ژنان: دەبێت بەربەستەکان تێکبشکێنین

ژنان لە ئاهەنگی ٨ی ئادار لە بەردەقارەمان پیرۆزبایی ٨ی ئاداریان لە سەرجەم ژنانی جیهان کرد، دەڵێن دەبێت کۆتایی بە توندوتیژییەکان دژی ژنان بێت، ژنانیش دەبێت زیاتر کاربکەن و ببنە خاوەن کاری خۆیان.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانی ژنان ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە بەردەقارەمان ئاهەنگێکیان ئەنجامدا، تێیدا ژنان لە زۆرینەی ناوچەکانەوە هاتوون، بە خۆشی و هەڵپەڕێکی یادی ڕۆژی جیهانی ژنانیان کردەووە، پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنانی جیهان دەکەن.

 

ڕێزان عەسکەر، دایکی شەهید گەرمیان، شەهیدی ١٧ شوبات و لە چەمچەماڵەوە بۆ ئاهەنگەکە هاتووە، پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنان کرد، "پیرۆزبایی لەسەرجەم ژنان دەکەم، بەتایبەت ئەو ژنانەی لەپێناو ئازادی تێدەکۆشن".

 

ڕێزان عەسکەر دەخوازێت، ٨ی ئادار ببێتە هەوێنی کۆتایی هاتنی نەهامەتییەکانی ژنان و دەڵێت "ژن زۆر لەوە گەورەترە کە بە ناوی شەرەفەوە تیرۆر بکرێت".

 

ڕێواس حەسەن ژنێکی ٤٤ ساڵە، دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت، دەڵێت "دەبێت ژنان مافەکانی خۆیان بەدەستبهێنن، کوشتن و سوتاندن نەمێنێت، ئەو تاوانە دوورە لە کەلتوری کورد و دینەوە، ئەوە ناڕەواییە".

 

"دەبێت ژنان بەربەستەکان تێکبشکێنن"

پەیام ئەحمەد، ژنێکی گەنجی ٢٠ ساڵ، پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنان دەکات، جەخت لەوەشدەکاتەوە کە دەبێت ژنان کاتێک توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجامدرا بێدەنگ نەبن، دەبێت یاساکانیش بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکانی ژنان بەکاربێن، "لەو وڵاتی ئێمە دەڵێن دەبێت ژن هەر ئیشی ماڵەوە بکات، بەڵام دەبێت ئەو بەربەستە بشکێنین، بۆ ئەوەش نابێت ژنان لە ئاستی توندوتیژییەکان بێدەنگ بن".

 

ئیمان عەلی تەمەنی ٤٥ ساڵە، دانیشتووی سلێمانییە و هاتووە نمایشی کارە دەستییەکانی بکات، کە کڵاو، ملوانکە و مێخەک دەچنێت، دەڵێت "ئێمەی ژنان هەین، دەبێت ژنایەتی خۆمان بسەلمێنین و لەسەر پێی خۆمان بوەستین".

 

ئەو باس لەوەدەکات، پێشتر ژنان ڕێگەیان پێنەدراوە کاربکەن، پێویستییان بە پاڵپشتێک هەبووە، بەڵام ئێستا ژنان دەتوانن کاربکەن، بەهرە و هونەرەکانیان نمایش بکەن.

 

خۆپەروەردەکردن هەنگاوی یەکەمی پێشکەوتنی ژنانە

سوهام مەحمود ژنێکی دیکەیە، لە گەرمیانەوە هاتووە بۆ ئاهەنگەکە، خۆپەروەردەکردنی ژنان بە هەنگاوی یەکەمی پێشکەوتنی ژنان دەزانێت تا ژنان بتوانن بە ئازادانە بژین، "ژنان ئێستا خاوەن کاری خۆیانن و ئەوەش جێی دڵخۆشییە".

 

یاسەمین خەلیل، خەڵکی کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانە، ڕۆژی جیهانی ژنان بە پیرۆز دەبینێت، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە دەبێت ژنان کاربکەن و لەپێناو داهاتوو خەبات بکەن، ژنان مافیان هەیە و نابێت بێڕێزیان بەرامبەر بکریت.

 

ت.پ