانەوێت بە ئازادی بژین و زمانی زگماکی خۆمان بەکاربهێنین و لە وڵاتێکدا بژین کە هیچ کێشەیەکی ئابووری نەبێت، ڕێگای ئەمەش بە دڵسۆزیی دەبێت، بە تایبەتی پێویستە دەسەڵات بە دڵسۆزیەوە لەسەر مێزەکە دابنیشێت و ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی دیپلۆماسی چارەسەر بکات، ئێمە تەنها ئاشتیمان بۆ گەلی کورد ناوێت، تەنها کێشە نییە بۆ گەلی کورد، لەم بوارەدا خەبات بۆ ژینگەیەک دەکەین کە هەموو مرۆڤەکان بتوانن داواکارییەکانی خۆیان دەرببڕن، ئێمە هاتووین بۆ ئێرە بۆ ئەوەی هەلومەرجی ئازاد بۆ هەموومان دروست بکەین بۆ ئەوەی پێکەوە بژین، هەروەها ئێمە لێرەین بۆ کۆتایی هێنان بە کوشتنی ژن و منداڵ، ئێمە لێرەین بۆ بوژاندنەوەی ئەم یاسایانە و پاراستنی ژیانی ژنان، لێرەوە جارێکی تر دەڵێین کە ئێمە دژی قەیوم و و دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەمانداین، ئێمە لە پێناو ئیرادەی خۆمان، زمانی دایکی خۆماندا دەوەستینەوە و بەردەوام دەبین لە بانگەوازی ئاشتی.
'بڕیاردان بۆ ئاشتی، لەلایەن ڕێبەری گەلی کوردەوەیە'
هەڤرین تورک لە ماردینەوە بەشداری گردبوونەوەکەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بڕیاردان بۆ ئاشتی، لەلایەن ڕێبەری گەلی کوردەوەیەو و وتی: لەم پرۆسەیەدا ئێمەی ژنان پێمانوایە دەبێت هەنگاوی بنچینەیی بۆ ئاشتی بنرێت، ئێمە زۆر باش دەزانین کە شەڕ سەرکەوتن بۆ هیچ لایەک ناهێنێت، بەم گردبوونەوەیە خەڵک لێرەن بۆ هاوارکردنی داوای ئاشتی، گەل زۆر باش دەزانێت ڕێگای ئاشتی بە ئیمرالیدا تێدەپەڕێت، کەس چێژ لە شەڕ نابینێت، ساڵانێکە خەبات دەکەین بۆ ئاشتی، ئەوانەی زۆرترین کاریگەری شەڕیان لەسەرە، ژنانن، لەم خاڵەدا دەزانین کە ژنان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە ئاشتیدا، ژنان ساڵانێکە ئەم ڕۆڵە بەجێدەهێنن و لەم کاتەدا گرنگی بە ژیانی ئازاد و ژنان دەدەن، ئاشتی بە دەستێک دروست ناکرێت کە بە چەقۆ لێی بدرێت، دەبێت خەبات بۆ ئاشتییەکی باش بکرێت.
'جەنگ بۆ کۆمەڵگە باش نییە'
لە کۆتاییدا ئایشە ئایدن ڕایگەیاند کە شەڕ بۆ کۆمەڵگە باش نییە و داوای لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کرد داواکارییەکانیان بۆ ئاشتی بخەنە دەنگ، و وتی: بۆ ئەوەی شەڕەکە بوەستێنین، سەرەتا دەبێت یەکبگرین، ئەمە کێشەیەکی سەد ساڵەیە، ئەگەر یەکگرتوو نەبین و ئومێدمان لەدەست بدەین و هەنگاوێک بۆ دواوە بچینە دواوە، ئەم پرسە چارەسەر نابێت، پێویستە هەموو ڕێکخراوە ناحکومییەکان و لایەنە سیاسییەکان باوەڕیان بەم هەنگاوە هەبێت و پشتیوانی لێبکەن، دەبێت دەستبەجێ ئەم پرسە چارەسەر بکرێت، من وەک ژن و دایکێک هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی منداڵەکانمان لە داهاتوودا بەو ئازادی و ئارامییە بژین کە هەرگیز نەمانبینیوە، پێویستە هەموو کەسێک لە ناوچەی خۆی پشتگیری ئەم داواکارییە بکات، شەڕەکە هەم هەژاری و هەم مردنی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی ئێستا شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیانی زیاترە نەک سوود، مردنی ژن و منداڵ زۆر بەرز بووەتەوە، لەوێ زیانی زیاتر هەیە، مرۆڤایەتی تووشی ڕووداوی زۆر جددی دەبێت کە دەچێتە مێژووەوە.